زووم..
ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغداد و لەگەڵ فواد حسێن هاوتا سیاسییەکەى کۆدەبێتەوە و دۆسیەى پەکەکە و پڕۆژەى گەشەپێدان تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى یەنی بیرلیک، هاکان فیدان لەگەڵ عەبدول لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیعاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژنامەکە نوسیویەتی ئەجێندانی کۆبونەوەکانی فیدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەسەر دۆسیەى پەکەکە و دۆسیەى پڕۆژەی رێگەى گەشەپێدان دەبێت.
فیدان داوای هەماهەنگی زیاتری روبەڕووبونەوەى پەکەکە لەنێو خاکی عیراق دەکات و هاوکات داوا دەکات کارەکانی پڕۆژەى هێڵی گەشەپێدان خێراتر بکرێت.
سەردانەکەى وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە ماوەى دوو مانگە دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردۆتەوە و سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو دەستپێکردنەوەى دیدارەکان بە ئامانجی کۆتاییپێهێنانە بە شەڕی تیرۆر.