زووم..
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، بەم نزیکانە شاندی ئیمراڵی سەردانی پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان دەکات.
سینان چیفتیورەک پەڕلەمانتاری دەم پارتی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زووم راشیگەیاند: لە ماوەى رابردوودا شاندی ئیمراڵی سەردانی شەش پارتی سیاسیی تورکیای کرد بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر بەردەوامی دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، بەم نزیکانەش شاندەکەی سەردانی پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان دەکات.
لە درێژەى گفتوگۆکەیدا لەگەڵ زووم ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی راشیگەیاند: ئەو پارتانەی کە شاندەکە سەردانی کردوون نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە و بۆچونی ئەوان لەسەر پڕۆسەکە گرنگە، چونکە ئۆجالان و لایەنی کورد و لایەنەکانی دیکە داوایان کردووە لە پەڕلەمان پڕۆسەکە بە یاسایی بکرێت و گفتوگۆ لەسەر پڕۆسەکە بکرێت.
سێ لایەنی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان ئامادەییان دەربڕیوە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی بکەن و بەشداری گفتوگۆکان بکەن ئەوانیش هەریەک لە هودا پار، پارتی سۆسیالیستی کوردستان و پارتی وڵاتپارێزی کوردستان.