زووم..
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سوریا و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی رۆژاڤا و سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ هەولێر تاوتوێ کراون.
بارەگاکە دەڵێت، بارزانی جەختی لە یەکڕیزی و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی رۆژاڤا کردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە، هەر لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە، دواتر لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاندبوو، لەگەڵ بارزانی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کورد لە سوریا یەکهەڵوێست بێت و ئارامیی ناوچەکە بەرپرسیارێتی هەموو لایەکە و پێویستە لەوبارەوە هاوکار بن.