لۆید جەی ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، پەیوەندى کرد بە خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا و پێی گوت “بەتوندی دژی” هەر ئۆپراسیۆنێکی نوێی وڵاتەکەتانین، کە بە نیازن لە سوریادا ئەنجامی بدەن.
ئەم گوتانە لە راگەیەندراوێکى پنتاگۆندا بڵاوکراوەتەوە، کە شەوی رابردوو، لۆید جەی ئۆستین، بە تەلەفۆن قسەى لەگەڵ خڵوسى ئاکار کردووە.
ئەو، هاوخەمی خۆی بۆ تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ دەربڕیوە و جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.
سەبارەت ئۆپراسیۆنەکانى تورکیا لەنێو خاکى رۆژئاڤاى کوردستان، پێنتاگۆن رایگەیاندووە، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە هاوتا تورکییەکەی گوتووە “بەتوندی دژی” ئەنجامدانی هەر هێرشێکن بۆسەر سوریا، نیگەرانی خۆی لەبارەی دوایین هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر باکوری سوریا (رۆژاڤا) دەربڕیوە.
ئەمریکا نیگەرانە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا
پنتاگۆن دەڵێت، هەندێکیان لە هێرشەکان راستەوخۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای بە ئامانجگرتووە، لە کاتێکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی ئەو ناوچەیە شەڕ لە دژی داعشدا دەکەن.
شەوى 19ى تشرینى دووەمى 2022، تورکیا ئۆپراسیۆنى (چنگ-شمشێر)ى دەستپێکرد، لە رێگەى فڕۆکە، درۆن و موشەکەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچە سنوریەکانى باشورى کوردستان و ناوەندى شارەکانى رۆژئاڤا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا هەفتەى رابردوو گوتى، بۆ ئۆپراسیۆنەکان مۆڵەت لە هیچ کەس و لایەنێک وەرناگرن. تورکیا هەڕەشەى هێرشی زەمینى دەکات و چاوى لە کۆنترۆڵکردنى تل رەفعەت، منبج و کۆبانێیە.
مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) بە فرانپرێسى گوت، لەو ناوچانە ناکشێنە، کە تورکیا دەیەوێت هێرشى بکاتە سەر.
ئەمڕۆ ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى لە زارى بەرپرسێکى هەرێمى بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانى لە رۆژئاڤاوە بۆ هەرێمى کوردستان گواستووەتەوە.
ئەم هەنگاوە وەک پشتکردن لە کورد لێکدەدرێتەوە، دوێنێ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێکدا باسی لە حەوت “خیانەتى” ئەمریکا لە کورد کرد.