زووم..
بڕیارە ئەمڕۆ، دانیشتنى دووەمى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى بەڕێوەبچێت.
محەمەد سلێمان، سەرۆکى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان، بە نوسراوى فەرمى لایەنەکانى ئاگادار کردووەتەوە، کاتژمێر 11ـى ئەمڕۆ دانیشتنى دووەمى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەى پەیڕەوى کارنامەى پەرلەمانى کوردستان، دەبێت پێشتر کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان لە ماڵپەڕى فەرمى پەرلەمان بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بۆ دانیشتى ئەمڕۆ هیچ کارنامەیەک بڵاونەکراوەتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، هەلومەرجی دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان گونجاو نییە و پێناچێت کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت و بەو هۆیەشەوە، سەرۆکى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان دەستلەکاردەکێشێتەوە.
زووم زانیویەتى، یەکێتیى و پارتى بە دواى رێگە چارەیەکى یاساییدان بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە.