رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پەرلەمانتارێک: وەزیرى خوێندنى باڵا زانکۆکانى عێراقى بە ئێران فرۆشتووە
سەجاد سالم پەرلەمانتاری عێراقى دەڵێت، نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنى باڵا سەرۆکایەتى زانکۆکانى عێراقى هانداوە سکاڵام لەسەر تۆماربکەن لەبەر ئەوەى رەخنەم لێگرتووە و دادگاش نوسراوى کردووە بۆ پەرلەمان تا پارێزبەندیی لێوەربگرنەوەى تا بتوانن دادگایی بکەن.
بەگوێرەى گوتەکانى، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردەوەتەوە پێشتر رەخنەى لە هەژموونى کۆماری ئیسلامی ئێران گرتووە بەسەر زانکۆکانی عێراقەوە، رەخنەکەى لەسەر گوتەیەکى وەزیری خوێندنى باڵاى عێراق بووە کە گوتوویەتى ئەو جەنگەى لە فەلەستین و لوبنان بەڕێوەدەچێت وەک پشکنینى -DNA- وایە بۆ ئەوەى بزانرێت کێ منداڵ و نەوەى شەرعیی ئومەى عەرەبی و ئیسلامییە، منیش گوتوومە ئەمە هەژموونى تەواوى ئێرانە بەسەر خوێندنى باڵاوە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە عەبودی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانى عەسائیبى ئەهلی حەق و لەکاتى دیاریکردنیدا وەک وەزیر ناڕەزایەتى زۆری لێکەوتووەتەوە، ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند عەبوودى زانکۆکانى عێراقى فرۆشتووە بە ئێران.

عەرەب
لەکۆتا رۆژى ئاگربەستەکەدا ئیسرائیل رێگریی لە گەڕانەوەى گوندنشینانى لوبنان دەکات
ئەمرۆ کۆتا رۆژى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاى لوبنان بوو کە بەهۆی هەوڵەکانى ئەمریکا و فەرەنساوە هاتە بەرهەم، بەڵام هەندێک لە بەندەکانى جێبەجێ نەکراو هەر لایەکیش ئەوى دیکەى تاوانبار دەکرد، ئیسرائیلیش ناو و نەخشەى ئەو گوندانەى لوبنانى بڵاوکردەوە کە هاووڵاتیان بۆیان نییە بگەڕێنەوە ناوى تاکاتێکى نادیار، بەگوێرەى رێککەوتنەکە دەبوو حزبوڵاى لوبنان لەوناوچانە بکشێتەوە کە دەکەوێتە باشوورى روباری لیتانى و چەک و تەقەمەنى و سەربازیی ئەوانى تێدا نەمێنێت و سوپاى فەرمی لوبنانى تێدا نیشتەجێ ببن. ئیسرائیلیش بەگوێرەى نەخشەیەک لەو دەیان گوندە بکشێتەوە کە داگیریی کردوون. بەڵام ئەم خاڵە نەچووە بوارى جێبەجێکردنەوە، شەوى رابوردوش سوپاى ئیسرائیل ناو و نەخشەى ئەو گوندانەى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا کاتێکى نادیار هیچ هاووڵاتییەک سەردانیان نەکات.
جەریدە
هەواڵگریی ئەمریکا رێگربوو لە تەقاندنەوەى گڵکۆی سەیدە زەینەب لە سوریا
دواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆی گەڕانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، لەڕێگەى چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتى و سایت و پەیجی نەناسراوەوە کێشەو گرفتى ئەمنى لە بەشێک لە پارێزگانى سوریا دروستبوو.
سۆشیاڵ میدیا نەناسراوەکان و ئەوانەى کە لایەنگریی رژێمی پێشووبوون دەنگۆی گەڕانەوەى ماهیر ئەسەدیان بڵاوکردەوە، کە بە پشتیوانى روسیا سوریا کۆنترۆڵ دەکاتەوە تا لەو رێگەیەوە کێشە و ئاڵۆزیی دروستبکەن، بەڵام هەرزوو ساجدئەڵا دیک یەکێک لە بەرپرسەکانى وەزارەتى بەرگریی ئەم هەواڵانەیان رەتکردەوە و هێزی سەربازییان رەوانەى ئەو پارێزگایانە کرد کە گومانى ئەوەیان لێدەکرا کێشەى تێدا دروست ببێت.
وەزارەتى بەرگریی راگەیاند، لە بەیاننامەیەکدا رونیان کردەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک دەنگۆ بڵاوبوونەتەوە کە هیچ بنەمایەکیان نییەو ئامانجیان هەڵگیرسانى جەنگی ناوخۆییە لە سوریا، رۆژنامەى واشنتن پۆستیش بڵاویکردوەتەوە بەهۆی زانیارییەکانى هەواڵگریی ئەمریکاوە لەسەرەتاى ئەم مانگەدا رێگریی کراوە لە نەخشەیەکى داعش کە ویستوویانە گۆڕ و گڵکۆی سەیدە زەینەب لە دیمەشقى پایتەخت بتەقێننەوە.

عەرەبی جەدید
پاشماوەکانی رژێمەکەى ئەسەد هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ تێکدانى سەقامگیریی سوریا
پاشماوەی چەکدارانى رژێمە روخاوەکەى بەشار ئەسەد، بەردەوامن لە هەوڵەکانى تێکدانى سەقامگیریی و نانەوەى پشێویی لە سوریا، بەتایبەت لە ناوچە کەناراوەکانى پارێزگای لازقیە، کە بە شوێنى بنەماڵەی ئەسەد ئەژماردەکرێت. هێشتا بارودۆخی ئەمنی سوریا لەژێر قەڵەمڕەوی ئیدارەى نوێی سوریا بە تەواوەتى ئارامیی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، سەرەڕای بەردەوامیی هێزە ئەمنییەکانى ئەو ئیدارە نوێیە بۆ گەڕان و پشکنین و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنى داواکراوان و پاشماوەى ئەو چەکدارانەى رژێمی پێشوو، بەڵام هێشتا ئەو چەکدارانە جێگەى مەترسیین .
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
یەکەم پەیامی ئۆمید ئۆزداغ لە زیندانەوە دەربارەى ئۆجالان بوو
لەپاش ئەوەی هەفتەى رابردوو بەهۆی بیروبۆچونەکانییەوە ئومید ئۆزداغ سەرۆکی گشتیی زەفەر پارتی زیندانیی کرا، لە گرتوخانەى سلیڤری لە ئیستەنبوڵ یەکەم پەیامی خۆی لە رێگەى پلاتفۆڕمی ئێکسەوە راگەیاند. ئۆزداغ دەڵێت ئەو کەسەی لەبەر رەخنەکانم لەسەر عەبدوڵا ئۆحالان منی خستۆتەزیندانەوە، هەمان کەسە کە دەیەوێت ئۆجالان لەزیندانی ئیمراڵییەوە بهێنێتەدەرەوە.
ئۆزداغ لە ماوەى رابردوودا رەخنەى توندی لە سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرت بەوەی دیدارەکانی لەگەڵ ئۆجالان دەستپێکردۆتەوە.

قەرار
ئەردۆغان: ئامانجمان ئەوەیە هەڵبژاردنی داهاتوو زیاتر50 %ـى دەنگەکان بەدەستبهێنین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاندیدبونەوەى لە هەڵبژاردنى پەڕلەمانی و سەرۆکایەتیدا لە 2028 رایگەیاند.
ئەردۆغان دەڵێت، ئامانجمان ئەوەیە لە هەڵبژاردنی 2028 دا زیاتر لە 50٪ـى دەنگەکان بەدەستبهێنینەوە.
ئەردۆغان راشیگەیاند، پارتەکەیان خواستی ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی 2029 دا لایەنی کەم لە سێ گەورەشارەوانیی دوانیان بەدەستبهێنین.

یەنی بیرلیک
فیدان لە بەغداد دۆسیەى ئەمنی و پڕۆژەى گەشەپێدان تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغداد و لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقیەکەی کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەى بەرنامەى سەردانەکەى فیدان لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە.
ئەجێندانی کۆبونەوەکانی فیدان لەگەڵ بەرپرسانی عیراق لەسەر دۆسیەى پەکەکە و دۆسیەى پڕۆژەی رێگەى گەشەپێدان دەبێت.
فیدان داوای هەماهەنگی زیاتری روبەڕووبونەوەى پەکەکە لەنێو خاکی عیراق دەکات و هاوکات داوا دەکات کارەکانی پڕۆژەى هێڵی گەشەپێدان خێراتر بکرێت.

ئەڤرەنسەل
نرخی پشکنینی نەخۆش 750 %زیادی کردووە
لە نەخۆشخانە حکومییەکان نرخی پشکنینی نەخۆش بە رێژەى 750٪ زیادیکردووە.
پێشتر بڕی شەش بۆ هەشت لیرە لە نەخۆش وەردەگیرا بۆ پشکنین، لەئێستادا بڕی 45 لیرە وەردەگریت بەمەش نرخەکە بە رێژەى سەدا 750 زیاد بووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
مۆرنینگ ستار
مامۆستایەک غەمبارە؛ دەڵێت لە کەرتی غەزە وەچەیەکمان لەدەستدا
ئەسما موستەفا مامۆستایەکی خەڵکی غەزەیە، لە کاتی ئاوارەبوونی ناو کەمپەکاندا وانەی بە هەزاران منداڵ گوتووە. لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئەم رۆژنامەیەدا دەڵێت، کە منداڵانی ئەو کەرتە تووشی تراوما بوون، نەخۆشییەکی ترس و تۆقینیان گرتووە، کە هەرگیز ناتوانن لێی چاکببنەوە. ئەم مامۆستایە لەماوەی 15 مانگی شەڕەکەدا هەوڵیداوە ئەو کۆمەڵکوژییەی روویدا، پاکی و بەرائەتی منداڵەکان نەشێوێنێت.
ئیریش نیوز
شۆفێرێک بەختی باش بوو، لە کارەسات رزگاری بوو
ژنە شۆفێرێک لە کاتی زریانەکەدا ئۆتۆمبێلەکەیی لێدەخوڕی، بەهۆی تووندیی زریانەکەوە، لە کاتی رۆشتنیدا دارێکی گەورە کەوت بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا. روداوەکە لە شاری بەلفاست بوو، هەر لەو شارە و لە ناوچەی کۆدۆنگڵ کەسێکی تر بە هەمان هۆکار گیانی سپارد.
بەهۆی ئەو زریانە سەختەوە، کە ناوچەکانی باکوور و باشووری ئێرلەندەی گرتەوە 900 هەزار ماڵ کارەبایان لێبڕا. ئەو ناوچەیە هەتا ئێستاش لە قۆناغی هۆشداریی ئاستی سووردایە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
مەسک پشتیوانی لە راستڕەوە پەڕگیرەکانی ئەڵمانیا دەکات
ئیلۆن مەسک ئەو ملیاردێرە ئەمریکییەی کە بووە بە جێگەمتمانەی دۆناڵد ترەمپ، لە مانگی کانوونی یەکەمی رابوردوودا و لە رێگای ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەوە رستەیەکی شەش ووشەیی بڵاوکردۆتەوە، ئەو رستەیە بووە بە هۆی وروژاندنی شەقامی سیاسیی ناو ئەڵمانیا.
مەسک نوسیبووی تەنها ئەی دی ئێف دەتوانێت ئەڵمانیا رزگار بکات. مەبەست لە ئەی دی ئێف پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیایە. کە پارتێکی راستڕەوی پەڕگیری ئەڵمانییە و داوای ناردنەدەرەوەی پەنابەرە نایاساییەکان دەکات، دەیەوێت وڵاتەکەیان لە یەکێتیی ئەوروپا بچێتە دەرەوە و بداتە پاڵی رووسیاوە.

عەرەب نیوز
200 زیندانیکراوی فەلەستینی گۆڕدرانەوە بە چوار سەربازی ئیسرائیلی
70 کەس لە زیندانییە ئازادکراوەکان گوازرانەوە بۆ میسر. رەنگە هەندێکیشیان روو لە وڵاتانی تر بکەن.
چوار سەربازی کچی ئیسرائیلی لەو هێرشەی حەماسدا دەستگیرکرابوون، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕەکەی غەزە درانەوە بە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی. پاش ئەوە ئیسرائیل 200 زیندانیکراوی فەلەستینیی ئازادکرد. ئەم کارە بوو بە بەشێک لە پەیڕەویکردن لە ئاگربەستی نێوانیان. دیلە ئیسرائیلییەکان دڵخۆش بوون، پێدەکەنین، سڵاویان دەکرد، لەسەر سەکۆیەک وەستابوون کۆمەڵێک سەربازی ماسک بەستوویان لەگەڵدابوو، کە فەلەستینی بوون، ئەمە مانای وابوو، کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارە فەلەستینییەکاندان. خزمەتگوزاریی کەرتی زیندانەکانی ئیسرائیلیش پاش ئەوە رایگەیاند، کە 200 کەسی فەلەستینیی ئازادکردووە، کە 121 کەسیان حوکمی زیندانیکردنی هەمیشەییان لەسەربووە، لەبەرئەوەی خەڵکی ئیسرائیلییان کوشتبوو.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
عێراق نایەوێت گرێبەستی غاز لەگەڵ ئێران درێژ بکاتەوە
کێشەکانی دابینکردنی غازی ئێرانی بووەتە هۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە عێراق و ئەم دۆخە وایکردووە عێراق دابینکردنی غاز لە ئێرانەوە بە مەترسیدار بزانێت و بەدوای بەدیلێکی دیکەدا بگەڕێت.
ئێران کە پێشتر دابینکەری سەرەکیی غازی عێراق بوو بەڵام بەهۆی کەمیی غازی ناوخۆیی و سزا نێودەوڵەتییەکان و قەرزەکانی عێراقەوە نەیتوانیوە پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە وەزیری نەوتی عێراق هۆشداریی داوە کە رەنگە هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بوەستێت.
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، کە تێچووی هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە قورسە و دابینکردنی بەردەوام نییە.
ئێستا عێراق بیر لە گرێبەستی غاز دەکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران لەم بوارەدا.

کەیهان
بەکارهێنانی کارەبای باڵیۆزخانەی هۆڵەندا ئەوەندەی 150 بنەماڵەی ئێرانە
باڵوێزخانەی هۆڵەندا لە تاران ئەوەندەی 150 ماڵی ئێرانی کارەبای بەکارهێناوە.
بەهای ئەم کارەبایە لە هۆڵەندا نزیکەی 10 هەزار دۆلارە بەڵام باڵیۆزخانەکە تەنها 340 دۆلاری داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆککۆماری ئێران داوای لە خەڵک کردووە بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەن و خەڵک تووشی سنووردارکردن و پچڕانی کارەبا دەبنەوە، بەڵام باڵیۆزخانەکان بەبێ سنوور کارەبا بەکاردەهێنن.
پەرلەمان خەریکی تاوتوێی پڕۆژەیاسایەکە بۆ ئەوەی بەکارهێنانی کارەبای باڵیۆزخانەکان سنووردار بکرێت یان تێچووی کارەبا بە نرخی وڵاتەکەی خۆیان حیساب بکرێت.

مەردوم سالاری
خۆبژێوی گەنم بووەتە هۆی قەیرانی ئاو
ساڵانێکە ئێران هەوڵی خۆبژێوی لە بواری کشتوکاڵ و بەتایبەت بەرهەمهێنانی گەنم دەدات بەڵام کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان و وشکەساڵییەکانی ئەم دواییە، کێشەی جددییان خستۆتە بەردەم کشتوکاڵ.
لە کاتێکدا جەختکردنەوە لەسەر خۆبژێوی گەنم بەردەوامە، زۆرێک لە ناوچەکان تووشی قەیرانی ئاو بوون و پێویستە ئاوی کەمتر بەکاربهێنن.
محەمەد جەواد عەسکەری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی پەرلەمان جەخت لەسەر پەرەپێدانی شێوازی نوێی چاندن دەکاتەوە و پێی وایە گۆڕینی شێوازی چاندن دەتوانێت چارەسەرێکی کاریگەر بێت.
هۆشداری دەدات لەوەی کە زیادەڕۆیی لە راکێشانی ئاو لە بیرەکانەوە سەرچاوەی ئاوی کەم کردووەتەوە و تێچووی بەرهەمهێنانی زیاد کردووە.

ئەبراری ئیقتسادی
هەناردەی فەرشی دەستی لە ئێران 80% دابەزیووە
عەبدوڵڵا بەهرامی بەڕێوەبەری نیشتمانیی بەرهەمهێنەرانی فەرشی دەستی ئێران، بە ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی فەرش گوتی، هەناردەی فەرش لە دوو ملیار دۆلار لە سێ دەیەی رابردوو بۆ 50 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی پیشەسازی فەرش کەمبوونەوەی ژمارەی فەرشچنەکان لە دوو ملیۆنەوە بۆ ملیۆنێک کەس.
سەرەڕای ئەوەی ئێران پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان لە بەرهەمهێنانی فەرشی دەستی بە شێوازی تەقلیدی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی لە وەستاکانی پیشەسازی، ئێستا کەوتۆتە دوای دراوسێکانی.