زووم..
وەزیری پەروەردەی عێراق بەڵێنی بە مامۆستایانی خوێندنی کوردیی کەرکوک داوە، کار بکات بۆ گواستنەوەیان بۆسەر بەغداد، بەگوتەی نوێنەرێکی مامۆستاکان، لە هەفتەى داهاتووەوە هەنگاوى کردارى بۆ گواستنەوەى راژەکانیان بۆ بەغداد دەستپێدەکەن.
چەند رۆژێکە شاندێکی مامۆستایانى خوێندنی کوردیی کەرکوک لە بەغدادن، محەمەد جەلیل، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بە زوومى راگەیاند، “لەگەڵ وەزیرانى پەروەردە و دادى عێراقى کۆبووینەوە و بەڵێنى چارەسەرکردنى کێشەى گواستنەوەى مامۆستایانیان دا”.
گوتیشى، وەزیرى پەروەردەی عێراق پێیگوتوون، چەند جارێک داواى لە وەزیرى پەروەردەى هەرێمی کوردستان کردووە، رازیبێت بە گواستنەوەى راژەی مامۆستایانى کەرکوک بۆسەر بەغداد، بەڵام بێئەنجام بووە.
نوێنەرەکەی مامۆستایانی کەرکوک راشیگەیاند، گرفتەکانى مامۆستایانى خوێندنی کوردی نەبوونى سندوقى خانەنشینى، بوونى مامۆستاى گرێبەست و جیاوازیى مووچەى نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادە، کە پێویستە هەموو ئەمانە لە بەغداد چارەسەربکرێن، تاوەکو هەنگاوەکانى گواستنەوەى مامۆستایان دەستپێبکات.
لەماوەی رابردوودا مامۆستایانی خوێندنی کوردی بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان چەندین جار داوای گواستنەوەی راژەکانیان کردووە