زووم..
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وەڵامی لێدوانەکەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریای دایەوە و دەڵێت، لێدوانەکەی ئەسعەد شەیبانی لەبارەی کوردەوە جێگەی رێزە، کورد رەنگی خۆیان دەدەنە کۆمەڵگەی سوریا ئەو کاتەی مافەکانیان لە دەستوری نوێی سوریادا مسۆگەر بکرێت.
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، پێکەوە سوریای نوێی فرە رەنگ و لامەرکەزی لەسەر بنەمای یەکسانی گەلان دروست دەکەین.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا لە پلاتفۆرمی ئێکس کە بە زمانی کوردی بڵاویکردبوەوە، دەڵێت، کورد لە سوریا جوانی و رووناکی بۆ فرەڕەنگی گەلی سوریا زیاد دەکات.
شەیبانی نوسیبوی، کورد لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە نادادپەروەریی زۆریان بەرامبەر کراوە، پێکەوە وڵاتێک بونیاد دەنێین هەمووان تێیدا هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن.