زووم..
مۆرکردنی دوکانەکانی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای مانگرتنی گشتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیپێکرد و هێزە ئەمنییەکان ئەو دوکانانە مۆر دەکەن کە مانگرتنیان راگەیاندووە.
دوای بانگەوازی حزبە کوردییەکان بۆ مانگرتنی گشتی دژ بە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، هێزە ئەمنییەکان لەناو بازاڕەکاندا بڵاوبوونەتەوە و سپرای هۆشداریی لە دوکانە داخراوەکان دەڕژێنن. بە تایبەت لە مەهاباد زێڕ فرۆشەکان لەژێر گوشار و هەڕەشەی کردنەوەی دوکانەکانیاندان.
هەواڵی ئاژانسی کوردپا دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان درۆنیان بۆ سیخوڕی لە ئاسمانەکانی مەهاباد بەکارهێناوە.
هەواڵەکان ئاماژەن بەوەی کە دەیان دوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە مۆر کراون و هەروەها ژمارەیەک دوکانی دیکەش بە کاغەزی تایبەت هۆشدارییان پێدراوە.