زووم..
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتيی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەند نابێت بە یاسای لێبوردنی گشتی عێراق و پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی تایبەت بە خۆیان هەیە.
ئیحسان عەبدولرەحمان، بە زوومی گوت، یاسای لێبوردنی گشتی، کە دوێنێ پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ئەوان وەکو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەر کاتێک خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بوو، دەخرێتە دەنگدانەوە و ئەوکات بڕیارى لێبوردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەردرێت.
دەشڵێت، یاسای لێبوردنی گشتی دەمێکە ئامادەیە و لە خولی پێنجەمەوە لە پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان نەتواندرا لەو خولە تێپەڕێندرێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان دەشڵێت، پەرلەمانی کوردستان بڕیار دەدات کامە یاسای سزادان ئەو لێبوردنە گشتیە دەیگرێتەوە و کامە یاسای سزادانیش نایگرێتەوە، تەنها ئەوە یەکلابووەتەوە ئەو سزادراوانەی سولحیان نەکردووە بەر لێبوردنی گشتیش بکەون ئازاد ناکرێن تاوەکو سوڵح دەکەن.