زووم…
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەی یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی بەغداد دەکات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت، پرسی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بابەتی سەرەکیی سەردانەکە دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هیچی وای لەبارەی سەردانەکە نەدرکاندووە، بەڵام سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی گوتووە، فیدان لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆمار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکەی رۆیتەرز، لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و پرسە ئەمنییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە دەکرێت، تورکیا دەیەوێت عێراق پۆلێنکردنی پەکەکە وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی دووپاتبکاتەوە و لە خاکەکەی راوەدووی بنێت.
وەک ئەوەی رۆیتەرز دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لەسەر گرنگیی کارکردنی وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە دژ بە ویستەکانی پەکەکە لە بەدەستهێنانی شەرعییەت و زەمینەی لەبار.