زووم:
ئەمڕۆ چارەنووسی هەڵبژاردەکانی گروپی پێنجەمی مۆندیال یەکلادەبنەوە، ئیسپانیا و ئەڵمانیا چانسی سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 16 زیاترە، بەڵام بەهۆی نزیکیی خاڵەکانەوە هەموو ئەگەرەکان کراوەن و یابان و کۆستاریکاش هیوای گەیشتنیان ماوە.
یارییەکانی گروپی پێنجەم کاتژمێر 10:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن:
کۆستاریکا × ئەڵمانیا
یابان × ئیسپانیا
ریزبەندیی گروپەکەش بەمجۆرەیە:
یەکەم: ئیسپانیا 4 خاڵ
دووەم: یابان 3 خاڵ
سێیەم: کۆستاریکا 3 خاڵ
چوارەم: ئەڵمانیا 1 خاڵ
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی ئیسپانیا:
ئیسپانیا گەورەترین چانسی سەرکەوتنی هەیە، جگە لە بردنەوە و یەکسانبوون لەگەڵ یابان، تەنانەت بە دۆڕاندنیش بلیتی قۆناغی 16 دەبڕێت (بەمەرجێک کۆستاریکا لە ئەڵمانیا نەباتەوە).
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی ئەڵمانیا:
ئەڵمانیا بە دۆڕاندن و یەکسانبوون راستەوخۆ ماڵئاوایی لە مۆندیال دەکات، بۆیە تەنها یەک بژارەی لەبەردەمە کە بریتییە لە بردنەوە لە کۆستاریکا (ئەویش مەرجی لەگەڵە و نابێت یابان لە ئیسپانیا بباتەوە). بۆ ئەوەی ئەو مەرجە نەبێت و گوێ بە ئەنجامی یارییەکەی یابان و ئیسپانیا نەدات، ئەوا پێویستە بە جیاوازیی حەوت گۆڵ لە کۆستاریکا بباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی یابان:
یابان بە بردنەوە لە ئیسپانیا سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16 مسۆگەردەکات، بەڵام هەر ئەنجامێکی دیکە دەیخاتە گێژاوەوە. ئەگەر بدۆڕێت راستەوخۆ ماڵئاوایی دەکات و ئەگەر یەکسانیش بێت پێویستە ئەڵمانیا و کۆستاریکاش یەکسان بن.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی کۆستاریکا:
کۆستاریکا بە بردنەوە لە ئەڵمانیا سەردەکەوێت و بە دۆڕاندن ماڵئاوایی دەکات، لە حاڵەتی یەکسانبوونیشیدا لەگەڵ ئەڵمانیا چانسی سەرکەوتنی هەیە بەو مەرجەی ئیسپانیا لە یابان بباتەوە.
The final matches in Group E and F are today! 👊
Who will be advancing to the Round of 16? 🤔#FIFAWorldCup #Qatar2022
— FIFA World Cup (@FIFAWorldCup) December 1, 2022
هەر ئەمڕۆ چارەنووسی هەڵبژاردەکانی گروپی شەشەمی مۆندیالیش یەکلادەبنەوە، مەغریب و کرواتیا چانسی سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 16 زیاترە، کەنەدا هیچ هیوایەکی نەماوە و بەلجیکاش بە یەک “ئەگەر”ەوە یاری دەکات.
یارییەکانی گروپی شەشەم کاتژمێر 10:00ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن:
کەنەدا × مەغریب
کرواتیا × بەلجیکا
ریزبەندیی گروپەکەش بەمجۆرەیە:
یەکەم: کرواتیا 4 خاڵ
دووەم: مەغریب 4 خاڵ
سێیەم: بەلجیکا 3 خاڵ
چوارەم: کەنەدا خاڵی نییە
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی مەغریب:
هەڵبژاردەی مەغریب گەورەترین چانسی هەیە بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16، جگەلەوەی لە یارییەکەیدا بەرامبەر کەنەدا بە بردنەوە و یەکسانبوون راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی دووەم، لە هەمانکاتدا بە دۆڕاندنیش هەلی سەرکەوتنی هەیە بە مەرجێک کرواتیا لە بەلجیکا بباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی کرواتیا:
سەرکەوتنی کرواتیا لەدەستی خۆیدایە، بردنەوە و یەکسانبوون لەگەڵ بەلجیکا راستەوخۆ دەیگەیەنێت قۆناغی 16، لە حاڵەتی دۆڕاندنیشدا ئەگەری سەرکەوتنی هەیە بەمەرجێک کەنەدا لە مەغریب بباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی بەلجیکا:
دۆخەکە بۆ بەلجیکا کەمێک قورسە، پێویستی بە بردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی 16، بە دۆڕاندن دەردەکرێت، بە یەکسانبوونیش پێویستی بەوەیە کەنەدا بە جیاوازیی دوو گۆڵ لە مەغریب بباتەوە.
کەنەدا هیچ هیوایەکی نەماوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2022ی قەتەر.