زووم:
پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ی کانوونی یەکەمی 2022) بڕیاریدا یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتوو تایبەت بکات بە دەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتانەی کابینەکەی سودانی، کە تاوەکو ئێستا پڕنەکراونەتەوە.
مانگێک زیاترە کابینەکەی محەمەد سودانی متمانەی بەدەستهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پۆستی وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و ژینگە پڕنەکراونەتەوە، کە پشکی کوردن.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دراوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزارەتی ژینگەش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق، بڕگەی یەکەم تەرخاندەکرێت بۆ دەنگدان بە کاندیدانی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و ژینگە.
سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە زوومی گوت، بەنگین رێکانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتییە بۆ وەزارەتی ژینگە.
رۆژی 27ی 10ی 2022 پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشییە کابینە وەزارییەکەی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام پۆستی وەزارەتەکانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بە بەتاڵی مانەوە.
ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر پشکی کورد لە کابینەکەی سودانی، هۆکاربوون بۆ پڕنەکردنەوەی ئەو دوو پۆستە وەزارییە. تاوەکو لەکۆتاییدا رێککەوتن ژینگە بۆ یەکێتی و ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی بێت.
بەگوێرەی کارنامەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژەیاسایەک دەکرێت لەنێویاندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە