زووم..
بزووتنەوەی حەماس ناوی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ئاشکراکرد کە بڕیارە سبەینێ شەممە ئازادیان بکات، ئیسرائیلیش دەڵێت، ناوەکانیان بەدەست گەیشتووە و وەڵامیان دەبێت.
لە راگەیاندراوێکدا حەماس بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە چوار سەربازی بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکەن بەم ناوانە: کارینا ئاریێڤ، دانیێل جەلبوع، نیعمە لێڤی، هەروەها لیری ئالباگ.
ئەم چوار بارمتەیە پێش ئەوەی لەلایەن حەماسەوە دەستگیربکرێن لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیلدا بوون و سەرجەمیان تەمەنیان 20 ساڵە، جگە لە لیری ئالباگ کە تەمەنی 19 ساڵە.
لەبارەی هەواڵی ئازادکردنی بارمتەکانەوە، ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لیستی کۆمەڵێک ژنی رفێندراومان لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە بەدەست گەیشتووە و دواتر وەڵامی ئیسرائیل دەبیستن.
ئەمە دووەم گەڕی ئازادکردنی بارمتەیە لەلایەن حەماسەوە. بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەست کە لە 15-01-2025 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئازادکردنی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی بەرامبەر ئازادکردنی 30 زیندانی فەڵەستینییە.
هەفتەی رابردوو حەماس سێ بارمتەی ئازادکرد و دواتریش ئیسرائیل 90 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کرد، ئەمجارەش 120 زیندانی فەڵەستینی لەبەرامبەر ئەم چوار بارمتەیەدا ئازاد دەکرێن.