زووم…
بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیاى نەوتى عێراق رایگەیاند، گەورەترین بیرە نەوت لە رۆژهەڵاتى بەغداد دۆزرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی سەباحی عێراقی، محەمەد یاسین حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیاى نەوتى عێراق رایگەیاندووە، بە هاوکاریی کۆمپانیاى ئی بی ئێسى چینى بیرە نەوتێکى نوێیان دۆزیوەتەوە، بەگوێرەى خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل نەوتى تێدایە.
ئەو بڕە نەوتە دەچێتە سەر نەوتى یەدەگى عێراق و پێدەچێت لە ناوچەکانى ناوەڕاستى عێراق بیری دیکەى هەبن، بۆیە کۆمپانیاى نەوتى عێراق بەردەوام دەبێت لە کنە و پشکنین بە هاوکاریی کۆمپانیا چینییەکە.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، بەسەرپەرشتى تیمەکانى کۆمپانیا چینییەکە، وەک دەستپێک، رۆژانە پێنج هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنن.
عێراق لە یەدەگی نەوتى جیهاندا لە ریزبەندیی پێنجەمدایە و یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانى رێکخراوى ئۆپێک و کاریگەری لەسەر بازاڕى نەوتى جیهان هەیە.