زووم..
رۆژنامەی عەرەب دەڵێت، هەندێک لایەنی شیعی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن لە بەرژەوەندی ئێران.
رۆژنامەکە لە بابەتێکیدا باسی لەوە کردووە، ئەو لایەنە شیعییانە کە نزیک لە ئێرانن لە رووی یاسایی و هونەرییەوە کیشە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەکەن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم ناچار بە “ملدان و گوێڕایەڵی بۆ سیاسەتەکانى ئێران لەناوچەکەدا بکەن.”
رۆژی 19-01-2025 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان هەموارەکە دەنگی لەسەر نەدرا و دانیشتنەکە هەڵگیرا.
بەگوێرەی مادەی 12ـی هەمواری یاساکە، تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە شەش دۆلارەوە دەکرێتە 16 دۆلار و بەرهەمهێنانی نەوت دەدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجێک تەواوی نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
لە مانگی ئازاری 2023ەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگایی ناوبژیوانی پاریسەوە بەهۆی دۆسیەیەکی نێوان عێراق و تورکیاوە راگیراوە و تائێستا زیانەکان بە 24 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن.