زووم..
شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق دوای دوو رۆژ مانەوەی لە هەولێر، گەڕایەوە بەغداد و راپۆرتێک لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران و پارەی تەواوی مووچە دەدات بە ئەنجومەنی وەزیران.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، شاندەکەی وەزارەتی دارایی عێراق شەش بەرپرسی باڵای وەزارەتەکەبوون و لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی هەرێم کۆبوونەتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت، شاندەکەی عێراق راپۆرتێکیان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، پارەی تەواوی مانگانەی مووچەخۆران، خەرجیەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە، بەڵام لە راپۆرتەکەدا بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران باسنەکراوە.
بەگوێرەی گوتەی ئەو سەرچاوەیە، راپۆرتەکە دەدرێتە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و دواتریش دەخرێتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سودانیش لەسەر بنەمای راپۆرتەکەی ئەو شاندە بڕیار لەسەر مووچەی مانگی دوانزە و مووچەی مانگەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان دەدات.