زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا چەندین بڕیاری گرنگ و چارەنووسسازی دەرکرد، کە دیارترینیان مۆڵەتپێدان بە تیکتۆک و لێخۆشبوون بۆ سزادراوانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس بوو.
ترەمپ زۆر باوەڕی بە کاری رێکخراوی نێودەوڵەتی نییە، بۆیە وەکو چاوەڕواندەکرا، واژۆی لەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد، کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەی ئەم رێکخراوە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە دەگرت.
هەروەها چاو بە بڕیارێکدا دەخشێنێتەوە بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی 25% بەسەر هاوردەی کەنەدا و مەکسیک، چونکە ئەو دوو وڵاتە رێگە بە ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەدەن لە سنوورەکانیانەوە بێنە ئەمریکا.
ترەمپ ملیۆنان “تاوانباری بیانی” لە وڵاتەکەی دەردەکات، کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەمریکا نیشتەجێن، لێرەدا سەرۆکی ئەمریکا مەبەستی پەنابەرانە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا جۆ بایدن لە کۆتا رۆژەکانی دەسەڵاتیدا بڕیاری دەرکرد بۆ دەرهێنانی کوبا لە لیستی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن، هەر زوو ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ئەم بڕیارەشی رەتکردەوە.
تیک تۆکیش بەدەر نەبوو لە بڕیارەکانی ترەمپ، ئەمشەو واژۆی لەسەر نووسراوێک کرد کە 75 رۆژ مۆڵەت دەداتە ئاپەکە کڕیارێک لە ئەمریکا بۆ خۆی بدۆزێتەوە خەڵکی چین نەبێت و ئاپەکەی پێبفرۆشێت، تاوەکو بەکارهێنەرانی لە ئەمریکا پەکیان نەکەوێت.
گرەنتی ئەوە ناکەم دوای 90 رۆژی دیکە تیک تۆک مابێت
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی ترەمپ قسەی لەسەر کرد جەنگی ئۆکراین بوو، لە کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ڤلادیمیر پوتن بەهۆی واژۆنەکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ئۆکراینەوە روسیا لەناودەبات.
سزادراوانی 6ـی کانوونی دووەم ژمارەیان 1،500 کەسە و بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەرچوو
ترەمپ بڕیاری کشانەوەی لە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا واژۆکرد، ئەمەش دووەم جارە بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئەمریکا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ترەمپ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک بڕیاری پێشووە کە رەوایەتییان دەدا بە هاوڕەگەزخوازی و رەگەزگۆڕین، پێشتریش کاتی هەڵمەتەکەی هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە، تەنها دوو رەگەز لە ئەمریکا بوونیان هەیە، ژن و پیاو.
بە بەراورد بە یەکەم خولی سەرۆکایەتی لەماوەی نێوان 2017-2021 دۆناڵد ترەمپ ئەمجارە 25 فەرمانی زیاتر دەرکردووە چونکە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە 20-01-2017 ترەمپ تەنها یەک فەرمانی دەرکرد.
لە یەکەم رۆژی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە 20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ ئەم 26 فەرمانەی دەرکرد:
- پاراستنی ژنان لە توندڕەویی ئایدۆلۆژیی جێندەر و گەڕاندنەوەی رەسەنیەتی بایۆلۆجی بۆ حکومەتی فیدڕاڵی
- دامەزراندنی دامەزراوەی کارامەیی حکومەت (دامەزراوەیەکی نوێیە ئیلۆن مەسک بەڕێوەی دەبات)
- ناساندنی رێکخراوە توندوتیژەکان و دەستە تاوانبارەکان (کارتێل) بە رێکخراوی تیرۆریستی
- پاراستنی ئەمریکا لە تیرۆرستانی دەرەکی و ئاسایشی نیشتمانی و هەڕەشەی گشتی.
- پاراستنی گەلی ئەمریکا لە داگیرکردنیان (مەبەست لێی کۆچکردن و پەنابەرییە)
- چاکسازی لە پرۆسەی دامەزراندن و گەڕاندنەوەی پرۆسەی دانای کەسی شیاو لە شوێنی شیاو
- گەڕاندنەوەی ناو و ناویشان بۆ شوێنە گشتییەکان کە گوزارشت لە مەزنی ئەمریکا بکەن.
- کۆتاییهێنان بە پرۆگرامە وێرانکارییەکانی ئیدارەی بایدن لەسەر بنەمای “هەمەجۆری، یەکسانی و گرتنەخۆ”
- سیاسەتی ئەمریکا لەپێش هەمووشتێکەوەیە بۆ وەزیری دەرەوە
- دەرهێنان و دۆزینەوەی سەرچاوە زەبەلاحەکانی وزە لە ئەلاسکا
- هەڵسەنگاندنەوە و گونجاندنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی دەرەوە
- راگەیاندنی باری لەناکاوی وزە
- گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و پاراستنی سەلامەتی گشتی
- پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا
- پاراستنی مانا و بەهای هاووڵاتیبوونی ئەمریکی
- گونجاندنەوەی پرۆگرامی وەرگرتنی پەنابەران بۆ ئەمریکا
- ئازادکردن و کارکردن لە وزەی ئەمریکا (هەڵوەشاندنەوەی 12 فەرمان)
- روونکرندنەوەی رۆڵی سوپا لە پاراستنی سەروەریی ئەمریکا
- بە بەرپرسیاردانانی بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا لەبارەی دەستوەردان لە هەڵبژاردن و ئاشکراکردنی زانیاریی هەستیاری حکومی
- گەڕاندنەوەی بەرپرسیارییەتی بۆ ئەو پۆست و پێگانەی دەتوانن هەژموونیان لە دەستی کاری فیدڕاڵی هەبێت
- کشانەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی نێودەوڵەتی
- پاراستنی ئەمریکییەکان لەو ئەپانەی لەلایەن رکابەرانی ئەمریکاوە خاوەندارێتی دەکرێن وەک تیکتۆک
- پووچەڵکردنەوەی فەرمانی زیانبەخش (ئەمە هەڵوەشاندنەوەی 78 فەرمانی بایدنە)
- گەڕاندنەوەی ئازادی رادەڕبڕین و کۆتایهێنان بە چاودێریی فیدڕاڵیی
- کۆتاییهێنان بە بەکارهێنهانی حکومەتی فیدڕاڵی وەک چەکێک
- دانانی ئەمریکا لەپێش هەمووشتێکەوە لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەبواری ژینگە