زووم..
هاوسەرۆکی ئیدارەی کامپی هۆڵ رایگەیاند، بەهۆی دۆخی سوریا و ھێرشەکانی تورکیا و گرووپەکانیەوە، مەترسی لەسەر کامپەکە دروستبووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی کامپەکە هەبووە.
جيهان حەنان، بە ئاژانسی هاواری گوتووە، هێرشەکانی تورکیا لە هەندێک ناوچە بۆشایی ئەمنییان دروستکردووە، ئەوەش هانی چەکدارانی داعش و کەسوکاریانی داوە لەنێو کەمپەکەدا ئەو دۆخە بقۆزنەوە و دەست بە جموجۆڵەکانیان بکەنەوە، بەتایبەت لەو کاتانەی باران و تەم دەبێت.
بە گوتەی حەنان، خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعش لەنێو کامپەکەدا، چاوەڕوانی روودانی کەموکوڕییەکی ئەمنی دەکەن بۆ ئەوەی بواری هەڵاتنیان بۆ بڕەخسێت، چونکە چەکدارانی داعش لە دەرەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ خێزانە داعشەکانی نێو کامپەکە و هەوڵی ئازادکردنیان دەدەن.
داواش لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسارێتیی کامپی هۆڵ بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ و رێگری لە هەڕەشە و بۆردومانەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داهاتووی داعش بکەن.
کامپی هۆڵ دەکەوێتە شارۆچکەی هۆڵی 40 کیلۆمەتری باشووری شاری حەسەکە، 38 هەزار و 890 کەسی تێدایە، 16 هەزار و 648ـیان عێراقین، 15 هەزار و 848ـیان سورین، 6 هەزار و 385ـشیان بیانین.