زووم..
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، بەهۆى هێرشێکەوە لە گوندی شیلانی سنوورى قەزاى باتیفاى سنوورى زاخۆ، دوو پاسەوانى سنوور گیانیان لەدەستدا و یەکێکى دیکەش برینداربوو.
پۆلیسى زاخۆ بە زوومى گوت، هێرشەکە بە هاوەن بووە و ئەوانەی لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە خەڵکى دهۆک و قەزاى سێمێلن و بریندارەکەش خەڵکى قەزاى زاخۆیە.
ئەو دوو کەسەى گیانیان لەدەستداوە عەلی رەمەزان ئیسماعیل خەڵکی قەزای سێمێل بووە و مێهڤان ناجی میر شەرەف خەڵکى دهۆک بووە.
پۆلیسى زاخۆ باسی لەوەش کردووە، هێرشەکە بە دوو گولە هاوەن ئەنجامدراوە و سەرچاوەى هێرشەکە نەزانراوە. بەڵام بەشێک لە میدیانی پارتی بڵاویانکردەوە، کە هێرشەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، هاوخەمی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی دوو پاسەوانەکە دەربڕیوە و دەڵێت، هێرشەکە لەلایەن رێکخراوی پەکەکەوە ئەنجامدراوە.
لەبەرامبەردا میدیاکانى نزیک لە پەکەکەش دەڵێن، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لەو سنوورە ڕوویداوە، لەو کاتەدا سوپای تورکیا بە هاوەن بۆردومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی کرد و بەو هۆیەوە دوو پاسەوان کوژراون و یەکێکى دیکەش برینداربووە.