نەخشەى پانتایی ڕۆشنبیرى
(هەندێک سەرنج سەبارەت بە فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە)
وەلید عومەر
پانتایی ڕۆشنبیرى، بە هەموو درز و دابڕانە تایبەتەکانیەوە. بەشێکە لە کۆمەڵگاکەى خۆى. نوخبە چەندە دابڕابێت لە جووڵەى کۆمەڵگا، هێشتاش هەر بە چەندین هێڵى نەستەکى و ناڕاستەوخۆدا دەچێتەوە سەر کۆمەڵگاکەى. لەو زمانەدا دەنوسێت و بۆ ئەو زمانەش دەنوسێت. کێشەکانى ئەو. لە چەندین شوێندا درێژکراوەى کێشەکانى کۆمەڵگایە. گەر پانتاییەکە خۆیشى کەلێنێک بێت لە کۆمەڵگا، ئەوا لە کۆتاییدا یەک “گشت” پێکدەهێنن. لەم نوسینەدا. باس لە جۆرێک فۆرمالیزم دەکەین لە واقیعى ڕۆشنبیریی خۆماندا کە خاوەنى دەرکەوتەى جیاجیا و گوتارى جیاجیایە. فۆرمالیزمێک کە بە “فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە” ناویدەبەین. مەبەستمان لە فۆرم، مانا سەرەتاییەکەى ئەم وشەیە کە ڕووى دەرەوە کۆمەڵگایە. ئەو ڕووکارەى کە دەگاتە جۆرێک کۆتایی و کەماڵ. مەبەست لە ناوەڕۆکیش، بەها و بڕوا و پێکهاتە کەلتورى و زەینییەکانە کە ناوکى کۆمەڵگا پێکدەهێنن. فۆرمالیزم خۆى وشەیەکى فراوانە. لێرەدا ڕووى ئایدۆلۆژیی کێشەى فۆرم و ناوەڕۆکە. بەڵام ئێمە لێرەدا پتر وەک “سیفەت”ێک بەکاریدەهێنین بۆ هەندێک دیاردە کە بەفۆرم خۆیان نوێ دەنوێنن. بەڵام بە ناوەڕۆک کۆن و کۆنەپارێزانەن. ئەمەش ئەودەم دەردەکەوێت کە دیاردەکان دەخەینە ناو کۆوە، واتە ناو سیاقێکى گەورەترەوە. دیاردەکان دەچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ کۆمەڵگا، کایەکان، ئەویتر، و سەرەنجامیش مێژووەوە. گەر ڕەوتى مێژوویی دیاردەکانیش وەربگرین ئەوا ڕەنگە بتوانین بڵێین ئەم فۆرمالیزمە جۆراوجۆرانە، بەشێکن لە گرژیی نێوان نەریت و مۆدێرنە کە هێشتان لە ململانێدان. هەڵهێنانەوەى ناوەڕۆکێکن کە سووڕى سرووشتیی خۆى نەبڕیوە و فۆرمەکە بەتەنیا جێىدەهێڵێت و دەپووکێتەوە[1].
هۆکارى وجودیی ئەم فۆرمالیزمەى کە کۆمەڵگاى ئێمە و پاشان پانتایی ڕۆشنبیریی گرتووەتەوە، دەسپێشخەرییەکى بونیادیی هەمان کۆمەڵگایە بۆ ئەوەى سادەییە دێرینەکەى خۆى لێ تێکنەچێت. ئەو ڕەگەزانەى ئەم سادەییە پێکدەهێنن، بەجۆرێک شانیان لەسەر یەک داداوە وەکبڵێى نیازى هەڵوەشانەوەیان نیە. سادەییەک کە هێشتانێ سادەییەکى بێنێوانگرە نەک نێوانگریکراو. واتە لە جێى خۆى نەجووڵاوە. نەچووەتەدەرەوە. بە ڕێگاى ئەویتریشدا نەگەیشتووەتەوە سەر خۆى و حەزیش ناکات یەکپارچەییەکەى خۆى تێکبدات. سادەیی نێوانگریکراو، لە تاکەکەس و لە کۆمەڵگاشدا هەیە. سادەییەکى تۆکمەیە. چەند چینێک چوونەتە سەر یەک. بەرهەمى لەخۆدەرچوون و نامۆبوون و پاشان گەڕانەوەیە بۆ سەر خۆ. زۆرجار مرۆڤ لە تەمەنێکى درەنگدا ڕستەیەک دەڵێت سادەیە بە لامانەوە. بەڵام دەشێت ئەوە سادەییەکى نێوانگریکراو بێت و بە نێوانگریی ئەزموون گەیشتبێتە ئەو قاڵبە ڕوون و تۆکمەیە. بەڵام هەمان ڕستە، لاى کەسێکى گەنجتر هەر سادەییەکى ڕاستەوخۆ و بێ نێوانگر بێت. بەهەرحاڵ، لە بەرکەوتنى کۆمەڵگاى ئێمە بەم دونیا نوێیە، جۆرێک فۆرمالیزم بەرهەمدێت کە وەک نرخ و ناوەڕۆک کۆنەپارێزانەن. کۆنەپارێزییەکەش داپۆشینى ڕەجعییەتێکى کۆنە لەژێر فۆرمێکى نوێدا. دەشکرێت چەندین دیاردەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ڕۆشنبیرى لەژێر ئەم فۆرمالیزمەدا پۆڵێن بکەین.
کۆمەڵگاکان کە بەر مۆدێرنە دەکەون، لەڕووى تیۆرییەوە بەگشتى دوو ڕێگایان لەبەردەمدایە بۆ قسەکردن لەسەر خۆیان. یان ئەوەتا لە کێشە بابەتى و دەرەکییەکانەوە دەست پێ بکەن. یان لە کێشە خودى و ناوەکی و تاکەکەسییەکانەوە. بە واتایەکى تر. یان کۆمەڵگا دەکەیتە دەسپێک. یان تاک و سوبێکت. بۆ ئەمەش ئاڵۆزییەکى زۆر دێتەبەردەم ڕۆشنبیر تێبگات ئاخۆ ڕێک کامە خاڵى دەسپێکى هەریەک لەو باسانەشە. واتە هەڵبژاردنى ئەوە بەس نیە لە کۆمەڵگا یان سوبێکتەوە دەست پێ بکەیت. بەڵکو لەمانەشدا بێشومار سەرەداو هەن کە دەشێت ببنە دەسپێک و سەرەداوى باسەکانى دواتر. بۆیە جارێکى تر ئەو ڕاستییە بیرى خۆمان دەخەینەوە کە “چۆنیەتیی مامەڵەکردن” لەگەڵ مەعریفەدا، بۆ ئێمە لە “چیەتیی مەعریفەکە” ئاڵۆزترە. ئەوە بەس نیە چى لەسەر فڵان پرسى مرۆیی دەزانێت. زۆرجار ئەوە گرنگترە چۆن دەیگوازیتەوە و دەیلکێنیت بە کۆمەڵگایەکى ئاوا پڕکێشەوە. “چۆنییەتییەکە” سیاقێک و فەزایەکى لەبارتر بۆ “چیەتییەکە” دەڕەخسێنێت. مەعریفە و زانیاریى ڕووت بەتەنیا وەک مادەیەکى بێسیاق دەمێننەوە و لە بۆشاییەکى زەینى دا سەرگەردان دەبن و مێژوو لێى ناپرسێتەوە بەکەڵکى کام کونجوکەلەبەرى ئەو دێت. هەڵبەت ئێمە و کۆمەڵگاکانى وەک ئێمە بە ئاستێکى زۆر نوقمى ئەم جۆرە سەرگەردانییە زەینییەین. ئەویش هەر لەو ڕووەوە نا کە ئەو مەعریفەیە بنکى لێرە نیە و ڕیشەى لە جێیەکى ترە و گواستنەوەکەشمان هێشتانێ ڕوون نیە. بەڵکو لە وێنە گەورەکەدا تێدەگەین ئامادەییمان لەناو دونیاى نوێدا، ئامادەییمانە لە بۆشاییەکدا کە کتوپڕ تێى دەکەوین و ئەو جام و چوارچێوە کلاسیکە هەڵدەوەرێت کە پێمانوابوو بۆ هەمیشە لە چواردەورمان دەمێنێتەوە. بە مانایەکى تر، جام و چوارچێوە مۆدێرنەکە، تێکڕاى کۆمەڵگاکە دەخاتە ناو جۆرێک فۆرمالیزمەوە کە ئاسانترین ڕێگا هەر ئەوەیە ناوى بنێین “فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە”. فۆرمالیزمێک کە ناوەڕۆکە دێرینە کۆمەڵایەتى و مرۆیی و مێژووییەکان ناتوانن پەیوەندییەکى ڕەسەن و ئۆرگانى و تەنانەت “خەیاڵى”یش بە فۆرمەکەیانەوە دابمەزرێنن. سەرەتا وا هەستدەکەین هەموو شتێک لە یەکێتییەکى ئارامى فۆرم و ناوەڕۆکدا دەژى و پاشان دەزانین ئەوەى هەیە بەدحاڵیبوونێکى کەمتازۆر «مەبەستدارانە»یە لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆکدا. بۆ ئەمەش تەنیا پێویستمان بەوە نیە لە ناوەوەى کۆمەڵگاکە و مێژووەکەى بڕوانین، بەڵکو مرۆى کورد لە چەند دەیەیەى ڕابردوودا لە جیهاندا تێکڕا ئەم هەڵوەرینەى نێوان فۆرم و ناوەڕۆکمان پیشاندەداتەوە. ژیانى کۆچبەرێکى دەیان ساڵەش ناتوانێت ئەم یەکێتییە درووستبکات و لەگەڵ خۆیدا ئاشتییەکى سوبێکتیڤ بژى. هەتا ئەو فۆرمە لەرزۆک و هەژارەى خۆمان دەبەینە ناو جیهانێکەوە کە بەشێک نین لێى، و هەتا لە جێى خۆیدا پەیوەندییەکى سرووشتى لەنێوانیاندا درووستنەکەین. لە هیچکوێش ناتوانین ببینە مرۆى گەشتیار و موسافیر. لە ناوەوەش، جاروبار گەڕانەوەى بەکۆمەڵ بۆ «شتى کوردى» ديسان نەک هەر یەکێتییەکە درووستناکات، بەڵکو پتر کەلێنەکە ڕووندەکاتەوە. شتى خۆماڵى وەک ئەو شمەکە ڕەقهەڵاتووەى لێ دێت کە سرووشتى “فیتیش”ێک وەردەگرێت و کۆمەڵى دابڕدابڕى خەڵک لە دەورى کۆدەبنەوە و جاروباریش لەژێر فشارى مۆدێرنەدا تووشى بەتاڵبوونەوەیەکى دەروونى دەبین و تراژیدیاکە دەگاتە ترۆپک، و دیارە ترۆپکى تراژیدیاش هەر کۆمیدیایە. خۆپیرۆزکردن و خۆبەکۆمیککردن، لەم پەیوەندییەدا دەبنەوە یەکێک و بەرهەمهێنەرەوەى یەکدى. ئەم چیرۆکەش لەویادا خەستتر دەبێتەوە کە نازانین ئەم دەروونە خۆماڵییە چیی تیایە و بونیادەکەى چۆن درووستبووە. کەچى فەزاکەمان پڕکردووە لە کلینیک و عیادەى دەروونى و «پزیشکى پێش هەموان قوربانى». فۆرمالیزمەکە لێرەدا هەر کۆنەپارێز نیە. بەڵکو تا ئاستى “شیزۆفرینیا” فۆرم و ناوەڕۆک، یاخۆ مرۆڤ و دەروونى لێکجیادەکاتەوە، و چەشنى شۆمەنە دێرینەکان چارەسەرى سەروو-دەروونى دەبەخشێتەوە. لەم شیزۆفرینیا کەلتورییەدا، لەم نەگونجانە ئەشکەنجەدەرەى لۆکاڵ و گڵۆباڵدا، ناوەڕۆکێکى پەشێو و فۆرمێکى سەپێنراو هەیە کە تاکەکەس باجەکەى دەدات. کاتێک پرەنسیپەکانى دەروونناسیی مۆدێرن لە زەین و ژیانتدا ناونشین/خۆنشین نەبووبێتەوە، چۆنچۆنى دەتوانیت مۆدێرنانە مرۆیەک چارەسەربکەین؟ لەکۆتاییشدا خۆ دەبێت جارنەجار ڕۆشنبیر ڕۆڵى مناڵى ناو چیرۆکەکەى ئەندەرسن بگێڕێت و بڵێت «پاشا ڕووتە. پاشا ڕووتە.» ڕووتیی پاشا، گەر لەبنەڕەتدا نەبوونى فۆرم و جل بووبێت، ئەوا لە دۆخى ئێمەدا پۆشینى جلێکى ترە کە ڕەنگە بەهەڵە کرابێتە بەرى پاشا. دەزانین جلى پاشا، لە جلى ئاسایی جیایە و گوزارشت لە دەسەڵات و واقیع و کۆى کۆمەگایەک دەکات؛ بەڵام لەڕاستییدا کێشە قورسەکە هەبوونى مناڵەکەیە. هەبوونى ڕۆشنبیرێکى عەقڵانى و مۆدێرن کە مناڵبوون وەک “دڵڕەقى” وەربگرێت نەک “دڵنەوایی” بەرامبەر بە خۆى و کەلتورەکەى.
«گوتارى چارەسەرى دەروونى وەک نمونە»
زانستە مرۆییەکان، بەشێکن لە پانتایی ڕۆشنبیرى. دەروونناسى، یەکێکە لەو زانستانە. هەڵبەت ئەوەى دەبێتە بەشێک لە پانتایی ڕۆشنبیرى، مەعریفە دەروونییەکە و کاریگەرییە گوتارییەکەى و پەرشبوونەوەى کڵێشەکانێتى. گەرنا مرۆیەکى موحتاج بە چارەسەر، ڕاستەوخۆ بەشێک نیە لە پانتاییەکە. هەتا بەشێکى زۆر لە توێژەران و سەرقاڵانى ئەو بوارە ڕاستەوخۆ نالکێن بە پانتاییەکەوە. کۆى بکەر/بەرکارەکانى ئەو بوارە، بە ڕێژەى جیاجیا و بە ناوى جیاجیا شوێنەوارى خۆیان لەسەر کۆمەڵگا و پاشان پانتایی ڕۆشنبیرى جێدەهێڵن. ئەو بوارەش، لە دونیاى ئێمەدا، بڕێکى بەرهەمى زانکۆکانە و بڕێکیشى بەرهەمى دیاردە گڵۆباڵەکانە. واتە پرسى لۆکاڵ و گڵۆباڵ لە دەروونى مرۆڤەکاندا دەگەن بە یەکتر. دەروونى مرۆى نوێى ئێمە، دەبێتە شوێنى گوتارێکى سایکۆلۆژى کە هێشتان تەواو تێى ناگەین و ڕۆڵ و شوێنەوارەکانى وەک پێویست ڕوون نین. ئەوەى لێرەدا دەیورووژێنین، ڕەخنەیەکى ڕۆشنبیرانەیە لەو وێنەیەى کە گەیشتووە و سازکردنى زمانێکى چەمکایەتییە بۆ شوێنەوارە نەرێنی و کورتگەرا و فریودەرەکانى. هەڵبەت دەروونناسیی مۆدێرن، بەم لق و ڕێبازە تازانەشەوە کە بە دونیادا بڵاوبوونەتەوە و لاى ئێمەش خۆخشانێکى سەرەتایی دەبینین، پێویستیی دونیاى نوێن. شتێکە سەردەمەکە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتى و ژیانى ئاڵۆزى ئەمڕۆ. سوبێکتێکیش بەرهەمدێنێت کە هەستبکات نۆرماڵ نیە و پێویستى بە چارەسەرە. بەڵام لە ڕوانگەیەکى ڕۆشنبیرانەوە، ئەو ڕاستییانە بەس نین. ئەوەى گرنگە پەڕینەوە و گواستنەوەى دیاردەکەیە بۆ واقیعى ئێمە. دیاردەکە، دیسان سەر بە “چییەتی”یە و دواییش دیسان سەر بە پرسى “چۆنیەتی”یە. ئەوەى کە سەرەتا بزانین چیە و ڕیشەکانى لەکوێوەیە و پاشان چۆن دەیگوازینەوە واقیعى ئێرە و شوێنەوارەکانیشى چەندن. هەتا سەرنجێکى ڕیشەییتر دەتوانێت پێمان بڵێت خودى بەرکەوتنى ئەم دووانە (دەروونناسییەکان و واقیعە)، پرسگەلى زۆروزەوەند هەن بۆ پشکنین کە جێهێشتنیان بە زیانى پانتایی ڕۆشنبیرى دەشکێتەوە.
یەکەم پرسیار لەم ڕووەوە، ئەوەیە ئاخۆ ئێمە لە قووڵاییدا دەتوانین دەست بۆ “زاتى دەروون” ببەین؟ زاتى دەروون، واتە دەروونى مرۆڤ لەبنەڕەتدا چۆن پێکهاتووە و چینە سرووشتى و کۆمەڵایەتى و عاتفییەکانى چۆنن. هەڵبەت وەرگرتنى ئەمانەش لەناو مێژوو و کۆمەڵگادا. بە مانایەکى تر، ئاخۆ ئێمە لە بەرکەوتنماندا بە دەروونناسیی مۆدێرن، توانیومانە پێناسەى مرۆڤ (سوبێکت) بکەینەوە و “دەروون” بکەینە ئەو شاچەمکەى کە مرۆڤى لێوە لەدایکدەبێتەوە؟ پرسى دەروون، تەنیا پرسێکى تەکنیکیی چارەسەرکارى نیە؛ بەڵکو پرسێکى تیۆرى و فەلسەفییە. هەر ئەوەى کە دەپرسین “دەروون چیە؟”، پرسیارەکە لە دەروونناسیی باو دەردەچێت و بەرەو پرسیارە بنەڕەتییەکانى فەلسەفەمان دەبات. وەکچۆن کە دەپرسین هونەر چیە، پێ دەخەینە ناو پانتاییەکى سەرووتر لە هونەر خۆیەوە. بۆ ئێمە، پرسیارى دەروون پرسیارێکە لە دەروونە ڕۆژانەییەکە گەلێک ئاڵۆزترە. دەروون، پێکهاتەیەکى بەشەکى و مرۆیی نیە بە سەردانێکى دەروونپزیشک چارەسەربکرێت. بەڵکو پرسیارێکە لە مێژوویەکى دوورتر و لە پاشخانێکى درێژخایەنى کۆمەڵایەتییەوە دێت کە بۆ دووانەى پزیشک-نەخۆش خۆیشیان بەتەواوى ڕوون نین. بەتایبەت کە ئەم بوارەش، تووشى جۆرێک لە فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە دێت و چالاکییەکەى خۆى کورتدەکاتەوە بۆ چالاکییەکى پسپۆڕیی بەشەکى، ئیتر پشکنینى کۆى بوارەکە لە چاوى پانتایی ڕۆشنبیرییەوە دەبێتە کارێکى قورستر.
ئاشکرایە دەروونى مرۆڤ لەناو مێژوویەکى سەرووتر لە ژیانى ڕۆژانە، و بونیادێکى کۆمەڵایەتیی درێژخایەنترەوە درووستبووە. بۆیە دەروونناسى و گوتارى دەروونیی ئەمڕۆ لاى ئێمە، دەرەقەتى ئەو ئەرکە قورسە نایەت بزانێت ڕەچەڵەکى سایکۆلۆژیی ئەم بوونەوەرە لەکوێوە هاتووە و گەیشتووە بە کوێ. وەرگرتنى نەخۆشێک لە ژیانى ڕۆژانەدا و جیاکردنەوەى لە تراوما کۆن و دوورەکان، دەروونناسى دەگۆڕێت بۆ بوارێکى ئامرازی. خۆرئاوا لە گەشەى دەروونناسیی خۆیدا، ناچار بوو لەڕیشەوە مرۆڤ بخوێنێتەوە و پرسى دەروون بکاتە دەروازەى پرسى مرۆڤ و کۆمەڵگا تێکڕا. پرسیارى دەروونى کردە پرسیارێکى میتافیزیکى، واتە کردییە پرسیارێکى گشتەکى و گەردوونى کە مرۆڤ خۆى چیە و لە چى پێکهاتووە و چى شتانێکیش پاڵى پێوە دەنێن. لێرەوە چەمکە بنەڕەتى و میتافیزیکییەکانى وەک “پاڵنەر (غەریزە)”، لیبیدۆ، دەروون-زەین، نەست، سێکسوالیتە، چارەسەر و هتد شوێنى کەلتورى و شارستانیی خۆیان وەرگرت و بوونە بەشێک لە خۆشگوزەرانیی مرۆڤى نوێ. دەروون بەسترا بە چەمکە قووڵ و فەلسەفییەکانى ترى وەک ئازادى، تاکێتى، ئەویتر، مێژوو، ڕابردوو و هتدەوە. هەتا چەمکێکى وەک “بەزەینداهێنانەوەى ئازاد- Free association”، خۆراکى خۆى لە چەمکى ئازادییەوە وەرگرت کە پێشینەى لەناو گوتارى فیکرى و فەلسەفى دا هەبوو. کاتێک بڕیاردرا نەخۆش ئازادانە بێتەگۆ، هەوڵێک بوو بۆ ئەوەى کۆى مێژوویەک ئازادانە بێتەگۆ. هەوڵێک کە لە تاکەوە سەربکێشێت بۆ کۆ. چەمکى ئازادى لە مێژووەکەدا بیرى لێ کرابووەوە، بۆیە چەمکێکى وەک “بەزەینداهێنانەوەى ئازاد” لەسەر زەمینەى واقیع ماناى هەبوو. شتەکە بەرهەمى شەو و ڕۆژێک نەبوو کە دڵخوازانە و بەشێوەیەکى میزاجى بڕیارى لەسەر بدرێت. هەتا کە بەشێکى نائاگامەند و نەستەکى لە مرۆڤدا دەدۆزرێتەوە و دەکرێتە سیستەمێکى زانین، زەمینەیەکە بۆ ئەوەى باشتر و قووڵتر بیر لە ئازادى بکرێتەوە. تا گومان لەسەر جەبرى دەروون بکرایە، باشتر و عەقڵانییتر بیر لە بەشە ئازادەکەشى دەکرایەوە. بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا کە بیرکردنەوە لە ئازادى و ئەو چەمکە بنەڕەتییانە نەبووەتە نەریت، ئیدى پرسى دەروونیش وەک پرسێکى ڕیشەییتر لە کلینیک دەمێنێتەوە. یاخود ئەویش دەبێتە گوتارێکى فۆرماڵ کە ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتى و کەلتورى و مێژووییەکەى ئێرە فەرامۆشدەکات. یان کورتدەبێتەوە بۆ پرسێکى تەکنیکى و ڕۆژانەیی بەبێ هیچ ئاسۆیەکى بەرینى تیۆرى.
پرسى دەروون، مامەڵەیە لەگەڵ تایپێک مرۆڤدا کە بەرهەمى دەیان لۆچى مێژووییە. شتێکى بەشەکى و دابڕاو نیە کە هەرکەس وەک سندووقێکى نهێنى هەیبێت و بەس. بەڵکو لەبنەڕەتدا کۆپەیوەندییەکانى دەروونە لەناو یەک کۆمەڵگادا. پەیوەندیی مرۆڤ و مرۆڤ، لە کۆنەوە بۆ نوێ، پەیوەندییەکى ڕاستەوانەشى بە پرسى دەروونەوە هەیە. دەروون، پێشوەختە پرسێکى کۆمەڵایەتى و نێو-مرۆییە. شوێنى کۆبوونەوەى تابۆ کەلتورى و سیاسى و ئەخلاقییەکانە کە لە تاکەکەس تێدەپەڕێت. بۆ نمونە، مرۆڤى کورد، کە لە جاران زیاتر، بەر ڕەشەباى کۆمەڵگا و سەردەم کەوتووە. زیاتریش لە ئاست ئەوانیتردا تەمومژ دایگرتووە (یان ئەوەى کە “مەسعود محەمەد” لە شوێنى شیاوى خۆیدا دەڵێت کوردەکە گشتى لە ئاستى یەکتردا «دڕدۆنگ»ـە). ئەم دڕدۆنگییە بونیادییە، وەک سووڕ و بازنەیەکى مێژوویی و کەلتوریی لێ هاتووە و لە هەر گرفتێکى دەروونیی ئەمڕۆشدا پشکێکى لێ دەگەڕێتەوە. لەبرى پارچەکردنى ئەو ڕاستییە و سپاردنى بە گوتارى کلینیک، باشترە کۆى ڕاستییەکە بەسەریەکەوە وەربگیرێت و دان بە گرفتەکەدا بنرێت. زۆرجار یەک لە میکانیزمەکانى کۆنەپارێزى، پارچەکردنى ڕاستییەکان و دیاردەکانە بۆ ئەوەى لە کۆیەتیی خۆیاندا دەرنەکەون و کرۆکە تراوماییەکەیان نەبینرێت. لەم ڕووەوە گوتارێکى فۆرماڵى دەروونناسى ناتوانێت ئەم ناوەڕۆکە دێرینە هەڵبکۆڵێت و لەوانەشە بەشێوەیەکى نەستەکى پارچەکردنەکە لەپێناوى هێشتنەوەى بەها کۆنەکاندا بکات. لەوانەشە ئەم چاودێرییە تیۆرییە، ئیشى ڕاستەوخۆى ئەو نەبێت؛ بەڵام ئیشى پانتایی ڕۆشنبیرییە لەودیوى ئەو بوارەوە، لە بوارەکە ڕابمێنێت. دیارە لۆکاڵ، ڕۆژێک لە ڕۆژان، هەموو ئەو مەتریاڵە گڵۆباڵ و دەرەکییانە لە قاڵبى خۆى دەدات؛ بەڵام تا ئەوەى ئەو پرۆسەیە ڕوودەدات شتانێک هەن قابیلى ڕەخنە و هەڵکۆڵین و سەرنجدانن. لەو مەودایەدا هەندێک ڕەگەزى ناعەقڵانى و کۆنەپارێزانە دزەدەکەنە ناو لۆکاڵەوە کە دەشێت دواتر بەئەستەم بلەقێنرێن. ڕەنگە ڕەگەزەکان خۆیان لە خۆیاندا کۆنەپارێزانە نەبن، بەڵکو لە سیاقى میواندا کۆنەپارێزانە دەکەونەوە.
بکەرێکى وەک توێژەرى دەروونى یان دەروونپزیشک، خۆیشیان زادەى هەمان کۆمەڵگا و کەلتورە. ئەویش لەکۆتاییدا مامەڵە بە سیستەمێکى زەینى و کەلتورییەوە دەکات کە ڕیشەکانى لەو بوارە دوورترن. ئەویش لە تەنیایی خۆیدا گیرۆدەى هەموو گرفتانەیە کە مرۆى ناو کەلتورەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت. پرسى دەروون لە دۆخێکى وادا، پرسێکە هەموو بکەرەکانیش تێیدا دەبنەوە بە بەرکار و ئۆبێکت. ئەوانیش دەبنە هەڵگرى هۆشیارییەکى دووکەرت کە تاکە مامەڵەى ئاکارى پێیەوە، مامەڵەیەکى ڕەخنەگرانە و دانپیانەرانەیە. واتە داننان بەو گرفتە بونیادییانەى کە لە شوێنێکى دوورترەوە دێن و تێکەڵ بە ژیانى مۆدێرن دەبن و جار هەیە هێند نیشتوون کە دەیان فۆرم دەدڕن و ناوەڕۆکەکەى خۆیان دەرناخەن. لە سیاقى ئێمەدا دەروون، زاکیرە و خەزێنەى مرۆڤێکە کە پڕى لە مەتریاڵ و شمەکى پێشمۆدێرنە. کاتێکیش دەگاتە سەر بەها تازە و مرۆییەکان. تووشى شپرزەیی دێت و هەرجارەى هەڵوێستێکى ئاگایانە یاخۆ نەستەکى و نائایاگانە وەردەگرێت. گەر ڕەهەندى سێکسى لە پرسى دەرووندا وەربگرین، تێدەگەین چۆن هەموولایەک چوونەتە پەیمانێکى پیرۆزەوە بۆ ئەوەى خۆ لەم ڕەگەزە پێکهێنەرەى دەروون لابدەن و باسى نەکەن. لە سیاسەتەوە بۆ پانتایی ڕۆشنبیرى، گوتارێکى تۆکمە و ئازادیخوازانە لەمەڕ ئەم دیوەى دەروون نابینین. هەتا گۆڕینى پرسەکە بۆ پرسێکى زانستیی ڕووت، میکانیزمێکى ترى کۆنەپارێزییە تاکو فۆرمێکى زانستى بۆ مەسەلەکە بڕەخسێنت و خۆى لە ناوەڕۆکە تراوماییە کۆمەڵایەتییەکەى لابدات. زانست لەم کەلتورانەدا، دەتوانێت وەربگەڕێت بۆ ئەو ناوەى کە شتە کۆنەکان بشارێتەوە. بەڵام ئاشکرایە بەناوەڕۆک زادەى ئێرە نیە و ئەو گومانەشى ناکەوێتەسەر چەندە گەمەیەکى دژ بە خۆى دەکات. هەتا بەشێکى زۆرى ئەدەبیاتى کۆن و نوێ، فۆرمى کۆنەپارێزانە دادەتاشن بۆ ئەوەى پرسەکە نەکەوێتە بەر ڕووناکى. زۆرجار ئەم بەرگرییە بەدەر لە وشیاریی خاوەنەکانیان ڕوودەدات و بونیادە کۆنەکە لەڕێگەى ئەوانەوە خۆى دووبارەدەکاتەوە. پرسى دەروون، ئەودەم دەبێتە پرسێکى زەمینى کە بەناو پرسە هەستیارەکاندا ببرێت و پاشان دەنگدانى کۆمەڵایەتى وەربگرێت و فشارە قورسەکەى کەمبکرێتەوە. وەک لە جێگاى تریشدا باسمانکردووە، تا ئەم پرسە بە ژێر دانپیانانى کۆى کۆمەڵگا (ئەویترى گەورە)دا نەڕوات، دەروونى مرۆى ئێمە نابێتە دەروونێکى مۆدێرن. ئەو گوتارە پچڕپچڕەى دەروونناسى کە لاى ئێمە هەیە، تێکڕا خزمەت بە هێزە کۆنەکان دەکات و پرسى دەروون لەگەڵ پرسگەلێکى تردا تێکەڵدەکات بۆ ئەوەى لەکۆتاییدا کۆى مرۆڤ نەکەوێتە ژێر پرسیار و پێناسەى تازەوە.
«چەشنێک شیعر وەک نمونە»
مامەڵەى فۆرمالیستى بە مۆدێرنەوە، و هێشتنەوەى ناواخنە لۆکاڵییەکەى ئێرە، گوزارشتە لە هەرسنەبوونى مۆدێرنە. ڕەهەندى دەروونیى ئەم فۆرمالیزمەى کۆى واقیعى کوردیی گرتووەتەوە، پەیوەندیی بە “ڕاگرتنى ڕواڵەت”ـەوە هەیە. ڕاگرتنى ڕواڵەت، واتە ڕووى دەرەوەى خۆت ڕابگریت و وا خۆت دەربخەیت شتەکان وەک خۆیانن و لەبەردەم “ئەویترى گەورە”دا کەمت نەهێناوە. دیارە ئەمە تاکە ڕەهەندى دەروونیی فۆرمالیزمەکە نیە؛ بەڵکو یەک لە کارکردە سەرەکى و بەرچاوەکانیەتى. بۆ نمونە، گەر دیاردەیەکى ڕۆژانەیی لە پانتایی ڕۆشنبیرى دا وەربگرین، تێدەگەین میکانیزمى ڕاگرتنەکە چەندە سەیر و عەیارانە ئیشى خۆى دەکات. لە پرۆسەى خوێندنەوەى کتێبدا، کتێبێک دادەخەین و پێمانوایە “تێگەیشتووین”. داوەرێکى ناوەکى و دەرەکییش نیە بزانین چەندە دەرگیرى فڵان دەق بووین. هەموو ئەنجامەکانیش پێماندەڵێت یان تێنەگەیشتووین یان لە باشترین حاڵەتدا خراپتێگەیشتووین. خۆ ڕوونە ئەم دیاردەیە. دیاردەیەکى بەربڵاوە. ئەمە ڕووە ئاڵۆزەکەى ڕاگرتنى ڕواڵەتە. دیارە شتەکە هەموودەم ئاگایانە نیە. ئەنقەست و بە پلان نیە. بەڵکو میکانیزمێکى سەرپێکەوتووى نەستەکییە و ڕەوایەتیی دەروونی و تەنانەت کۆمەڵایەتیی خۆیشى وەرگرتووە و خۆى چەندبارە دەکاتەوە. ڕەنگە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، ڕێژەیەک فۆرمالیزمى کۆمەڵایەتى و کەلتورى و ڕۆشنبیرى هەر بمێنێت کە وەکو میکانیزمێکى دەروونى کاربکات. بەڵام لەم فۆرمالیزمەدا، و لە نمونەى کتێبخوێندنەوەکە، ئەوەى سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کەس ئیشى بە ناوەڕۆک نیە. ڕەنگە ناوەڕۆک شتێک بێت دوابخرێت، هەڵبپەسێردرێت، سەرکوتبکرێت و هتد. فۆرم لەو دابونەریتە ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتییەدا، دۆخێکى دەروونى دەڕەخسێنێت کە هەستبکەین جارێ وەختى ناوەڕۆک نیە. ناوەڕۆک هێشتا پێنەگەیشتووە و فۆرم ڕیزێک ناو لە خۆى دەنێت و درێژە بەو گەمە ئاڵۆزە دەدات. هەتا لە بەشى پێشوودا کە نمونەى “ئیدیتۆر”مان هێنایەوە لە پانتایی ڕۆشنبیرى دا، ناڕاستەوخۆ مەبەستمان لە فۆرمالیزمێکى کۆنەپارێزیش بوو کە دەست بۆ ناوەڕۆک نابات و دەست لە شتێک نادات کە خۆیشى ئاوەژوودەکاتەوە. نوێگەرى هەمیشە ئەوەیە کە فۆرم هەواڵى ئەوەمان بداتێ ناوەڕۆکێکى ئاوەژووکردووەتەوە و شتێکى نوێ ڕوویداوە. بەڵام فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە خۆى نیشانەى ناوەڕۆکێکى دەستلێنەدراوە و درێژە بە “ڕواڵەت”ێکیش دەدات کە پەیمانێکى کۆن دەپارێزێت و ئارەزوویەکى ساختەى نوێبوونەوەش تێردەکات. فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە، ناوەڕۆک کورتدەکاتەوە بۆ فۆرم. دەشیەوێت ئەو هەستە درووستبکات کە فۆرم و ناوەڕۆک چوونیەک و هاوشوناسن و هیچى تر. بەڵام سادەترین وانەى نوێگەرى لە هاوکێشەى فۆرم و ناوەڕۆکدا هەر ئەوەیە کە ئەو دووانە لە تەنگژەدان و وەکبڵێى تەنگژەکەش ئەبەدییە. شتى نوێ (The New)، بەرهەمى ئەو تەنگژە بەردەوامەى نێوان فۆرم و ناوەڕۆکە. کاتێک ئەو دووانە دەکرێنە یەکێک و لە شێوەى فۆرمالیزمێکدا دەخرێنەڕوو، ئیدى کۆنەپارێزى دەبێتە ڕاستییەکى حاشاهەڵنەگر.
نمونەکانى فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە زۆرن و هەر لە چیرۆکێکى کۆن دەچن بە چەندین فۆرمى گێڕانەوە. لێرەدا مەبەستمان لە “فۆرمالیزمى کۆنەپارێزانە”، ئەو جۆرە ئەدەبیاتە تازەیەیە کە یەکپارچە خەریکى فۆرمبازییە و بەتەواوى پشت لە ناوەڕۆک هەڵدەکات. واتە هەرچى ناوەڕۆکى ئەدەبى و دواییش کۆمەڵایەتى و کەلتورى و سیاسى و مرۆییە دەکاتە قوربانیی فۆرمێکى هەژار (کە لێکچواندن یەک لە کەرەستەکانى ئیشکردنى ئەم فۆرمەیە). لێرەدا پتر مەبەستمان ئەو لێکچواندنە ڕواڵەتییەى شتەکانى ناو دونیایە بە یەکتر کە ناوەڕۆکى تیا پێشێلدەکرێت. هەموو کاتێک فۆرمالیزم نابێتە گرفت (وەک لاى فۆرمالیستەکانى سەدەى بیست دەیبینین)، بەڵکو دەتوانێت هاوشانى “ناوەڕۆکگەرایی” وێنەى دەوڵەمەند بەرهەمبێنێت. باسەکە لێرەدا، مانایەکى بچووکترى فۆرمالیزمە. جۆرێک شکڵگەرایی کە سنور و تراوما و بەستێنى شتەکان تێکدەدات بۆ ئەوەى وێنەیەکى شیعرى بەرهەمبێنێت کە زۆرجار ناقۆڵا و نامرۆییە و لەڕووى ئێستاتیکى و ئاکارى و ئەدەبییشەوە مرۆڤ بێزاردەکات. بەردەنگى شاراوەى ئەم جۆرە فۆرمالیزمە. کەسانێکن کە بە لێکچوونێکى سادەى نێوان شتەکان ڕازیدەبن و زیاتر ناڕۆن. دەشێت جاروبار ڕستەیەک یان وێنەیەک بەرهەمبێت کە وەک مافى خۆى بەردەنگ (موخاتەب) بخرۆشێنێت؛ بەڵام کێشەکە لە گشت (کل)ـى ئەم جۆرە فۆرمالیزمەدایە. ئاشکرایە هێنانى “خورما” و “خودا” بەتەنیشت یەکترەوە، حەپەسان لە زەینى مناڵێکدا درووستدەکات؛ چونکە هێشتا وێنە ئاڵۆزەکانى ئەو وشانە و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانى دواتریان پێنەگەیشتوون. دیارە مەبەستمان ئەوە نیە نەتوانین پەیوەندى لەنێوان دوو شتى دووردا درووستبکەین. بەڵکو کاتێک جۆرى پەیوەندییەکە سەردەکێشێت بۆ فۆرمالیزمێکى بەرایی. ئیدى ناچارین نیشانەى پرسیارى لەسەر دابنێین. وەک دەرەنجامیش، ئەم فۆرمالیزمە، دەچێتە بەرەى کۆنەپارێزییەوە. چونکە هەموو هەوڵێک دەدات لەپێناوى سازکردنى دێڕەشیعرێکدا، میراتى مرۆیی بخاتە ژێر پێوە (میراتى کەلتورى و شارستانیی مرۆڤ). زەینى خوێنەرى ئاسایی، کێشەیەکى ئەوتۆى لەگەڵ ئەم شیعرەدا نیە، و هەر هێندەى ساکارییەکەى خۆی دەیحەپەسێنێت. یەکەم پەیوەندیی مەجازیی نێوان شتێک و شتێکى تر، تووشى نەشوەى دەکات. ئەو پەیوەندییە، بە کۆتا پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و جیهان تێدەگات. لە پەناى ئەم پەیوەندییەشەوە. زەینە نەشوەگرتووەکە هەستدەکات بەسەر جیهاندا زاڵبووە و تا شوێنانێک ڕۆیشتووە کە کەسى ترى تێ نەچووە و ناچێت. بەردەنگ دەگات بە ئۆبێکتێکى ئارەزوو کە هەر سەر بە جیهانە سنوردارەکەى خۆیەتى. خۆشییەکى پیا دێت کە لە خۆشیی زارۆکێک دەچێت گوێى لە ناوەکەى خۆى دەبێت بە زارۆکێکى ترەوە. بەڵام بەردەنگ لێرەدا زارۆکە بێنێوانگرەکەى جاران نیە. بەڵکو زارۆکێکى نێوانگریکراوە کە نوقمى ژیانى ڕۆژانەیە و ئاشنایەتیی شتەکان هێند پڕتووکاندوویانە بە دەستکارییەکى بچووکى واقیع دێتەجۆش.
پێویست ناکات پەنا بۆ لۆکاچ و ئەدۆرنۆ ببەین تاوەکو ڕەخنەى «بەهاى ئاڵوگۆڕ» و «یەکسانکردن» بێنینەگۆڕێ کە چۆن هەرچى شتە یەکساندەبن بە یەکتر و دەبنە جێى ئاڵوگۆڕ. یەکسانکردنى شتەکان لەم فۆرمالیزمە ئەدەبییەدا، ستەم لە ناوەڕۆکى ئەو شتانە و کایەى ئێستاتیکا و تەنانەت کەلتورى مرۆییش دەکات. بگرە کۆى فۆرمالیزمەکە خۆى زادەى دۆخێکە لەجیاتیی بەرهەڵستیی قووڵ بە ڕووى جیهاندا، دێت جیهان دەخاتە نێو “بەهایەکى ئاڵوگۆڕ”ـەوە کە هەموو شتێکى تیا ئالوگۆڕ دەکرێت و دیاردەکان تاقانەیی خۆیان لەدەستدەدەن. دانانى «کەمەکێک لێکچوون» لەجێى ئەو «جیاوازییە چۆنایەتییە»ـى کە دیاردەکان لەگەڵ یەکتردا هەیانە، وردەوردە جیهانمان لێ دەبێتە جێیەکى هەژار و ڕووتەڵ. لەکاتێکدا شاعیرى تریشمان هەن لە مێژووى ئەدەبدا، کە لەڕێى لێکچوونەوە جیهان دەوڵەمەندتر لەوەى هەیە دەخەنەڕوو. پێشتر لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، تەوژمێکى پێچەوانەى ئەم فۆمالیزمە هەبووە کە ڕەنگە بتوانین ناوىبنێین “ناوەڕۆکگەرایی”. ئەودەم بەشێک لە ئەدەبیات تەرخان بووە بۆ ناوەڕۆکى سیاسى و کۆمەڵایەتى. هەوڵدراوە فاکتە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان لەڕێى فۆرمێکى کەمتازۆر سادە و درووشمدارەوە بخرێتەڕوو (ئەم ململانێیە بۆ نمونە لە سۆڤییەتى جاران، لەنێوان فۆرمالیزم و “ڕیالیزمى سۆسیالیستى”دا بوو کە دووەمیان زیاتر کارى لەسەر ناوەڕۆکێکى ڕووت کردووە). بۆیە لە ئاستێکدا، ئەم فۆرمالیزمە ڕووى پێچەوانەى ئەو ناوەڕۆکگەراییەیە کە دەمێکە پێگەى خۆى لەدەستداوە. هەڵبەت ئەم فۆرمالیزمە، لە پەیوەندییدا بەو ناوەڕۆکگەراییەى پێشووەوە، چەند سیفەتێکى زیاتریشى لەخۆیدا هەڵگرتووە کە هەم بەشێک لەو وێنە کۆنانە دێنێتەوە و دەیکاتە مایەى لێکچوونى ئەدەبى بۆ خۆى. هەمیش بە هەمان خێرایی لە ناوەڕۆکى کەلتورى و کۆمەڵایەتى دووردەکەوێتەوە. گەر لە یەکەمیاندا، مرۆڤ پیرۆزکرابێت. لە دووەمیاندا بەشێوەیەکى ژێرەوانکێ مرۆڤ لەپیرۆزىدەخرێت (ئەو کاتەشى ستایشى مرۆڤ دەکات. مرۆڤ تەنیا ئامرازێکى ڕەوانبێژى و شکڵییە لەپێناوى درووستکردنى وێنەیەکدا). گەر لە یەکەمیاندا، هەموو شتێک بەراورد بە مرۆڤ و ئایدیایەک بچووککرابێتەوە. ئەوا لە دووەمیاندا شتانى بچووک و “موبتەزەل” تا ئاستى مرۆڤ هەڵدەکێشرێن. لە ناوەڕۆکگەراییەکەى جاراندا، زەرەرمەندى یەکەم پرسى ئێستاتیکا و ئەدەب بوو. بەڵام لە هى دووەمدا، تێکڕاى مرۆڤ و جیهانەکەشى تووشى زیان دەبن. واتە دیاردەکان قووڵایی لەمێژینەى خۆیان لەدەستدەدەن بۆ ئەوەى لێکچوونێکى بەراییتر و بەدەوییتر بخوڵقێنن. سەیر ئەوەیە دێڕە شیعرییەکانى ئەم فۆرمالیزمە، لە جێیەکدا دەبێتەوە بە هاوتاى کڵێشەى ناوەڕۆکگەراییەکەى جاران؛ ئەویش لەو ڕووەوە کە هەردووکیان جیهان فیتیشیزە دەکەن: پیرۆزییەکى کەمتاکوت درۆزنانە بە بەرى شتەکاندا دەکەن و هەر شتێکیش لە گۆشەگیریی خۆیدا دەچەقێنن.
بەڵام هێشتاش پێویستمان بە شتانێکى ناو نەریتى ناوەڕۆکگەراییە تاکو ڕەخنەى ئایدۆلۆژیی ئەم فۆرمالیزمەى پێ بکەین کە ژیان دەباتەوە سەر کۆمەڵێک وێنەى سرووشتى کە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگایەکى سرووشتى و نایەکسان و نامرۆییش بەرهەمدێنێتەوە. ئەم فۆرمالیزمە خۆى پەرە بەو دۆخە تاریکە دەدات وا زۆرجار خۆیشى لێى نیگەرانە. واتە خۆیشى، بەبێ ویست و ئاگایی خۆى، دەبێتە بەشێک لەو جیهانەى کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت. لێکچواندنەکان، ئەو ناکۆکى و ئەنتاگۆنیزمانە دەشارێتەوە کە بەرهەمى مێژوویەکى درێژن. لێرەدا ئەو وتەیەى واڵتەر بنیامینمان بیردێتەوە کە «چۆن ئێستاتیکیکردنەوەى سیاسەت. لەگەڵ فاشیزمدا یەکتردەبڕێت.» هۆیەکانیش شاراوە نین: کاتێک بەردەنگ لە چالاکى دەخرێت و جیهانێکى ئەبەدى و سرووشتیی دەرخوارد دەدرێت و پێى دەگوترێت هەمیشە هەر وا بووە، ئیدى ڕێ لەوە دەگیرێت مرۆڤ بیر لە ڕێکخستنێکى نوێى ئەم جیهانە بکاتەوە و نەزمە ڕەمزییەکە بە جۆرێکى مرۆیانەتر دابڕێژێتەوە. ئەمە بێ لەو هۆکارەى تریش کە شاردنەوەى توندوتیژى و هەڵبەزودابەزەکانى واقیع لەژێر پێستى شیعردا، خۆى خۆراکى ئایدۆلۆژیا سەرکوتکارەکانە- ئیدى لە کەلتورەوە بیگرە تا سیاسەتى ڕۆژ.
کاتێک ئەم قسانە دەکەین، ئاگامان لەو سەرگەردانییەى دۆخى ئێستاى مرۆڤ و دواییش کۆمەڵگاى خۆمانە. ئەم سەرگەردانییە، سەرى مرۆڤ دەکات بە ناو هەزار کونوکەلەبەردا. مرۆى بێدەرەتانى ئەمڕۆ، بۆ هەر دەرەتانێکى کاتى و بچوکیش دەگەڕێت تا پەیوەندیی خۆى و جیهانى پێ ڕابگرێت. دۆخى وا، مایەى تێگەیشتنە. بەڵام گۆڕینەوەى دەرەتانێکى ڕاگوزەر و کرچ بە ڕزگاریی درێژخایەنتر، ئەو ئەرکە دەخاتە سەر شانى ڕۆشنبیر ڕەخنەى بکات. ئاخۆ دەرەتانەکە کوێیە و چیە و بگرە دەرەتان خۆى چیە؟ ئاخۆ دەرەتان، لە کام ڕەگەزانە پێکدێت؟ دەرەتان لە سیاقى سیاسى و کۆمەڵایەتى و زەینى و مرۆییدا، چۆنچۆنى درووستدەکرێتەوە و چۆنیش پەیوەندیی “نوێ” و “کۆن”ـى تیا ڕادەگیرێت؟ یەک لەو دەرەتان و پەناگانەى کە مرۆى ماندووى ئەمڕۆ پەناى بۆ دەبات، شیعرى کلاسیکە. لە کاتى خوێندنەوەى کلاسیکدا، بۆ ماوەیەکى کاتى، هەست بە ئارامى و ئاسوودەیی و ڕیشەدارى دەکرێت. لەو جیهانەى پشت شیعرى کلاسیکەوە، یەکێتییەکى خەیاڵى هەیە لەنێوان مرۆڤ و جیهاندا کە نزیکترە لە بونیادى دەروونیی مناڵیى مرۆڤەوە. لە مۆدێرنەدا، ئەم یەکێتییە هەڵدەوەشێتەوە و مرۆڤ لە جیهان/سرووشت نامۆدەبێت، و خۆیشى کەرتدەبێت (سوبێکتى کەرتبوو) و سەرلەبەرى دونیاکەشى پارچەپارچەدەبێت. لێرەوە هەر گەڕانەوەیەک بۆ دونیاى کلاسیک، ئەو هەستەى بەبەردا دەهێنێتەوە کە سەردەمانێک یەکپارچە بووە و لێرەشەوە هەست بە ئاسوودەیی و بارسووکى دەکات. هەروەها ئەو سەرمەستییەى لە خوێندنەوەى شیعرێکى کلاسیکەوە درووستدەبێت، دەرکردنى دوو جیهانە لە یەکتر. یان درووستتر: داشکان و دەرکردنى جیهانى مۆدێرنە لە کلاسیک کە لە “چێژى بێئارایشتتر” و مناڵانەمان نزیکدەکاتەوە. بە مانایەکى تر. شیعرى کلاسیک بەجۆرێک جیهان دەنوێنێتەوە کە هێشتا نەزم و یەکانگیریی تیایە، و مانا ئاسانتر بەرهەمدێت، و ڕیتمى ئیشکردنى جیهانیش لەسەر دەروونى مرۆڤ ڕیتمێکى ڕوون و سیستەماتیک و بێگرێوگۆڵە. لەم پەڕینەوەیەدا لە ئێستاوە بۆ کلاسیک، با بۆ ماوەیەکى کاتییش بێت، جۆرێک ناکۆکى لاى مرۆڤ درووستدەکات و سەردەکێشێت بۆ چێژ (کە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ کەمکردنەوە و داشکانى گرژییەکانى جیهانى مۆدێرنە). پێویست بە وتن ناکات کە شیعرى کلاسیک، بەشێکە لە فیکرى مرۆڤ و یادەوەریی کۆمەڵگا. بەڵام لەناو ئەم یادەوەرییەشدا شتانێک هەن. قابیلى بێژینەوە و هەڵسەنگاندنەوەى نوێن. هیچ یادەوەرییەکى پاکیزە بوونى نیە. یادەوەرى، تێکەڵ بە دەروونى دەستەجەمعى دەبێت و نیازى نەستەکیی ترى لێ دەئاڵێت. ئەمە بێ لەو ڕاستییەى کە یادەوەرى خۆى خاڵى نیە لە کۆمەڵێک تراوماى مناڵى کە زۆرجار داهاتووش داگیردەکات و لەجیاتیی ڕووبەڕوونەوەى، دێین مناڵییەکى سافتر لە ڕابردوو دادەتاشین کە ڕۆمانتیک و یەکدەست و بێگرژییە.
ئەو فۆرمالیزمە شیعرییە کۆنەپارێزەى ئەمڕۆ، دەیەوێت جیهانێکى سادەى وەک کلاسیک لەناو دونیاى مۆدێرندا بەرهەمبێنێتەوە کە ئاشکرایە کارێکى نەکردەیە. ئەم چەشنە شیعرەش دەیەوێت یەکڕاست ئەو کەشە مناڵانەیە بئافرێنێت و لە ئاڵۆزییەکان دوورمانبخاتەوە و هەروەکو حەپەسانى مناڵى، دونیا تێکبداتەوە و لە برووسکەشیعرێکدا هەرچى شتى دوورە بەیەک بچوێنێت و یەکێتییەکى ئارام بنیاتبنێت. دیسان لەپاڵ ئەم هەوڵەدا. هەوڵێکى بەریئانەى ترمان هەیە کە ناڕاستەوخۆ دەیەوێت هەمان یارى بکات و هەمان حەپەسانى مناڵى لە فۆرمى شێتییەکى گەورەتردا بەرهەمبێنێتەوە. بەڵام وادیارە هەر لەسەرەتاوە ناکام دەبێت. ئەم هەوڵەیان بەگوڕترە. کەرەستەى زۆرتر و «قووڵتر»یش بەکاردەهێنێت، بەڵام شتەکە وەک پێویست دەرناچێت. هۆکارى شکستەکە، هەروەکو ئەوەى یەکەمیان، نەهێشتنى سنوورە لەنێوان شتەکان و دیاردەکاندا. بەڵام ئەم سنورشکێنییە زیادەڕۆیانەتر و میکانیکییە و هیچ پێچ و چاوشارکێیەک ناهێڵێتەوە ختووکەى خوێنەر بدات. بەمانایەکى تر، تێکوپێکدانى جیهانە بەسەر یەکدا بەبێ هیچ گەمەیەک بە هەستى خوێنەر. لابردنى هەموو ناکۆکییەکانى واقیعە بەبێ ئەوەى ناکۆکییەکى نوێتر بخرێتەوە جێى. ئاشکرایە نەمانى ناکۆکییش، خۆى چێژ لەباردەبات؛ چونکە چێژوەرگرتن بەرهەمى ناکۆکى و هەڤدژییە. چێژى مرۆیی بەبونیادى خۆى زادەى ناکۆکییەکى کۆنە. مرۆڤ کاتێک دیمەنێکى تەواو وێران دەبینێت، سەرسام نابێت. بەڵام کاتێک لەناو ئەم وێرانەیەدا شتانێک دەبینێت مایەى ڕزگارکردنن، ئیدى ناکۆکییەک بۆ هەستەکانى درووستدەبن و جۆرێک چێژ و لەزەتى ئێستاتیکى و دواییش مرۆییانە بەرهەمدێت. هەڵگرتنى سنور و ناکۆکى و تراوماکانى دونیا، بەبێ بەرهەمهێنانەوەى سنور و تراوما و ناکۆکیی نوێ (با کەمتریش بن) خوێنەر تووشى مەلەلێکى نەستەکى دەبێت. وەکبڵێى کردەى ڕووخاندن بەتەنیا بەس نیە و هیچ تەڕدەستییەکى ئەوتۆشى ناوێت. بە تەعبیرێکى تر بیڵێین، وێرانکردن بەبێ ڕێژەیەک بنیاتنانەوە، شاعیر و نوسەر لە پرۆسەکە دەکاتەدەرەوە و هەردەڵێى بەبێ دەستێوەردانى ئەوان ڕوویداوە. لەم تێکدانەى جیهاندا، هیچ ناکۆکییەک لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆک، سوبێکت و ئۆبێکت، نوسەر و جیهاندا نامێنێتەوە و ئەوەى هەیە کەڵەکەبوونى دووەمیانە بەبێ زەقبوونەوەى یەکەم. بۆ نمونە ئەوەى دەیبینین تێکەولێکەیەکە لە ناوەڕۆک بەبێ هیچ ڕێکخستنەوەیەکى خرۆشێنەر. یاخۆ کەڵەکەبوونى ژمارەیەکى زۆر شمەک و ئۆبێکتە بەبێ درووستکردنەوەى پەیوەندیی ئێستاتیکى لەنێوانیاندا. یانژى بەر جیهان دەکەوین لە دۆخى میکانیکى و بێجووڵەى خۆیدا. دەشێت شاعیر ویستبێتى بەو تێکدانە زۆرترین جووڵە بخاتەوە. بەڵام ئەنجامەکە جۆرێکى تر دەرچووە. ئەوەى بەدەستهاتووە جیهانێکە لە شمەکى مردوو کە بێباکانە و بێ هیچ هەستیارییەکى تایبەت بەتەنیشت یەکترەوە «وەستاون». ئەم هەوڵەیان وزەیەکى زۆر بەهەدەردەدات. کێشەکەش فەرامۆشکردنى ڕەگەزێکى بنەڕەتییە کە دەبێت وردتر ڕەچاوبکرێت. ئەو ڕەگەزەش، وەک وتمان، فەرامۆشکردنى ئەو “گرژی”یە وا چێژ بۆ خوێنەر بەرهەمدێنێت. یەکسانکردنى مەیلەو ڕەهاى شتەکان لەم تایپە ئەدەبییەدا، زیانى لەویتریان کەمترە. بەڵام گەورەترین هەر بەر خۆى دەکەوێت کە لەباربردنى شیعرییەتە. ڕاگرتنى ئەو دژیەکییە بنەڕەتییە و ئەو دیالەکتیکە لەناو دەقدا.، ئارەزووى خوێنەریش درێژدەکاتەوە. لەڕاستییدا، هەردوو جۆرى کێشەکە دەمانباتەوە سەر کێشەى تیۆریزە لە ڕۆشنبیریی خۆماندا. تیۆریزە تەنیا تایبەت نیە بە فیکر. بەڵکو کایەکانى تریش بە فۆرمى خۆیان خەریکى تیۆریزەن. شاعیریش بەپێى کەرەستە ئێستاتیکییەکانى خۆى خەریکى تیۆریزەیە. جیهانى شیعر، چەندە لە جیهانى واقیعیش دووربکەوێتەوە؛ بەڵام لەلاوە بەپێى ئەزموونى مرۆییمان تێدەگەین جیهانێکى چەندە ڕەسەنە لەڕووى ئێستاتیکاوە. جیهانى ئێستاتیکى، بەوە درووستنابێت سەرتاپا ناکۆکیی نێوان دیاردەکان بسڕینەوە. بەڵکو پێویستى بە ئەنواوئەشکاڵ ناکۆکیی نوێیە. پێموایە وێنەى بەهەشت لە هەندێک دینیشدا هەر لەبەر ئەم خاڵە، زۆر مایەى بەهەندوەرگرتن نیە. بەهەشتێک سازدەکرێت کە خاڵییە لە ناکۆکى و هەڤدژى و ئەو مەودایەش کە بەردەوامى بە ئارەزووى مرۆڤ دەدات. (دیارە وێنەى دۆزەخ کاریگەرترە، چونکە پێچەوانەکەى کە دەکاتە ئەگەرى ڕزگاربوون، هەستى مرۆڤ دەبزوێنێت). زۆر دوودڵیی ناوێت بڵێین نەهێشتنى ناکۆکییەکە، کارکردێکى مێژوویی و کەلتوریی هەیە و دیسان هێشتنەوەى فەزا کۆنەکەیە لەژێر فۆرمێکى نوێدا بەبێ ئەوەى ناوەڕۆکەکە تەقێنرابێتەوە.
[1] یەک دوو نمونەی ڕۆژانەیی و سادە دەهێنینەوە لە سیاسەتدا: پێش ماوەیەک لە هەڵبژاردنەکانى کوردستاندا. بانگەشەکان ستایلێکى تاڕادەیەک نامۆى گرتبووەخۆى. زۆرێک لە کارەکتەرە حیزبییەکان لاسایی ستایلى بانگەشەى وڵاتانى خۆرئاوایان دەکردەوە. ئەویش لە کۆمەڵگایەکدا کە دەکەوێتە پێش “ئاشتیی کۆمەڵایەتی”یەوە نەک دواى ئاشتیی کۆمەڵایەتى. ئەو ستایلە خۆى لە ناوەڕۆکدا دەرپەڕینى ناوەڕۆکە توندوتیژە کۆمەڵایەتى و کەلتورییەکە بوو لە فۆرمێکى حیزبى دا. هەر بۆیە خەڵکیش چاوەڕوان بوون بزانن دواى هەڵبژاردن چى ڕوودەدات. لەکاتێکدا لە وڵاتانى تر. بانگەشەى هەڵبژاردن چەندە توند بێت. کۆتاییەکەى ڕوونە. ئەم ناڕوونییەى ئێرە. بەرهەمى ناوەڕۆکى لۆکاڵ و فۆرمێکى گوایە گڵۆباڵ بوو کە زوو بیرچووەوە. ئەم نمونە سادەیە دەریدەخات کە هەر کۆمەڵگایەک ئەزموونى خۆى هەیە. ئەزموونى “ئاگایی” خۆى. ئاگایی (consciousness)یش پرۆسەیەکى پڕ لە پێچ و توێیە. هەر پێچێکیش لە میکانیزمێکى جووتڕەهەنددا خۆى دەکاتەوە کە جارێک شتێک فڕێدەداتەدەرەوە و هەمان جاریش ئەو شتە ناوەکیدەکاتەوە و هەڵیدەداتە ناو خۆیەوە و بە مانایەک “هەرسى دەکات”. شتێک کە ناوەکى نەبووەوە. یانى هەرس نەبووە و نابێتە بەشێک لە ئاگایی و بەئاسانى دەچینەوە سەر سکە مێژووییە خۆماڵییەکە. ئەوەى هەرسدەبێت. دەشبێتە ناوەڕۆک. بەم مانایە. ناوەڕۆک لە ناوەوەیە. یاسا باوەکە ئەوەیە کە ناوەڕۆک هەڵچوو و کەڵەکەبوو. ئیدى فۆرمى کۆن دەتەقێنێت و فۆرمێکى نوێ بۆ خۆى چێدەکات. ئەمە هێشتا بۆ کۆمەڵگایەکە تا ڕادەیەک ئاسایی بجووڵێت و گەشەبکات. بۆ کۆمەڵگایەک کە ئەم پەیوەندییە ئۆرگانییە لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆکدا نیە. دەشێت پەیوەندیی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک تێکبچێت. ناوەڕۆکى کۆن. بە چەند قۆناغێکدا فۆرمى خۆى نوێدەکاتەوە؛ بەڵام دەشێت لەو نێوانەدا دیسان هەر پێداگرى بنوێنێت و فۆرمى فریودەر درووستبکات. دیسان لەڕووى سیاسییەوە دەتوانین ئاماژە بۆ گفتوگۆکانى سەردەمى ڕیفراندۆم بکەین: ڕایەک دەیوت دەبێت هەلومەرجى دەوڵەت بڕەخسێت (ناوەڕۆک). ئینجا داواى دەوڵەت بکرێت (فۆرم). ڕاکەى تریش داواى دەوڵەتێکى دەکرد کە خۆى پێشمەرجى هەموو گەشەیەکە.