زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران نوێکردنەوەى رێککەوتنى ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ژیرانەتر ناودەهێنێت
رافائیڵ گروسى، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاژانسی وزەى ئەتۆم رایگەیاند، ئێران بەردەوام کار بۆ ئەوە دەکات لەگەڵ ئیدارەى نوێی ترەمپ بگاتە ئەنجامێکى باش لەبارەى چەکی ئەتۆمەکەى و کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوازی سەربازیی چارەسەر نەکات.
بە قسەی گروسی، ئێران رێژەى 60%ـى رێگەپێدراوى تێپەڕاندووە و نزیکبووەتەوە لە 90%ـى بەرهەمهێنانى چەکی ئەتۆم، هەموو ئامادەییەکى تێدایە بۆ رێککەوتن و بۆ ئەم مەبەستانە لەگەڵ وڵاتانى فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەمزووانە دەست بە گفتوگۆ دەکاتەوە.
غەریب ئابادى، گەورە بەرپرسی دانوستانەکانى ئێران بە میدیاى وڵاتەکەى راگەیاندووە، تۆپەکەیان خستووەتەوە گۆڕەپانى ئەوانى دیکە و لەو بڕوایەشدان زەمینەیەکى باش هاتووەتە پێشەوە بۆ گەڕی سێیەمى گفتوگۆکان.

سەباح
ئێران مانۆڕێکى سەربازی لە نزیک سنوورەکانى عێراق ئەنجام دەدات
محەمەد نەجەفى، قایمقامی قەزای قەسری شیرینى پارێزگاى کرماشان رایگەیاند، لە سێشەممەوە مانۆڕێکى سەربازی لە سنوورەکانى پارێزگای کرماشان دەستىپێکردووە و نۆ رۆژ دەخایەنێت.
ئاگاداری هاووڵاتیانى ناوچەکەشى کردووەتەوە، ئەگەر گوێیان لە دەنگی تەقینەوە و هەر بابەتێکى دیکەى جەنگی هەبوو، ئاسایی بێت بەلایانەوە، داواشی کردووە هیچ هاووڵاتییەک سەردانى ئەو ناوچانە نەکات مانۆڕەکەى تێدا ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسى ئاسایشى قەسری شیرینیش رایگەیاندووە، ئامانجیان پیشاندانى توانای سەربازیی هێزەکانیانە لە سنووری پارێزگای کرماشان و پەیامێکە بۆ هەموو لایەک، تاوەکو بڵێن هێزەکانیان تا چەندە بەهێزن و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگری لە سنوورەکانى خۆی دەکات.
مەدا
بیست ملیۆن هاووڵاتیى عێراق لەسەر مووچە دەژین
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى دارایی سودانى بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، 20 ملیۆن هاووڵاتیى عێراقى لەسەر مووچەى مانگانە دەژین، حکومەت بەردەوام دەبێت لە دەستەبەرکردنی مووچەکانیان و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.
ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەو ژمارەیە بریتین لە مووچەخۆرانى فەرمی لە هەموو چین و توێژەکان لەگەڵ دەستەبەری کۆمەڵایەتى و خانەشینان و بەخشیش.
بە گوتەی، راوێژکارەکەی سودانی، کارى یەکەمی حکومەت دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانە، هەرچەندە ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر یاساى بودجەدا دێت، بەڵام مووچەى فەرمانبەران هیچ کێشەیەکى بۆ دروست نابێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئەوەى روون نەکردووەتەوە ئەو ژمارەیە مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستانیشی لەسەرە یان نا.

عەرەب
هەسەدە نایەوێت ئیدارەى زیندانەکانى بداتە دەست دیمەشق
هێزەکانى سوریای دیموکرات رایگەیاند، نایەوێت بەڕێوەبردنی زیندانیانی داعش و کەسوکاریان رادەستى ئیدارەى نوێی سوریا و دەسەڵاتدارانى دیمەشق بکات.
هەسەدە پێیوایە، داعش لە هەر کاتێکدا بێت ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە و هێرشەکانى دەستپێدەکاتەوە.
تەنها لە حەسەکە 4500 داعش لە زیندانەکانى هەسەدەدان و ژمارەیەکى زۆریان چەکدارە بیانییەکانن.
لەو کاتەوەى گۆڕانکارییەکان لە سوریا هاتوونەتە پێشەوە، گرنگیدان بە زیندانەکان زیادیانکردووە و پێشتریش هەسەدە چەندین جار بانگەوازی کردووە وڵاتان هاووڵاتییەکانى خۆیان وەربگرنەوە، بەڵام زۆرینەیان وەڵامیان نەبووە.
دیمەشق بە مەبەستى سەپاندنى یەکدەسەڵاتى و سیستمى مەرکەزیەت، دەیەوێت زیندانەکانى ژێردەستى هەسەدەش بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتى خۆی، وڵاتانی دەستێوەردەری سوریاش بۆچوونى جۆراوجۆریان لەوبارەیەوە هەیە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەخباری سەنعەت
وردەکاریی نوێ سەبارەت بە ئەندامبوونی پەخشان عەزیزی لە پژاک
بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن پەخشان عەزیزی، ئەندامی پژاک بووە و قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێرانی بۆ چڕکردنەوەی چالاکیی سەربازی و کۆمەڵایەتی بەکارهێناوە.
وێنەی ئەمدواییەی پەخشان عەزیزی بە چەکێکەوە، ئەندامبوونی لە پژاک ئاشکرا دەکات.
پەخشان عەزیزی پەیوەندیی لەگەڵ میدیای بیانی هەبووە و هەوڵی داوه پژاک وەک داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ئازادیی کورد نیشان بدات.
خوب
یارمەتییە نەختینەییەکان لە ساڵی داهاتوودا نزیکەی یەک دۆلار زیاد دەکرێت
رەحیم زارع، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی بودجەی ساڵی داهاتوو رایگەیاند، حکومەت دەتوانێت لانیکەم مانگانە یەک دۆلار زیاد بکات بۆ ئەو یارمەتییە نەختینەیەی ئێستا دەدرێتە خەڵک.
ئەم رێوشوێنە بەشێکە لە سیاسەتەکانی حکومەت بۆ چاکسازی لە بودجە و کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر خەڵک، کە راستەوخۆ بۆ دابینکردنی کاڵای سەرەتایی و پاڵپشتیکردنی چینە کەمداهاتەکان تەرخان دەکرێت.
لە ئێستادا حکومەتی ئێران مانگانە نزیکەی 5 دۆلار یارمەتی دەداتە زۆرینەی خەڵک و بە دابەزینی بەهای تمەن، ئەم بڕە یارمەتییە بەردەوام کەمتر دەبێتەوە.

ئارمانی میللی
ماوەی کتێبخوێندنەوەی هەر تاکێک لە ئێران رۆژانە نزیکەی 20 خولەکە
ئیبراهیم حەیدەری، بەڕێوەبەری ماڵی کتێب و ئەدەبی ئێران رایگەیاند، رۆژانە هەر تاکێکی ئێرانی نزیکەی 20 خولەک کتێب دەخوێنێتەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، کاتی خوێندنەوەی سەرتاسەری وڵاتەکە 12 خولەک بووە، هاوکات ناوەندی ئاماریش بە 9 خولەک و هەندێک لە ناوەندەکانی دیکەش بە 30 خولەک رایانگەیاندووە.
حەیدەری هۆکاری کەمبوونەوەی ماوەی خوێندنەوەی کتێبی بۆ هۆکارە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای نوێ گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، سەرەڕای ئەم کێشانە، کتێب هێشتا لایەنگری خۆی هەیە.
ئەبرار
لە ئێران نیوەی ئۆتۆمبێلەکانی رێکخراوی پاراستنی ژینگە کۆن بوون
مەنوچێهر فەلاحی، بەرپرسی یەکەی پاراستنی ژینگە لە ئێران، سەبارەت بە کێشە جدییەکانی رێکخراوەکە گوتی، زیاتر لە %50ـی ئۆتۆمبێلەکانی ژینگەپارێزی، تەمەنیان زیاتر لە 10 ساڵە و کارایی پێویستیان نییە بۆ گەڕان و چاودێریکردن.
فەلاحی دەڵێت، سنووردارکردنی هاوردەی ئۆتۆمبێلی بیانی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم رێکخراوەیه. بەهۆی کێشەی داراییەوە، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی پێشکەوتووی دیکە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام راهێنانی ژینگەپارێزان بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامێرە تێچووی زۆر و کاتێکی درێژخایەنی دەوێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
شازادە مشتەکۆڵە دەوەشێنێت
شازادەی وێڵز، بەشداری لە یارییەکی مشتەکۆڵەدا کرد، کە دوێنێ لە یانەی سەنتەر پۆینت لە رۆژئاوای لەندەن رێکخرابوو.
مەبەستی سەردانیکردنی شازادە بۆ ئەو سەنتەرە بینینی ژمارەیەکی زۆر لەو بێماڵوحاڵانە بوو لە ناوچەی ئیڵینگ لە نزیکی لەندەن کۆدەبنەوە.
بیست ساڵە ئەم شازادەیە سەرمەشقی کاری خێرخوازییە، لە ئێستادا پرۆژەیەکی نوێی دەستپێکردووە، ناوی لێناوە بەرەو ناوماڵ، مەبەستی شازادە لە دەستبردن بۆ ئەم پرۆژەیە، ئەوەیە هیچ شێوازێکی بێماڵوحاڵی لە وڵاتەکەدا نەهێڵێت.

تایمز
ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکات بڕی باج لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان دووهێندە بکات
ترەمپ هەڕەشە دەکات رێژە و بڕی باج لەسەر ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە بۆ دووهێندە زیاد بکات، کە هیی وڵاتانی دەرەوەی ئەمریکان، بەڵام لەنێو ئەمریکادا کاردەکەن.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە باس لەوە دەکرێت ترەمپ بڕی 500 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژێرخانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرددا دەکات.
راگەیاندنی ئەو کۆمپانیانەش، کە ئەم زیادکردنی باجە دەیانگرێتەوە، دەڵێن ئەمە جیاوازیکردنە و باش نییە، بەڵام ترەمپ دەڵێت ئەمریکا خۆی لەپێشی هەموو شتێکەوەیە.
گاردیەن
ئەوانەی لەسەر ئاژاوەگێڕییەکەی کاپیتۆڵ زیندانی کرابوون ترەمپ ئازادی کردن
ئەو لایەنگرە توندڕەوانەی دۆناڵد ترەمپ، کە لە رۆژی شەشی کانوونی دووەمی 2021 لە واشنتن پەلاماری کاپیتۆڵیان دا، دوێنێ لە زیندان ئازادکران، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی نوێ سوێندی دەستووری خوارد و فەرمانی ئازادکردنی بۆ دەرکردن.
ترەمپی سەرکردەی پارتی کۆمارییەکان، کاتێک وەک سەرۆکی ئەمریکا سوێندی دەستووری خوارد، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو 1500 کەسە دەرکرد.
عەرەب نیوز
سعودیە بەرامبەر بە روداوەکانی سوریا و لوبنان گەشبینە
وەزیری کاروباری دەرەوەی سعودیە پیرۆزبایی لە هەردوو ئیدارە نوێیەکەی دیمەشق و بەیروت دەکات.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، رۆژی سێشەممە گوتی رووداوەکانی نێو سوریا و لوبنان گەشبینییەکیان لەنێو سعودیەدا دروستکردووە.
فەرحان لە دیداری ئابووریی ساڵانەی داڤۆسدا گوتی، لە دوای کەوتنی رژێمەکەی ئەسەدەوە، سعودیە دەتوانێت زیاتر لەو دوو وڵاتە نزیک ببێتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ژمارەی ئەوانەی لە ئاگرەکەی بۆڵو گیانیان لەدەستدا گەیشتە 76 کەس
لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلێکی گەشتیاری لە پارێزگای بۆڵوی تورکیا، ژمارەی قوربانییەکان بەرزبوونەوە، 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 51 کەسی دیکەش بریندارن.
رۆژنامەى سۆزجو نووسیویەتی، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە ژمارەی قوربانییەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیاد بووە، تیمی ئاگرکوژێنەوە لە دوای ٤٥ خولەک گەیشتوونەتە شوێنەکە. رووکەشی ئوتێلەکە بە دار داپۆشرابوو، بەوهۆیەوە ئاگرەکە زووتر تەشەنەی کرد. لە هۆتێلەکە سیستمی ئاگرکوژێنەوە بە ئاوی تێدا نەبووە، هەروەها پلیکانەى چوونەدەرەوە بۆ کاتی ناکاو لە شوێنێکی داخراودا بووە.
حکومەتی تورکیا، بۆ ئەو رووداوە، رۆژێک ماتەمینی راگەیاندووە، هاوکات خاوەنی هۆتێلەکە و هەشت کەسی دیکەش بە تۆمەتی کەمتەرخەمی و کەوتنەوەى ئاگرەکە دەستگیر کراون.

جمهورییەت
ئومید ئۆزداغ رەوانەى زیندان کرا
بەهۆی رەخەگرتن لە سیاسەتى سەرۆککۆماری تورکیا، ئومید ئۆزداغ، سەرۆکی گشتیی زەفەر پارتی لە دوای رۆژێک لە دەستبەسەرکرتنى، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی دا و پاشان رەوانەى زیندان کرا.
دادگا وەک بەڵگە، 11 پۆستی ناوبراوی لە پلاتفۆرمی ئێکس وەک تۆمەت و بانگەشەکردن و هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی سەرۆککۆمار پیشانداوە.
هاوکات، ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاندووە، میللەت بۆ ئەوە دەنگی بە ئەردۆغان نەداوە تاوەکو نەیارە سیاسییەکانی بخاتە زیندانەوە. دادگا بە سیاسی کراوە و دەسەڵات لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاری دەهێنێت.

دریلیش پۆستەسی
تورکیا لە هەناردەى مۆبیلیاتدا لە ریزبەندیی حەوتەمدایە
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، تورکیا لە کەرتی مۆبیلیاتدا لە ریزبەندیی حەوتەمدایە لەسەر ئاستی جیهان.
راشیگەیاندووە، تورکیا لە مۆبیلیاتدا ناوبانگی باشی پەیدا کردووە و سەدا دووی هەناردەی مۆبیلیات لەسەر ئاستی جیهان پێکدەهێنێت و لە ریزبەندیی حەوتەمین وڵاتە لە دروستکردن و هەناردەکردنیدا.

یەنی ئاکیت
ئەوانەى بەرپرسیارن لە کەوتنەوەى ئاگرەکە دەبێت بەقورسی باجەکەى بدەن
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئاگرەکەى هۆتێلەکەی بۆڵو نیگەرانی کردین و ئەوانەی کەمتەرخەم و بەرپرسیارن دەبێت بەقورسی باجەکەى بدەن.
دەشڵێت، بەدواداچوونەکان لەسەر رووداوەکە بەردەوامن و لە بەرامبەر ئەوانەی کەمتەرخەم بوون و هۆکاری کەوتنەوەى ئاگرەکە بوون هەنگاوی یاسایی دەنێین.