زووم..
مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیرى بەرگریی حکومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاند، دۆسیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڕێگەی گفتوگۆ یان سەربازی چارەسەر دەکەن و ئیدارەی نوێی سوریا هیچ مەترسیەک بۆ سەر تورکیا دروستناکات.
ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ئەلمەجەلە، دەڵێت، لەنێوان سەرۆکایەتیی ئیدارەی ئۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەکانی هەسەدە دانوستان و گفتوگۆ هەیە، وەک ئیدارەی نوێ ئامادەین بۆ پێدانی هەر رێنماییەک لەبارەی ئەو دۆسیەوە.
دەڵێت، ئیدارەی نوێی سوریا نزیکبووەتەوە لە کۆتایی دانوستانەکانی لەگەڵ هەسەدە و دەمانەوێت سوپایەک بۆ گەلی سوریا دابمەزرێنین جیاواز بێت لەو سوپایەی لەسەردەمی ئەسەدا هەبوو، پێویستە تەواوی هێز و گرووپەکان بەشداری تێدا بکەن، چونکە تێکەڵنەکردنی هێزەکان لە وەزارەتی بەرگری، کێشەی گەورەی بەدوا دێت.
مەرهەف ئەبو قەسرە رایگەیاند، دەمانەوێت کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی ببەستین.
دڵنیایی دەدات ئیدارەی نوێی سوریا نابێتە مەترسی بۆ سەر تورکیا و وڵاتانی هەرێمی و وڵاتانی دیکە، بەڵکو دەمانەوێت پەیوەندی هاوسەنگمان لەگەڵ تەواوی وڵاتاندا هەبێت.