رۆژنامە عەرەبییەکان
زەمان
سبەینێ هاکان فیدان سەردانى بەغداد دەکات و پێدەچێت سەردانى هەولێریش بکات
وابڕیارە سبەینێ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا سەردانى بەغداد بکات و کۆمەڵێک دۆسیەى هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانى عێراق تاوتوێ بکات لە بوارەکانى ئابووری ، سیاسی و ئەمنی.
رۆژنامەکە نوسیویەتى گۆرانکارییەکانى ناوچەکە هەردوولاى ناچارکردوو بۆ پێکەوە کارکردن و هەماهەنگی لەنێوانیاندا.
لە لایەکی ترەوە جوک ئۆغڵو شرۆڤەکاری سیاسی تورکی رایگەیاندووە، سەردانەکەى هاکان فیدان پەیوەندیی بە هەماهەنگی هەواڵگریی لەنێوان عێراق و تورکیادا بۆ روبەڕووبوونەوەى پەکەکەوە هەیە، پێدەچێت هاکان فیدان دواى سەردانەکەى بەغداد سەرێکیش لە هەولێر بدات.
عەرەب
ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس بەهێز و جێگیر نییە
دواى پازدەمانگ لە جەنگی خوێناویی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، دواجار گەشتنە ئەو بڕیوایەى ئاگربەست رابگەیەنن.
ئیسرائیل لە چواردەوری غەزە کشایەوە، بەشێک لە گیراوەکان ئازادکران، هاوکاریی مرۆیی گەیەندرایە غەزە، بەڵام بەهۆی نەبوونى متمانەى دوولایەنە و شاراوەیی بڕگە و بابەتەکانى رێککەوتنەکە چاودێران پێیانوایە ئاگربەستەکە تۆکمەنییە و ئەگەرى ئەوەی هەیە لە هەر روداوێکدا هەڵبوەشێتەوە.
بەگوێرەى گوتەى چاودێران، ئەو ئاگربەستە ئەگەر بیانەوێت درێژی بکەنەوە ئەوا پێویستى بە دیاریکردنى خاڵ و مەرجى دیکە دەبێـت، بەتایبەتى لە کێشەى بەڕێوەبردنى غەزەى دواى جەنگ و مان و نەمانى بزووتنەوەى حەماس لەمپەرە سەرەکییەکانى بەردەم قۆناغى داهاتووی درێژکردنەوەى ئاگربەست دەبن.
عەرەبی جەدید
سبەی کۆتا رۆژى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاى لوبنانە
سبەینێ یەکشەممە 26ـى کانوونى دووەم کۆتا رۆژى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاى لوبنانە، بەڵام گەورەترین کێشە بوون و مانەوەى هێزە ئیسرائیلیەکانە لە باشوورى لوبنان ئیسرائیل نایەوێت بکشێتەوە هەرچەندە لوبنانیش بە فەرمی رەتیدەکاتەوە ئیسرائیل لە هیچ کوێیەکی وڵاتەکەیدا بمێنێتـەوە.
بنیامین نەتانیاهۆ رایگەیاند، تا دواى ئاگربەستەکەش ئیسرائیل لەوناوچەى لەژێر دەسەڵاتیدایە ناکشێتەوە، لەبەر ئەوەى ئەو ناوچانەى کە ئیسرائیلى تێدایە هێشتا بەفەرمی سوپاى لوبنانى بۆ نەهاتووە و بەشێک لە هێزەکانى حزبوڵاش نەکشاونەتەوە بە پشتى لیتانی، نەکشانەوە هێزەکانى ئیسرائیل لە باشوورى لوبنان بووەتە رێگر لە گەڕانەوى خەڵکى ناوچەکە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئیسرائیلیش نەکشانەوەکەى دەخاتە ئەستۆی سوپاى لوبنان لەبەر ئەوەى نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناچەیە. رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکى لوبنانییەوە بڵاویکردووەتەوە تا ئێستا سوپاى ئیسرائیل 40 گوندی باشوورى لوبنانى لەژێردەستدایە و بەتەماش نییە لەکۆتا رۆژى ئاگربەستەکەدا بکشێتەوە.

جەریدە
چاندنى ئەندامەکانى جەستە لە کوەیت پەرەدەسەنێت
ئەحمەد عیوەزی وەزیری تەندروستى کوەیت رایگەیاند، بەرنامەى پەرەپێدانى چاندنەوەى ئەندامەکانى گورچیلە، جگەر، دڵ و پەنکریاس پەرەى سەندووە و کاریش بۆ چاندنەوەى سییەکان دەکەن، گەورەترین کێشەش چاندنەوەى گورچیلەیە، عیوەزی لە نێو کۆنگرەى چوارەمی چاندنەوەى ئەندامەکانى جەستەدا رایگەیاند، لەساڵی 2024 دا 149 گورچیلەیان چاندووەتەوە بەڕێژەى 96% پرۆسەکە سەرکەوتووبووە و نەخۆشخانەیەکیان کردووەتەوە کە لەیەک کاتدا جێگەى 80 نەخۆش دەگرێتەوە، لە هەمان کاتدا راشیگەیاندووە، بەگوێرەى یاسا کارئاسانییان کردووە بۆ ئەو کەسانەش کە ئەندامانى جەستەیان دەبەخشن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردوو 10%ـى دانیشتوانى جیهان کێشەى گورچیلەیان هەیە و ملیۆنەها نەخۆش لەسەرانسەری دونیادا گیرۆدەى سیستى گورچیلەکانیانن زۆرینەى کێشەکەش وڵاتاتى تازەپێگەشتووى گرتووەتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
راپرسییەک: زۆرینەى خەڵکی تورکیا لەگەڵ گۆڕینی دەستور لە پێناو ئەردۆغان نییە
لە نوێترین راپرسی ناوەندی “ئەرێنا” ئاشکرایکردووە، زۆرینەى خەڵکی تورکیا لەگەڵ هەموارکردنەوەى دەستوور بۆ کاندیدبونەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆماریدا نییە.
راپرسییەکە لە13 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامدراوە و بۆچونی 2000 کەس وەرگیراوە.
لە راپرسییەکەدا 65.3٪ـی بەشداربوان دەنگیان بە نەخێر داوە بۆ گۆرینی دەستوور لەپێناو کاندید بونەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ خولێکی دیکەى سەرۆککۆماریی.
تورکیا
ژمارەى ئۆتومبێلی کارەبایی زیاد بووە
لە تورکیا و باکووری کوردستان ژمارەى ئۆتومبێلی کارەبایی زیاد بووە، بەهۆی گرانیی بەنزین و گازوایل خواستی هاووڵاتییان بەلای کڕینی ئۆتومبێلی کارەبایی زیاترە.
تورکیا بەنیازە زیاتر مۆدێلەکانی ئۆتومبێلی کارەبایی لە جۆری تۆگ کە دروستکراوی تورکیایە زیاد بکات. کە زۆینەى خەڵکی تورکیا تۆگ بەکاردەهێنن.
بەگوێرەى ئامارێک لە ماوەى ساڵێکدا خواست لەسەر کڕینی ئۆتومبێلی تۆگ لە جۆری کارەبایی بە رێژەى 129.6٪ زیاد بووە و 183 هەزار و 776 کەس ئۆتومبێلی تۆگ بەکاردەهێنن.
تورکگون
ساڵی پار 35% ـى یەکەکانی نیشتەجێبون لەلایەن ژنانەوە کڕدراون
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا لە ساڵی 2024 دا یەک ملیۆن و 474 هەزار و 25 یەکەی نیشتەجێبون لەسەرتاسەری تورکیا فرۆشراوە.
بەگوێرەی ئامارەکە لە ساڵی 2024 دا بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر کڕینی یەکەى نیشتەجێبون لەلایەن ژنانەوە بە رێژەى29٪ زیاد بووە و گەیشتۆتە 571 هەزار و528 یەکەی نیشتەجێ بوون. کە دەکاتە 35٪ـى تەوای ئەو یەکانەى لە 2024 دا فرۆشراون.

یەنی سۆز
سوریا دەبێتە یەکەم هاوبەشی بازرگانی تورکیا
بەگوێرەى راگەیەنراوێکی وەزارەتی بازرگانی تورکیا، سوریا دەبێتە یەکەم هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ تورکیا.
وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا چاو بە سیاسەتی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەخشێنینەوە تاکوو بازرگانی و بازاڕی ئازاد لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستەبەر بکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەى باج و ئاسانکاریی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
رۆژنامە فارسییەکان
جامی جەم
ئێران و روسیا هاوکارییە ئەمنیەکانیان پەرەپێدەدەن
سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزشکیان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی روسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران و روسیا تەسلیمی زیادەڕەوییە جیهانییەکان نابن.
پزشکیان بە ئاماژەدان بە رێکەوتنی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵات رایگەیاند، کە ئەم بەڵگەنامەیە لە بواری ئەمنی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و سەربازی داڕێژراوە.
رێکەوتنەکە هاوکاریی ئەمنی لەخۆدەگرێت بۆ پاراستنی ئاشتی ناوچەکە و چەندین بڕگەی ئابووری سەبارەت بە پەرەپێدانی گواستنەوە و وزە و بازرگانی.
بە گوێرەی رێکەوتنەکە ئێران و روسیا هاوکاری هێرشبەران نابن ئەگەر هێرش بکرێتە سەر یەکێک لە لایەنەکان. هەروەها جەختی لە فراوانکردنی هاوکاریی بەرگری و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی کردەوە.

جەوان
80%ـی سەگی ماڵی بڕوانامەی تەندروستیان نییە و هەڵگری نەخۆشین
لە ئێراندا بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی بەتایبەت سەگ زیاتر بووە، بەڵام کلتوری گرنگیدان بە تەندروستی ئەوان کەمتر گرنگی پێدراوە.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، تەنها 20٪ـی خاوەن سەگەکان بڕوانامەی تەندروستی بۆ ئاژەڵەکانیان وەردەگرن و زۆربەی خەڵک سەگ بەخێو دەکەن بەبێ ئەوەی رەچاوی پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکانیان بکەن.
ئەگەر سەگەکان نەخۆش بکەون خەڵک وازیان لێدەهێنن و ئەم ئاژەڵە جێهێڵراوانە بە سەگی بێسەرپەرشت دادەنرێن، شارەوانیش بەرپرسیارە لە کۆکردنەوە و راگرتنیان لە پەناگە یان کوشتنیان لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی چارەسەرنەکراو.
پێویستە شارەوانییەکان رێوشوێنی جددیتر بگرنەبەر بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە.

ئارمانی میللی
بەنداوەکانی ئێران تووشی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو بوونەتەوە
کەمیی بارانبارین لە ئێران و بەتایبەت ناوچەکانی ناوەڕاست، قەیرانی ئاوی لە رادەبەدەری لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆخی بەنداوە گرنگەکانی ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو، کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاویان هەبووە.
هەروەها ئاستی پڕکردنەوەی بەنداوەکانی ئێران بۆ 43٪ دابەزیوە و ا 57٪ قەبارەی بەنداوەکان بەتاڵە.
جگە لەوەش هاتنی ئاو بۆ بەنداوەکان بە رێژەی 5٪ کەمی کردووە بەڵام بەکارهێنانی ئاو بەردەوام لە زیادبووندایە.
ئەم دۆخە دەبێتە هۆی پێشبینی هاوینێکی سەخت بۆ دابینکردنی ئاو.

ئەبرار
پڕۆژەی پەیوەندیی هێڵی ئاسنینی ئێران و عێراق دوای 20 ساڵ دەستیپێکرد
پرۆژەی پەیوەندیی شەمەندەفەری ئێران و عێراق دوای دوو دەیە چاوەڕوانی، بە ئامادەبوونی وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی شار دەستیپێکرد و تێرمیناڵی سنووری شەمەندەفەر لە شەلەمچە دامەزرا.
فەرزانە سادق، وەزیری رێگاوبانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە تەنها پڕۆژەیەکی فیزیکی نییە، بەڵکو پەیوەندییە جوگرافییەکان و ئاسایشی ناوچەیی باشتر دەکات.
هەروەها سادق رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە ساڵی داهاتوو ئامادەی بەکارهێنان دەبێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
لەوانەیە چاکسازییەکانی ترەمپ ببن بە نەخشەڕێگا بۆ وڵاتانی رۆژئاوا
لاپەڕە یەکی ئەم رۆژنامەیە وێنەی کۆمەڵێک پەنابەری نایاسایی تێدایە، کە دەستگیرکراون و بە زنجیربەستراونەتەوە، بۆ فڕۆکەیەکی سەربازی سەردەخرێن بۆئەوەی بنێردرێنە دەرەوەی ئەمریکا.
کارۆلین لیڤیت بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، سەدان کەس لەوانەی کە بە نایاسایی چونەتە ناو ئەمریکاوە و لەوێ تاوانیان ئەنجامداوە، دوێنێ لە پرۆسەیەکدا دەستگیرکراون و نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
چەند کەسایەتییەکی سیاسیی بەریتانییش دەڵێن، لەوانەیە بەریتانیاش سوود لەهەندێک لە ئەزموونە کاریگەرەکانی ترەمپ وەربگرێت.
سایمن کەیس سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیایە لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافدا دەڵێت، ئەوکارە بوێرانەیەی ترەمپ، کە بە ئاشکرا و لەپێشچاوی خەڵک کۆمەڵێک بریاری گرنگی ئیمزاکرد، شتێکە دەتوانرێت چاوی لێبکرێت.
تایمز
ریڤز دەڵێت بەریتانیاش پێویستی بە ژەمێک لە ئەرێنیبوونەکەی ترەمپ هەیە
رەیچڵ ریڤز، وەزیری دارایی بەریتانیا دەڵێت پێویستە بەریتانیا لە ترەمپەوە فێربێت ئەرێنی بێت، بۆئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە رووحە زیندووەکەی خۆی بکات، پێویستە گەشبین بێت و ئابوریەکەی خۆی بجوڵێنێت.
ریڤز گوتی باشترین رۆژەکانی ئەزموونی ئێمە هێشتا تێنەپەڕیوون، بەڵکو لەپێشمانەوەن، بۆیە پێویستە خەڵکەکانمان بچنە سەربانەکانی خۆیان و هاواربکەن و داوابکەن کە پێویستە بەریتانیا بەهێز ببێتەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
ترەمپ لێدوانێکی ئاگرین لەبارەی گرینلاند دەدات
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و میلانیای خانمی یەکەمی ئەو وڵاتە، دوێنێ بە فڕۆکەیەکی سەربازی سەرکەوتن. هەردووکیان پێکەوە لە سەرەتای گەشتێکدا بوون بەرەو ئەو ناوچانەی لە کارۆلاینای باکور زریانی بەهێز زیانی لێدابوون.
پەیامنێری فاینەنشیەڵ تایمز، کە لەوکاتەدا لە نزیکی ترەمپ بووە لێدوانێکی لە ترەمپ وەرگرتووە، کە گوتویەتی سوورە لەسەرئەوەی بە گفتوگۆیەکی ئاگرین لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی دانیمارکدا گرینلاند بگەڕێنێتەوە ژێردەستەڵاتی ئەمریکا.
ئامادەبووانی ئەو بۆنەیە دەڵێن، لە پاش بیستنی وەڵامەکەی مێت فریدریکسنی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک کە گوتویەتی گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە، ترەمپ تووڕەبووە.
یو ئێس ئەی تودەی
ئەو گردانەی کالیفۆرنیا هێشتا زێڕیان تێداماوە
دوو سەد ساڵ دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە کالیفۆرنیا زێڕ دۆزرایەوە، تائێستا ئەو ویلایەتە زۆرترین زێڕی ناو ئەمریکا بەرهەمدەهێنێت.
لە بەرەبەیانێکی رۆژی24/1/1848ـدا جەیمس مارشاڵ لەناو کالیفۆرنیادا شتێکی دۆزییەوە کە ئاراستەی داهاتی لەو ویلایەتەدا گۆڕی.
جەیمس دارتاشێک بوو، بەیانیی ئەو رۆژە لە دۆڵی (ئینا) لە نزیکی شارۆچکەی کەلۆما، کە شوێنێکی دوورەدەستی نیشتەجێبوونە لەلای زنجیرە چیاکانی سیێرانیڤاداوە ئەو دارتاشە چەند پارچە کانزایەکی زەردی بینی کە لەبەر تیشکی رۆژدا دەبریسکایەوە.
ئەوانە کڵۆ زێڕی بچکۆلە بوون، جەیمس دەڵێت، دڵم کەوتە پەلەپەل، دڵنیابووم ئەوانە هەموویان زێڕن. زۆری نەخایاند هەواڵەکە بە هەموو ئەمریکادا بڵاوبۆوە، بوەهۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچکردن بەرەو کالیفۆرنیا، ئیتر ئەو ویلایەتە بوو بە سەرچاوەیەک بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵاتەکە و رووی کلتووریی ناوچەکەشی گۆڕی.
لەوکاتەوە هەتا ئێستا، 177 ساڵە کالیفۆرنیا پێشەنگی ویلایەتە بەرهەمهێنەرەکانی زێڕە لە ئەمریکادا.