زووم..
لە یەکەم چاوپێکەوتنی لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هێرشیکردە سەر سەرۆکی پێشووی وڵات و رایگەیاند، سەرقاڵ دەبێت بە کۆمەڵێک بابەتەوە کە نەدەبوو روویانبدایە، باسی ئازادکردنی سزادراوانی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس و تیکتۆکیشی کرد.
دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار دوای ئەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربێت چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئەنجامدا و تێیدا هێرشی کردە سەر جۆ بایدن.
لەبارەی ئەوەی هەستی چۆنە جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ئۆفیسی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ گوتی، “کارم زۆر دەبێت بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی [جۆ بایدن]” و لەسەردەمی ئەودا هەندێکی شت روویاندا کە نەدەبوو رووبدەن، وەک “کارەساتی ئەفغانستان، حەوتی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل و جەنگی ئۆکراین.”
جۆ بایدن پێش ئەوەی کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتی بێت، کۆمەڵێک لێخۆشبوونی بۆ بەشێک لە ئەندامانی خانەوادەکەی دەرکرد، کە دیاریترینیان هەنتەری کوڕی بوو کە تۆمەتبار بوو بە ئەنجامدانی ساختەکاری و کڕینی چەک بە شێوەی نایاسایی.
ترەمپ لەبارەی لێخۆشبوونی بایدن لە کوڕەکەی و ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی گوتی، بایدن “هەر خەریکی دەرکردنی لێخۆشبوون بووە بۆ هەموو خەڵک، پێم سەیرە کە لێخۆشبوونی بۆ خۆی دەرنەکردووە.”
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی لێخۆشبوون لە سزادراوانی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس بەرگریی لە بڕیارەکەی خۆی کرد و گوتی: من گوتم کە ئازادیان دەکەم، ئەوان دەنگیان بەمن دا و وەک خراپترین تاوانباری مێژوو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کرا.
ژمارەی سزادراوانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لە 06-01-2021 زیاترە لە هەزار و 500 کەس و سەرجەمیان ئازادکران. ئەم هەنگاوەی ترەمپ دیموکراتەکانی تووڕە کردووە و دەڵێن “مایەی شەرمەزارییە.”
ئەو سزادراوانە دوای ئەوەی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 2020 سەرکەوتنی بەدەستهێنا هەڵیانکوتایەسەر کۆنگرێس، ئەمەش پاش گوتارێکی ترەمپ هات کە دیموکراتەکان بە هاندان بۆ توندوتیژی لێکیاندایەوە.
ترەمپ زیاتر بەرگریی لە بڕیاری ئازادکرنی ئەو سزادراوانە کرد و گوتی، “دەزانیت ئەوان بۆچی زیندانی کرابوون؟ ئەوان دژی هەڵبژاردن خۆپیشاندانیان کرد چونکە دەیانزانی هەڵبژاردنی [2020] ساختەکاری تێدا بوو.”
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تیکتۆکیشەوە قسەی کرد و گوتی، تیکتۆک لە ئەمریکا دەمێنێتەوە و لەکۆتاییدا کەسێک هەر دەیکڕێت.
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە 20-01-2025، ترەمپ بڕیاریدا 75 رۆژ مۆڵەت بدات بە تیکتۆک تا کێشەکەی چارەسەر دەکات و دەگەن بە بڕیارێک لەگەڵ کۆمپانیای بایت دانسی چینی.
رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ، تیکتۆک بەهۆی بڕیارێکی ئیدارەی بایدنەوە لە ئەمریکا داخرا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی نەتوانن ئەپەکە بەکاربهێنن.