زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازی لە هەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد دەربارەی دۆخی سوریا و رایگەیاند، پێویستە حکومەت و دەستووری نوێی سوریا نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.
عەبدی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، قسەکانی گێیر پێدرسن لەبارەی چارەسەری سیاسی لەمەڕ دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرز دەنرخێنین و پاڵپشتی دەکەین لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا لە راگوزەرەوە بۆ هەمیشەیی.
مەزڵوم عەبدی دەشڵێت، دۆخی رۆژاڤا و تێکەڵکردنی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سوریا پێویستی بەوەیە لە نزیکەوە تاوتوێ بکرێت دیدگایەکی نیشتیمانی بۆ داهاتووی سوریا بونیات بنرێت و رەنگدانەوەی جیاوازییەکانی بێت.
دەشڵێت، پێویستمان بە حکومەتێکی نەتەوەیی و دەستوورێکی دادپەروەرە بۆ ئەوەی یەکسانی و دادپەروەری بێنێتە کایەوە.