یانیک سینەر لە ئەلێکس دى مینۆرى بردەوە و لەگەڵ ئیگا شفیۆنتیک سەرکەوتنى بۆ قۆناغى پێش کۆتایى جامى ئوسترالیاى کراوە بەدەستهێنا.
لە قۆناغى چارەکى کۆتایى جامى ئوسترالیاى کراوە بۆ تێنسى سەر زەوى، یانیک سینەرى ئیتاڵى، بەرامبەر ئەلێکس دى مینۆرى ئوسترالى یاریکرد.
سینەر کۆنتڕۆڵى یارییەکەى کرد و بە سێ کۆمەڵەى بێ بەرامبەر کێبڕکێکەى لە دى مینۆر بردەوە، ئەنجامى کۆمەڵەکانیش شەش بە سێ، شەش بە دوو، شەش بە یەک گێم بوون.
بەم ئەنجامە، سینەرى پێشەنگى ریزبەندى جیهان، سەرکەوتنى بۆ قۆناغى پێش کۆتایى پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا و لەو قۆناغەشدا رووبەڕووى بن شیڵتۆنى ئەمریکى دەبێتەوە، کە ئەمیش لە قۆناغى چارکى کۆتاییدا، سەرکەوتنى بەسەر لۆرینزۆ سۆنیگۆى ئیتاڵیدا تۆمارکرد.
هەر لە قۆناغى چارەکى کۆتایى جامى ئوسترالیاى کراوە و لەسەر ئاستى کچان، ئیگا شفیۆنتیکى پۆڵەندى و ئیما ناڤارۆى ئەمریکى ڕووبەڕووى یەکبوونەوە.
شفیۆنتیک لە ماوەى کاتژمێرێک و ٣١ خولەکدا، بە دوو کۆمەڵەى بێ بەرامبەر یارییەکەى لە سودى خۆى کۆتایى پێهێنا، ئەنجامى کۆمەڵەکانیش شەش بە یەک، شەش بە دوو گێم بوون.
بەمەش شفیۆنتیکى خاوەنى پلەى دووەمى ریزبەندى باشترین کچە یاریزانانى جیهان، خۆى گەیاندە قۆناغى پێش کۆتایى و لەو قۆناغەشدا بەرامبەر مادیسۆن کیزى ئەمریکى یارى دەکات، کە ئەمیش بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک لە یلینا سڤیتۆلیناى ئۆکرانى بردەوە.