زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف: ترەمپ پەنا بۆ سەرۆکی چین دەبات
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا، کە قسەی بۆ کۆمەڵێک بازرگانی کۆبۆوە لە داڤۆس دەکرد، گوتی پەنا بۆ شی جینپینگی سەرۆکی چین دەبات، بۆئەوەی پێکەوە بتوانن شەڕی ئۆکراین کۆتایی پێبهێنن. ترەمپ لەو قسانەیدا گوتی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شیدا کردووە، چونکە دەزانێت چین دەستەڵاتێکی زۆری بەسەر ئەو بارودۆخەدا دەشکێتەوە، بەڵام هەر لەو قسەکردنەشیدا رەخنەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گرت و گوتی کارەکانیان بێرۆکراسییانەیە، هەروەها داوای لە سعوودیەش کرد، کە نرخی نەوت داببەزێنێت.
تایمز: بکوژی سێ منداڵەکەی ساوزپۆرت بە 52 ساڵ زیندانیکردن سزادرا
دوێنێ دادگا ئەو کوڕە گەنجەی حوکمدا، کە پەلاماری ناوەندێکی مەشقی هاوینەی منداڵانی دا و سێ کچی وردی لێ کوشتن. بە بەهانەی ئەوەی کە لە ڕووی تەمەنەوە منداڵە، دادگا بڕیاریدا بکوژەکە بۆماوەی ٥٢ ساڵ زیندانی بکرێت، بەڵام ئەوکەسانەی پەیوەندییان بە کەیسەکەوە هەیە و کەسوکاری قوربانییەکان پێیانوایە ئەو سزایە لە ئاستی تاوانەکەدا نییە و داوادەکەن زیادبکرێ.
ئاکسڵ روداکوبانا تەمەنی 18 ساڵە، دەبێت بەلای کەمەوە 52 ساڵ لە زینداندا بەسەرببات، لەبەرئەوەی رۆژی 29ـی تەمموز لە هۆڵێکی مەشقی هاوینەدا، کە بە هۆڵی تایلەر سویفت ناسراوە تەقەی لەو منداڵانە کرد، کە لەوێ مەشقی هاوینەیان دەکرد، سێ منداڵی کوشت و ژمارەیەکیشی لێ بریندارکردن، ئەوکەسانەی روداوەکەیان بینیوە دەڵێن کاتی پەلاماردانەکەی زۆر خۆشحاڵ بووە، کە بینیویەتی منداڵەکان دەمرن.
فاینەنشیەڵ تایمز: ترەمپ داوای کرد ئۆپێک نرخی نەوت داببەزێنێت
دوێنێ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەڕێگای لێدوانی ڤیدیۆییەوە گوتارێکی بۆ بازرگانە بەشدارەکانی لوتکەی داڤۆس پێشکەش کرد، لە گوتارەکەیدا داوای لە ئۆپێک کرد نرخی جیهانیی نەوت داببەزێنێت و بانکەکانیش راستەوخۆ بڕی سوود کەم بکەنەوە.
ترەمپ بە سعوودیە و وڵاتەکانی تری بەرهەمهێنەری نەوتی گوت کە نرخی نەوت داببەزێنن، سەرسامیی خۆیی پیشاندا لەوەی کە بۆچی لە پێش هەڵبژاردنەکانەوە سعوودیە و ئەو وڵاتانەی تر کە بەرهەمهێنەرن نرخەکانیان دانەبەزاندووە، بۆیە لە ئێستادا داوایان لێدەکات دایببەزێنن.
ئۆرشەلیم پۆست: ئایا ئاگربەستەکەی لوبنان و غەزە هەڵدەوەشێنەوە؟
ئەم رۆژنامەیە ئەمڕۆ ئەم پرسیارەی وروژاندووە و دەڵێت رۆژی یەکشەممە ئەو ماوە شەست رۆژییە کۆتایی پێدێت، کە بۆ سوپای ئیسرائیل دانراوە پاشەکشە لە باشوری لوبنان بکات. هەروەها دەبێت سبەینێ شەممە لە ناوچەی نێتزاریمیش پاشەکشە بکات و دەرگاکان لەبەردەم ئەو چەند ملیۆن خەڵکەدا ئاوەڵابکات، کە ئاوارەبوون، بۆئەوەی بتوانن لە باشووری غەزەوە بگەڕێنەوە بەرەو باکورەکەی. هەروەها دەبێت رێگە بدرێت هەندێک لە بەرپرسە فەلەستینییەکانیش بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی کارکردنی خۆیان لەسەر سنوری غەزە و رەفەح و میسر، کە ئەمەیان مەسەلەیەکە بەدەر نییە لە کێشە، بنیامین نەتانیاهۆش قسەی لەسەر ئەم خاڵەیان هەیە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ شەرقلئەوسەت: باسی کاریگەریی ئێران زیادەڕەوی تێداکراوە
د.لەتیف رشید، سەرۆککۆماری عێراق دەڵیت، باسکردن لە کاریگەریی و هەژموونى ئێران لە عێراق، زیادەڕەویی تێکراوە و سەرجەم کەتیبە چەکدارەکانیش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتى عێراقدان.
سەرۆکى عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەى داڤۆس و لە چاوپێکەوتێکى تایەبەتى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت گوتی، سەرکردە و فەرماندەکانى گرووپە چەکدارەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى چەک بەکارنەهێنن، بەتایبەت دوای گەیشتن بە رێککەوتنى ئاگربەستى غەزە.
حکومەتى عێراقیش ئەو گرووپانەى ناچار کردووە لەژێر جڵەو و کۆنترۆڵی خۆیدابن، بە میکانیزمێک گەیشتووە بەوەى رێگریی لە چالاکی و ئۆپراسیۆنەکانیان بکات.
قودسی عەرەبی
شەرع: رێگە بە چەکدارە بیانییەکان لە سوریا نادەین
ئەحمەد شەرع، فەرماندەى ئیدارەى نوێی سوریا، هەر گرووپ و دەستیەکى چەکداریی بیانیی لە سوریا رەتکردەوە لە دەرەوەى کۆنترۆڵ و چەتری دەوڵەتدابن.
پێداگیریش دەکات، رێگە نادەن پارتى کرێکارانى کوردستان ئۆپراسیۆن و هێرش دژ بە تورکیا ئەنجامبدات.
شەرع دەڵێت، تاکو ئێستا پەکەکە و یەپەگە، رازی نەبوون چەک دابنێن، بەڵام ئەوان وەک سوریای نوێ، هەموو هەوڵیک دەدەن سەقامگیریی و ئاسایشی سنوورەکانیان بە تورکیاوە بپارێزن.
عەرەبی جەدید
حزبوڵا درێژەکێشانى داگیرکاریی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە
حزبوڵای لوبنان پێداگریی دەکات، درێژەکێشان بە داگیرکاریی و دواخستنى کشانەوەى سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانى باشووری لوبنان بۆ ماوەى مانگێکى تر، رەتدەکاتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەى کۆتاییهینان بە ئاگربەستە 60 رۆژییەکەى نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل لە کاتژێر چواری بەرەبەیانى رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەکاتى بەیروت، ئیسرائیل بە پاساوی ئەوەى هێشتا ئەنجامدانى رێککەوتنی ئاگربەست بە تەواوەتى نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەخوازێت مانگێکی تر مانەوەى سوپا لە ناوچە سنوورییەکانى باشووری لوبنان درێژبکاتەوە.
ئیسرائیل بە فەرمی ئەم داوایەى لە ئەمریکا کردووە وەک بەشێک لە تەواوکردنى ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکانیان لەو ناوچە سنوورییانە، هیچ گرەنتییەکیش نییە ئەمریکا داوایەکى لەو شێوەیە رەتبکاتەوە.
عەرەب
سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان داوای بەشداریکردن لە دانوستانەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دەکات
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای کرد هەرێم بەشداربێت لە دانوستانەکانی نێوان بەغداد و بی پی سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ دووبارە وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ململانێ و گرژییانەى هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیەتى، کە دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی هەرێمدا بگرێت و لە بەرامبەردا قەیرانێک چارەسەربکات کە بریتییە لە پێدانی بودجە بە هەرێم.
هەرێمی کوردستانیش هەوڵدەدات، قەیرانی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان لە دەرەوەی وڵات چارەسەربکات و سەرنجیان بۆ وەبەرهێنان رابکێشێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
شەقامەکانی ئیستەنبوڵ سەدا 15 قەرەباڵختر بووە
ئیستەنبوڵ بووەتە یەک لەو شارانەى دنیا کە چیتر شەقامەکانی ئۆتومبێل هەڵناگرێت. بەگوێرەى ئامارێک بە بەراورد بە ساڵى 2023 شەقامەکانی ئیستەنبوڵ سەدا 15 قەرەباڵختر بووە.
ئیستەنبوڵ لە رووى قەرەباڵخییەوە خراوەتە لیستی ئەو 946 شارەى کە بە قەرەباڵخترین شار لە رووى زۆری ئۆتومبیلەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە.
ئیستەنبوڵ، نیویۆرک، شیکاغۆ و لەندەن بە قەرەباڵخترین شارەکانی جیهان ناسراون.
سۆزجو
ئەو ئوتێلەى سوتا پێشتر شوێنی بەرتیل خواردنی تیا هەبووە
لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەى بۆڵو بەردەواممە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس.
کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتیاریی، پشکنەری بەڕێوەبەرایەتی و لایەنەکانی دیکە هاتون لەوێ حەوانەتەوە، خواردن و خواردنەوە و خلیسکێنەى سەر بەفریان کردووە و دواتر قروشێکیان لێوەرنەگیراوە و لە راپۆرتەکەدا نوسیویانە هیچ کەموکورتییەک لە ئوتێلەکەدا نییە.
بڕیاردراوە بە رووخانی ئوتێلەکە و لێکۆڵینەوە لە سوتانی ئوتێلەکەش بەردەواممە.
قەرار
هوداپار داوای دادپەروەریی و بێدەنگکردنی چەکەکان دەکات
زەکەریا یەپیجیئۆغڵو سەرۆکی گشتیی هودا پار رایگەیاندووە پارتەکەیان پشتیوانی تەواوی پڕۆسەیەک دەکات لەپێناو ئاشتەوایی و بێدەنگکردنی چەکەکان بێت. راشیگەیاندووە وەستانی شەڕ و نەڕشتنى خوێن بە گرنگ دەزانین و لەوبارەیەوە هەر ئەرکێک لەسەر شانمان بێت ئامادەین جێبەجێی بکەین.
یەنی بیرلیک
وەزارەتی بەرگری تورکیا: لە سوریا درێژە بە ئەرکەکانمان دەدەین
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندووە تورکیا لە ئەرکەکانی لە سوریا بەردەوام دەبێت و سوپای تورکیاش بەم نزیکانە لە سوریا ناکشێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە بە دوور نییە سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی نوێی سوریا ئەرکەکانی خۆیان بەجێبهێنن.