ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دەیانەوێت سەروەت و سامانی بلۆککراوى بانکی ناوەندی روسیا بەکاربهێنن بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئۆکراینا، کە بەهۆى هێرشەکانى 10 مانگى رابردووى روسیاوە زیانى زۆرى بەرکەوتووە.
بەگوێرەى پێشنیازێکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا ئەو سەروەت و سامانانەی لە هەژمارە بانکییەکانی دەوڵەتی روسیا، کە بەگوێرەى سزاکان بلۆککراون دەگۆڕێت بۆ بودجەیەک، کە چالاکانە بەکاردەهێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئۆکراینا.
سەروەت و سامانی هەژمارەکانی روسیا، دەگۆڕێت بۆ بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئۆکراینا
بەگوێرەى رەشنوسێکی یەکێتی ئەوروپا، کە تێیدا جەخت لە پێویستی هەماهەنگى نێودەوڵەتی کراوەتەوە، سەروەت و سامانی روسیا بەگوێرەى پلانەکە بۆ هەمیشە دەستی بەسەردا ناگیرێت، بەڵکو لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیدا پارەکە بۆ روسیا دەگەڕێتەوە.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین رایگەیاند روسیا دەبێت “باجی تاوانە ترسناکەکانی” بدات، لەوانەش “تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری”. ئەو دەڵێت، روسیا و دەسەڵاتدارەکانی دەبێت قەرەبووی زیانەکانی ئۆکراینا بکەنەوە و تێچووی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دابین بکەن، “ئامرازمان هەیە روسیا ناچار بکەین پارە بدات بۆ ئەو مەبەستە”.
روسیا دەبێت باجی تاوانە ترسنکاکەکانی بدات
یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانى روسیا دژی ئۆکراینا، سەدان ملیار دۆلاری یەدەگی دراوی بیانییان لە هەژمارەکانی بانکی ناوەندی روسیادا بلۆککردووە. دواتر مۆسکۆ رایگەیاند لە سزاکانی سەر بانکی ناوەندیدا، نزیکەی 300 ملیار دۆلار لە یەدەگی زێڕ و دراوە بیانییەکانی روسیا بلۆککراوە.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانى دەرەوەى یەکێتی ئەوروپا، هەوڵەکە بە هەنگاوێکی لۆژیکى ناودەبات. هەرچەندە هەوڵەکە وەک مەترسی ناسەقامگیری زیاتر دەبینرێت.
جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی نیسانی رابردوودا رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی دەوڵەتی روسیا نابێت بە ئاسانی ئەنجام بدرێت، بەڵکو پێویستە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت و رەنگە پێویستی بەوە هەبێت لە ئەمریکا یاسای بۆ دەربکرێت.
دەست بەسەراگرتنی سامانی دەوڵەتی روسیا دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت
بەگوێرەى پێشنیازی کۆمیسیۆنى ئەوروپا، دەوڵەتی روسیا مافی دەبێت سەروەت و سامانەکەی وەربگرێتەوە، ئەگەر رێککەوتنێکی ئاشتی بەرقەراربکرێت. لەم نێوەندەدا، سەروەت و سامانی نێو هەژمارەکانی دەوڵەتی روسیا وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی داهات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا.
بەرپرسێکی کۆمسیۆنەکە گوتی ئەمە دەستپێشخەرییەکی بێ وێنە دەبێت و جەختی کردەوە، پێویستە لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
کارەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پلانەکە بەهۆی کەمی زانیاری سەبارەت بە شوێن و قەبارەی سەروەت و سامانی بلۆککراوی بانکی ناوەندی روسیا بەربەستی بۆ دروستبووە. لە رەشنوسی گفتوگۆی کۆمیسیۆنەکەدا هاتووە کۆی گشتی ئەو سەروەت و سامانە گشتیانەی روسیا لە یەکێتی ئەوروپادا جێگیرکراون “لە ئێستادا نادیارە.”
یەکێک لە بەرپرسانی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، زانیاریی پێویست لە وڵاتانی ئەندامەوە بەدەستیان ناگات و داوای داتای “زیاتر و باشتر” دەکات.
لە کۆبوونەوەی لوتکەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە بوخارێست، رێگەکانی دەستبەسەرداگرتن و بەکارهێنانی سەروەت و سامانی روسیا بۆ بەرژەوەندی ئۆکراینا تاوتوێ کراوە.
کارکردن لەسەر پلانەکە بەهۆی کەمی زانیاری سەبارەت بە شوێن و قەبارەی سەروەت و سامانی بلۆککراوی بانکی ناوەندی روسیا بەربەستی بۆ دروستبووە
کۆمیسیۆنەکە بە جیا پێشنیازی دروستکردنی دادگایەکی تایبەتمەند دەکات، کە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیری بکات بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە “تاوانی دەستدرێژی” روسیا بۆسەر ئۆکراینا.