زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ترەمپ بە پوتین دەڵێت یان راگرتنی شەڕ یان سزا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی دایە روسیا کە رووبەڕووی باج، گومرگ و سزای ئابووریی دەبێتەوە ئەگەر بەزوویی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئۆکرایندا نەکات. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ فشار خستنەسەر مۆسکۆ بۆ دەستپێکردنی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ کێیڤدا. ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی درووستیکردووە، گووتی کە ئابووریی روسیا شکستی هێناوە و داوای لە پوتین کرد دابنیشێت و واز لەو شەڕە “بێمانایە” بهێنێت.
دەیلی تەلەگراف
لە کۆی 12 کەس لە لەندەن یەکێکیان کۆچبەری نایاساییە
لەئێستادا زیاتر لە 585 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیادا دەژین، ئەمەش یەکسانە بە یەک لەسەر 12ـی کۆی دانیشتووانی ئەو شارە. بەگوێرەی توێژینەوەیەک، تادێت نیگەرانییەکانی خەڵکی وڵاتەکە لەبارەی سنوورەکان و زیادبوونی فشار لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان زیاتر دەبێت، بەتایبەتیش لەسەر کەرتی تەندرووستیی ئەو وڵاتە. بەشێکی دیکەی نیگەرانییەکان پەیوستە بە کارکردنی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە لە ئابووری رەش و کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردندا کاردەکەن.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپا بەرۆکی حزبوڵای بەرنەداوە دەیەوێت بەتەواوی نیکۆکی بکات
سوپای ئیسرائیل هیواخوازە بەوەی حکومەتی وڵاتەکەی و چەند زلهێزێکی نێودەوڵەتیی وەک ئەمریکا پشتیوانی بکەن تا بۆماوەی 30 رۆژی دیکە لە باشووری لوبناندا بمێنێتەوە، جیا لەو رێککەوتنەی هەفتەی رابردوو لە غەزە ئەنجامیداوە. ئامانجی لەو داوایەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە حزبوڵڵا لە گوندە سنووریەکاندا شاردوونیەتەوە، لەنێودەبرێن، چونکە بەگوێرەی سوپای ئەو وڵاتە، حزبوڵڵا چەندین پێشێلکاریی بچووکی لەدوای رێککەوتنەکە ئەنجامداوە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە هیچ هێرشێکی بۆسەر خاکی ئیسرائیل نەکردووە.
عەرەب نیوز
داوا لە ئێران دەکرێت دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی بێت
ئەنتۆنیۆ گووتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە ئێران دەست هەڵگرێت لە خواستە ئەتۆمییەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکانی ناوچەکەدا بەهێز بکاتەوە. گووتێرێز لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس رایگەیاند، هیوا خوازە ئێرانییەکان لەوە تێبگەن کە گرنگە بۆ یەکجار و بۆ هەتاهەتایە دەستەبەرداریی چەکی ئەتۆمی بێت. لە هەمان کاتتدا، داوای لە تاران کرد کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پەیوەندییەکانی باش بکاتەوە، بەتایبەت لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە، کە هیوای خواست ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
حەماس کەسوکاری سەرکردە کوژراوەکانى ئاگادار دەکاتەوە
دواى هێوربوونەوەى بارودۆخی غەزە، بزووتنەوەى حەماس دەستیکردووە بە ئاگادارکردنەوەى کەسوکاری ئەو سەرکردانەى کە لەکاتى جەنگەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هیچ رێگەیەک نەبووە بۆ ئاگاداربوونییان، بەگوێرەى هەندێک لە سەرچاوەکانى نێو بزوتنەوەى حەماس خێزانى ئەندامانى مەکتەبی سیاسی ئاگادار کراونەتەوە و پرسە و سەرەخۆشی پێڕاگەیاندوون، لەوانەش روحی موشتەهی، سامح سەراج، عیسام دەعالیس، سامی عۆدە -کە بەرپرسی دەزگاى هەواڵگری و ئاسایشى گشتى حەماس بووە- ، سەرچاوەکە بە شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە، روحی موشتەهی سێ خول ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووە وبەرپرسی باڵای دارایی و ئەمنى حەماس بووە و بڕیار بووە جێگەى یەحیا سنوار بگرێتەوە، لەپەناى ئەوانەشدا کەسوکاری سەرکردە سەربازییەکانیش ئاگادارکراونەتەوە لەوانەش مەروان عیسا، رافع سەلامە، ئەحمەد حەموودە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە دواى ئاگربەست تیمێکى تایبەتى حەماس سەرقاڵی گەڕانن بەداوى جەستەى ئەندامانى بزووتنەوەکەیاندا و دواتر لە جەبالیا بەخاکیان دەسپێرن.
سەباح
رۆژانە لە بەغداد نۆ ملیۆن تۆن خاشاک فڕێدەدرێت
دکتۆر عەمار عەتا راوێژکاری وەزارەتى ژینگەى عێراق رایگەیاند زبڵ و خاشاک گرفتێکى گەورە و هەڕەشەیەکى راستەقینەیە لە پارێزگاکانى عێراقدا بەتایبەتى لە بەغدادى پایتەخت، لەبەر ئەوەى رۆژانە لە بەغداد زیاتر لە نۆ ملیۆن تەن خۆڵ و خاشاک فڕێدەدرێتە ژینگەوە، پرۆسەکەش بەشێوەیەکى زانستى بەڕێوە ناچێت و بەشێکى زۆری ریسایکڵ ناکرێتەوە، راشیگەیاند بەشێک لەو زبڵە دەستوتێت و دووبارە دەگەڕێتەوە نێو ژینگە و کێشەى دیکە دروست دەکات، مادەى کیمیاویی جۆراوجۆر دەکاتەوە نێو هەوا، یەکێک لەو کێشە گەورانەى کە دروستیدەکات تەمێکى رەساسییە کە هەڵگری جۆرەها مادەى کیمیاوى مەترسیدارە و دواتر دەڕێژتەوە سەر زەوی و دەنوسێت بە مادە خۆراکی و کشتوکاڵییەکانەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشی جۆراوجۆری هەناسەدان، گەدە، دڵ و تەنانەت شێرپەنجەش.
مەدا
پێنج هەزار ژنى نەیجیری لە عێراق لە دۆخێکى ئاڵۆزدان
ئەبیکی دابیری ئیروا سەرۆکی لیژنەى کاروباری نەیجیرییەکان (NIDCOM) بە میدیاى وڵاتەکەى راگەیاندووە پێنج هەزار ژنى کرێکارى نەیجیریی لە عێراق گیریان خواردوەو لە دۆخێکی ئاڵۆزدان و زۆرینەیان ژیانێکى قورس بەڕێدەکەن و نازانن چارەنوسیان بەچى دەگات، تەنانەت لە رۆژانى رابردوودا یەکێک لەو ژنانە لە بارودۆخێکی نادیاردا و لەکاتى کارکردندا گیانى لەدەستداوە و لیژنەکەیان سەرقاڵی ناردنەوەى تەرمەکەیەتى بۆ وڵاتى نەیجیریا، راشیگەیاندووە هیچ کەسێک لە بێ دابینکردنى ڤیزاى فەرمی و گەشتى دڵنیایی روونەکاتە عێراق، ئیروا راشیگەیاندووە هاووڵاتیان لەناوخۆدا کار بکەن باشترە لەوەى بێن و لە عێراق گیربحۆن و نەزانن چارەنووسیان بەکوێ دەگات.
عەرەب
حزبە شیعیەکان رێگرن لە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان
دواى ئەوەى لە مانگی ئازاری ساڵی پارەوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى فەرمی راوەستێنرا، ئێستا ئەو دۆسیەیە پڕیەتى لە کێشە و رۆژانە لەمپەرى لەبەردەمدا دروستدەکرێـت، رۆژنامەى عەرەب نووسیویەتى رێگریی لە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان وەرەقەى فشارى هەندێک لایەنى شیعەى عێراقی نزیک لە ئێرانە لەڕووى ئابووری و یاسایی و هونەرییەوە بۆی دروستدەکرێت بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان ناچاربکەن بە ملدان و گوێڕایەڵی بۆ سیاسەتەکانى ئێران لەناوچەکەدا، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە پێش ئەوەى دادگاى پاریس نەوتى هەرێمى کوردستان رابگرێت رۆژانە 480 هەزار بەرمیل بەفەرمی رەوانەى بەندەری جەیهان دەکرا و مانگانەش ملیارێک دۆلار دەگەڕایەوە خەزێنەى هەرێمى کوردستان بەڵام ئێستا راوەستاوە و پێناچێت بەو ئاسانییەش دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە پێشنیاری جۆراوجۆربۆ دەستپێکردنەوەى لە ئارادایە، بەڵام بۆ هەر یەکێکیان لەمپەرى یاسایی، هونەریی و ئابووری بۆ دروستدەکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
رۆژانە 200 کەس بەهۆی شێرپەنجە لە ئێران گیانلەدەست دەدەن
شێرپەنجە یەکێکە لە ئاستەنگە تەندروستییە جدییەکان لە ئێران و جیهاندا کە زیادبوونی وایکردووە نیگەرانی بۆ سیستەمی تەندروستی دروست ببێت.
به گوێرەی ئامارەکان ساڵانه نزیکەی 131 هەزار حاڵەتی شێرپەنجه له ئێران تۆمار دەکرێت و رۆژانه 200 کەس بەهۆی ئەم نەخۆشیەوه گیان لەدەست دەدەن. شێوازی ژیانی ناتەندروست، جگەرەکێشان، خۆراکی خراپ، کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی و هۆکارە بۆماوەییەکان لە گرنگترین سەرچاوەکانی زیادبوونی شێرپەنجەن.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 15 ساڵی داهاتوودا حاڵەتی شێرپەنجە لە ئێران دوو هێندە زیاد بکات. بەڵام زیاتر لە 40٪ی شێرپەنجەکان دەتوانرێت رێگری لێبکرێت.
گرنگیدان بە پشکنین، دۆزینەوەی پێشوەختە و گۆڕینی شێوازی ژیان رێکاری سەرەکین بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە.

مەردوم سالاری
زەریف دەڵێت ئەگەر نیازی چەکی ئەتۆمیان هەبووایە بۆیان ئاسان بوو
محەممەد جەواد زەریف، راوێژکاری ستراتیجی و جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیدا رایگەیاند، کە ئێران هەڕەشەی ئەمنی نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و ئەگەر مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بووایە، زۆر پێشتر ئەو کارەی دەکرد.
زەریف بە ئاماژەدان بەوەی کە بنیامین نەتانیاهۆ لە ساڵی 1994ەوە ئیدیعای کردبوو ئێران لە ماوەی شەش مانگدا چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت، گوتی: سی ساڵ بەسەر ئەو بانگەشانەی نەتانیاهۆدا تێپەڕیوە و تا ئێستاش ئێران وەک هەڕەشە ناودەبرێت.
سەبارەت بە گرووپەکانی بەرەی موقاومەتیش زەریف گوتی: ئەم هێزانە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەبوون و بەردەوامیش دەبن.

روزگار
گوندی سلێن بەهەشتێکی ونبوو لە چیاکانی کوردستان
گوندی سلێن، لە دڵی شاخەکانی کوردستان، یەکێکە لە جوانترین شوێنە گەشتیارییەکانی سروشتی لە ئێران.
ئەم گوندە بە تەلارسازی تایبەت و دیمەنە ناوازەکانی، لەگەڵ کەشوهەوایەکی خۆش گەشتیاران بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
سلێن دەکەوێتە ناوچەی پارێزراوی کۆساڵان و رووەکی جۆراوجۆری هەیە، لەوانە دار بەڕوو، گوێز، هەنجیر و رووەکی دەرمانی.
رووباری سیروان کە بەلای گوندەکەدا تێدەپەڕێت، جوانییەکەی دوو هێندە زیادکردووە.
رێگای پێچاوپێچ بۆ ئەم گوندە کە بە دارستان و شاخەکاندا تێدەپەڕێت، دیمەنێکی سەرسوڕهێنەر پێشکەش بە گەشتیاران دەکات. خەڵکی سلێن بە زمانی کوردیی هەورامی قسە دەکەن و پابەندن بە فەرهەنگی رەسەنی خۆیانەوە.
ئارمانی میللی
قەیرانی ئاو لە 43 شاری ئێران بەردەوامە
هاشم ئەمینی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران، بە ئاماژەدان بە دۆخی ئاوی وڵات، رایگەیاند: بەگوێرەی دوایین چاودێری، 43 شار لە 23 پارێزگای ئێران بە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە تووشی قەیرانی ئاو بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بارودۆخی وشکەساڵی خراپتر بووە و بەو پێیەش جگە لە کێشەی ئاو لەو پارێزگایانە، بەشێک لە بەنداوەکانیش بەنداوەکانیش تووشی کێشەی بێئاوی بوونەتەوە.
هەروەها سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو دەڵێت: ٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان تەرخانکراوە، کە ٧٠٪ی بۆ ناوچەکانی شار و ٣٠٪ بۆ ناوچە گوندنشینەکان تەرخان دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کورتهێنانی تۆڕی ئاو لەسەدا ١٥یه.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
گیانلەدەستدانی ئاگرەکەى بۆڵو گەیشتە 79 کەس
کەوتنەوەى ئاگرێک لە هۆتێلێکی گەشتیاریی لە پارێزگای بۆڵوى تورکیا ٧٩ کەس گیانیان لەدەستدا و٥١ کەسی دیکەش بریندارن.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کەوتنەوەى ئاگرەکە ماوەى ١٠ رۆژ دەخایەنێت. بەگوێرەى بەڵگەکان پشتگوێخستنى زۆر هەبووە لە پێدانی مۆڵەتی کارکردنی ئوتێلەکە و بەگوێرەى رێنماییەکان مەرجی سەلامەتی تیا نەبووە. هاوکات سەرۆکی شارەوانیی و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەستگیرکران.
هاوکات دوێنێ شەو لەپاش ٣٦ کاتژمێر توانرا کۆتایی بە کارەکانی کوژانەوەى ئاگری ئوتێلەکە بهێنرێت.

یەنیچاخ
لە تورکیا یاسا و دادپەروەریی لە ئاستێکی لە مەترسیدایە
یەکێتیی دادوەرانی تورکیا سەبارەت بە دەستگیرکرن و زیندانیکردنی ئومید ئۆزداغ سەرۆکی گشتیی زەفەر پارتی رایانگەیاندووە لە رێگەى دادگاوە دەیانەوێت سیاسەت لە تورکیا لە قاڵب بدەن. لە دۆخێکداین یاسا و دادپەروەریی لە ئاستێکی خراپ و مەترسیدایە.
زیندانیکردنی ئۆزداغ بەهۆی بۆچونەکانییەوە نمونەى وڵاتێکی بێ یاسا و بێ نەبونی دیموکراسییە.

یەنی بیرلیک
تورکیا و سوریا پەیوەندییە سەربازیی و بەرگرییەکانیان پێشدەخەن
موحەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی ئیدارەی نوێی سوریا رایگەیاندووە بۆ پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانیی لە سوریا بەم نزیکانە دیدار لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا ئەنجامدەدەن و راشیگەیاندووە لەگەڵ تورکیا لە رووی سەربازیی و بەرگرییەوە لە پەیوەندییەکی بەهێزدا دەبین.
وەزری بەرگریی سوریا راشیگەیاندووە هۆشداریمان بە پەکەکە و یەپەگە داوە تاکوو چەکەکانیان رادەستی ئێمە بکەن و لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگرییدا بمێننەوە گوتیشی گفتوگۆکانمان لەگەڵ یەپەگە بەردەواممە تا دەگەینە رێککەوتنێک.
سەبارەت بە ئامارەکانی یەپەگە بەوەی ١٠ هەزار ئەندامی داعش زیندانی کراون لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا رایگەیاندووە ژمارەی داعشە دەستگیرکراوەکانی لاى یەپەگە دوو هەزار و ٥٠٠ کەسە.
میلاد
لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە 14 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا
لە ئاگرەکەی ئوتێلەکەی بۆڵو تەنها لەیەک خێزاندا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
باوکی خێزانەکە و هاوسەری وسێ مناڵی لەگەڵ نۆ کەسی خێزاکەی لەو ئوتێلە ماونەتەوە کە کارەساتەکەى تیا روویدا.
باوکی مناڵەکان وەک دیارییەک بۆ مناڵەکانی لەپای وەرگرتنى نمرەی باش لە نیوەى ساڵی خوێندندا خێزان و کەسوکارەکەی بۆ وەرگرتنى پشوویەکی کورت چونەتە ئوتێلەکە و سەرجەمیان لە ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە.