زووم..
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کرد و بە بۆنەی دەستبەکاربوونی پیرۆزبایی ئاراستەکرد و پێی گوت، بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکەن.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، بن سەلمان ترەمپی ئاگادار کردووەتەوە کە وڵاتەکەی بەنیازە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا نزیکەی 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات بە تایبەتی لە بواری ژیریی دەستکرد.
هەروەها وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە کرد، بارودۆخی سوریا، لوبنان، غەززە و هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانیان تاوتوێ کرد.
ترەمپ لە خولی پێشوودا سعودیەی هەڵبژارد بۆ یەکەمین گەشتی دەرەوەی وڵات بەهۆی ئەوەی سعودیە 450 ملیار دۆلار بەرهەمی ئەمریکی کڕیبوو، ئەمجارەش دەڵێت ئەگەر بەرهەمی زیاتر بکڕن رەنگە یەکەمین گەشتی دەرەوەی بۆ سعودیە رێکبخات.