زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
سەرۆکی زەفەر پارتی دەستبەسەر کرا
ئومید ئۆزداغ سەرۆکی گشیی زەفەر پارتی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا.
هۆکاری دەستگیرکردنەکەى، بەهۆی گوتەکانییەوە بووە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە ئەنتاڵیا گوتاری بۆ ئەنداماین پارتەکەى پێشکەش کردبوو.
داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ بە تۆمەتی سوکایەتی پێکردن بە سەرۆککۆماری تورکیا و هاندانی خەڵک بۆ دژایەتی کردنی سەرۆککۆمار ئۆزداغی تۆمەتبار کردووە.
ئۆزداغ لەلایەن پۆلیسەوە لە ئەنقەرەوە براوەتە ئیستەنبوڵ و لەئێستادا دەستبەسەر کراوە.
ئۆزداغ لەماوەى رابردوودا رەخنەى توندی لە سیاسەتی حکومەت دەگرت بە تایبەتی لە دۆسیەى پەنابەرە سورییەکان و دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان.

سۆزجو
دادگا بووەتە لایەنگریی دەسەڵات
دادگاکان بوونەتە لایەنگریی دەسەڵات و دۆسیە لەدژى رکابەرە سیاسییەکانی دەسەڵات دەکەنەوە.
لە دوا پێشهاتدا کە دادگا دژى جەهەپە گرتویەتییەبەر کردنەوەى دۆسیەى یاسایی بووە لە دژى سەرۆکی دەستەى گەنجانی جەهەپە.
هاوکات دادگا دۆسیەى لێکۆڵینەوەى لەدژى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ کردەوە.
جەهەپە بانگەوازی دادپەروەریی بۆ هەموان دەکات و سەرۆکی پارتەکەش رایگەیاندووە کۆبونەوەى جەماوەریی بۆ گەڕانەوەى دادپەروەریی لە وڵاتدا ئەنجامدەدەین.
یەنی ئاکیت
کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان داوای تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەن
کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان لە خۆپیشاندانێکیان داوای تورکیایەکی بێ تیرۆریان کرد.
کەسوکارى سەربازە کوژراوەکان رایانگەیاندووە، لە سەدەى نوێدا تورکیایەکی بێ تیرۆریان دەوێت. رەخنەشیان لە جەهەپە گرت کە بە ناوی ئەوانەوە سیاسەت نەکەن و نەیانکەنە بابەتی سیاسیی.
یەنیچاخ
لەبەر گرانیی هاووڵاتیان نۆرە بۆ سەمونی هەرزان دەگرن
بەهۆی گرانبونی نرخی سەمون بۆ 10 لیرە هاووڵاتییان بەدوای کڕینی سەمونی هەرزانەوەن لەو شوێنانەى کە بە پێنج بۆ شەش لیرە سەمون دەفرۆشن.
گۆشتفرۆشێک دەڵێت، هاووڵاتییان لەبەر گرانیی نرخەکەى ناتوانن گۆشت بکڕن.
گوتیشی لە رابردوودا هەفتانە شەش بۆ حەوت گوێرەکەمان دەفرۆشت بەڵام لەئێستادا بە زەحمە لە هەفتەیەکدا گوێرەکەیەک دەفرۆشین.
رۆژنامە فارسییەکان

ئاسیا
ئێران ئامادەی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا
ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی لە راپۆرتێکی تایبەتدا لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی حکومەتی ترەمپ، رایانگەیاندووه، کەسایەتییەکی سیاسی عێراق رەزامەندی بۆ دامەزراندنی هێڵێکی پەیوەندی له نێوان تاران و واشنتۆن وەرگرتووه .
تیمی ترەمپ لە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێورکردنەوەی ململانێکاندایە.
بەرپرسێکی حکومەتی عێراق گوتی نیگەرانییەکانی عێراق سەبارەت بە ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەهۆی ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق هەیە.
ئەبرار
مانگی داهاتوو ئەمریکا بڕیاری گرنگ لەبارەی ئێرانەوە دەدات
مایک واتس، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: لە مانگی داهاتوودا حکومەتی ئەمریکا بڕیاری گرنگ سەبارەت بە ئێران دەدات.
واتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز گوتی: ئەمریکا بڕیاری گرنگی سیاسی سەبارەت بە ئێران دەخاتەڕوو.
واتس بە بێئەوەی بەڵگەی باوەڕپێکراو بخاتەڕوو، بانگەشەی ئەوەیکرد هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەناوچووە.، بۆیە ئەمە کاتێکی گونجاوە بۆ بڕیاردانی، لە مانگی داهاتوودا ئەو کارانە ئەنجامدەدرێن.
جەهانی سەنعەت
حکومەتی ئێران گرنگی بە وزەی نوێ دەدات
ئێران بە توانای بەرزی وزەی نوێبووەوە، هێشتا لە سەرەتای رێگای بەرهەمهێنانی کارەبا لەم سەرچاوانەیە.
حکومەت بە تەرخانکردنی زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بودجە، بەنیازە بەشێک لە پێداویستییەکانی خەڵک بۆ کارەبا لە وێستگەکانی وزەی خۆر و با بەرهەم بهێنێت.
ئەم پڕۆژانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا و دروستکردنی متمانەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی پلانیان بۆ دانراوە.
کێشەکانی وەک قەرزی قورسی حکومەت بە وێستگەکانی کارەبا و هەڵاوسانی دۆلار و سزاکان رێگرییان لە راکێشانی سەرمایەی بیانی کردووە، بەڵام هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە خەریکە هەڵدەگیرێن.
تەجارەت
ئێران یەکێکە لە 7 وڵاتی سەرنجڕاکێش لە جیهاندا
وەزیری چاند و گەشتوگوزار رایگەیاند: ئێران به شوێنه سەرنجڕاکێشه مێژوویی و سروشتییەکانی خۆی یەکێکه له حەوت وڵاتی سەنجڕاکێشی گەشتیاری له جیهاندا.
رەزا ساڵحی ئەمیری لە کۆبوونەوەی پارێزگاراندا ئاماژەی بە توانا هەمەچەشنەکانی گەشتیاریی ئێران لە بوارەکانی ئایینی، سروشتی، کشتوکاڵی، دەریایی و تەندروستی کرد و گوتی: لە ئەمساڵدا رێژەی گەشتیاران ١٧٪ زیادیکردووە.
لە ساڵێکدا ملیۆنێک و ۲۰۰ هەزار گەشتیاری تەندروستیی بە داهاتی دوو ملیار دۆلار راکێشراون، ئامانجیش ئەوەیە ئاماری ساڵانە بگاتە ۲ ملیۆن گەشتیار و داهاتی ٦ ملیار دۆلار.
ساڵحی ئەمیری جەختی لەوە کردەوە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی تەندروستی و دەرەوە ئەنجامدراوە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی ئێستا و پەیڕەوێکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی باشتری گەشتوگوزاری تەندروستی.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تیمەکانى بەرگریی شارستانى سەرقاڵی کۆکردنەوەى تەرمەکانن
دواى ئەوەى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس پێی نایە دووەم رۆژەوە، پۆلیسى ناوخۆیی حەماس لەنێو شارەکەدا بڵاوەیانکردووە، هاووڵاتیان گەڕانەوە سەر کەلاوەکانیان، مەحمود بەسڵ گوتە بێژى بەرگریی شارستانى غەزە رایگەیاند زیاتر لە 10 هەزار شەهید لەژێر داروپەردوودان، دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەیان.
دانیشتوانى غەزە 48%ـیان کوژراون یان بریندارن و دەستگیرکراون. تەنها لە کارمەندانى بەرگریی شارستانى دوو هەزار و 842 کەسیان کوژراون، بەشێکیان جەستەیان بووە بەهەڵم و بوونیان نەماوە، تیمەکانى بەرگریی شارستانى لەکاتى گەڕاندا بۆ تەرمەکان رێیان لە روفاتى دەیان کەس کەوتووە کە تەنها ئێسکەکانیان ماوە یان لە لایەن سەگ و پشیلەکانەوە نیوەخوراوکراون، گوتە بێژەکەى بەرگریی شارستانى داواى لە وڵاتانى دونیا کردووە کە بە هانایانەوە بچن بۆ ئەوەى هاوکارییان بکەن لەو دۆخە کارەسات بارەدا دەستباریانبن.
سەباح
لە رۆژهەڵاتى بەغداد گەورەترین بیرە نەوت دۆزرایەوە
محەمەد یاسین حەسەن بەڕێوەبەری گشتى کۆمپانیاى نەوتى عێراق رایگەیاند بە هاوکاریی کۆمپانیاى (EBS)ـى چینى بیرە نەوتێکى نوێیان دۆزیوەتەوە، بەگوێرەى خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل نەوتى تێدایە، پێدەچێت لە ناوەڕاستى عێراقدا بیری دیکەى تێدابێت و بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبن لە کنەوپشکنین بە هاوکاریی کۆمپانیا چینییەکە.
وەک دەستپێک رۆژانە پێنج هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنن.
عێراق لە یەدەگی نەوتى جیهاندا لە ریزبەندی پێنجەمدایە، یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانى رێکخراوى ئۆپێک و کاریگەری لەسەر بازاڕى نەوتى جیهان هەیە.
مەدا
خۆکوژی لەنێو خوێندکارانى عێراقدا ترسێکى گەورەی دروستکردووە
لە رۆژانى رابردوودا لە پارێزگاى نەجەف دوو قوتابی کچ پێکەوە خۆیان کوشت، لەدواى خۆیان نامەیەکیان جێهێشتووە، تیایدا ئاماژەیان بەوە کردووە لە لایەن کارگێڕیی قوتابخانەکەیانەوە ستەمیان لێکراوە و سوکایەتییان پێکراوە بۆیە بڕیاری خۆکوشتنیان داوە.
رووداوەکە لە سەر ئاستى حکومی و کۆمەڵایەتى و سیستمى پەروەردەیی کاردانەوەى زۆری هەیە، دوو رۆژە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
عەلى نەجەفى یەکێک لە چالاکانى پەروردەى پارێزگاکە دەڵێت، ئەو رووداوە تایبەت نییە بە نەجەف، بەڵکو ئەوە کێشەى زۆرینەى قوتابییەکانى عێراقە، قوتابی و خوێندکارانى عێراق لە کێشەى زۆر گەورەى کەمیی مامۆستا، خراپى سیستمى پەروەردە، کەمی پێداویستییەکانى خوێندن، لەبەرچاونەگرتنى بارودۆخی دەروونى قوتابی و خوێندکار، با بۆڵە و خورتە و کێشەکانى خێزانیش لە سەریان لەولاوە بوەستێت.
کەریم سەید گوتەبێژ وەزارەتى پەروەردە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە بەشێکى نوێ لەنێو وەزارەتەکەیان دەکەنەوە کە گرنگی بدات بە بارى دەروونى قوتابیان و خوێندکاران بۆئەوەى هاوکاریی مامۆستایان و کارگێڕیی قوتابخانەکان بکات لە رووى دەروونییەوە لەنێو قوتابخانەکاندا، تا گرنگیدان بە لایەنى دەروونى قوتابیان هاوشان بکرێتەوە لەگەڵ گرنگیدان بە خوێندن و فێربوون.
دەستوور
پەرلەمان داوا لە سودانى دەکات بەرپرسە بەتەمەنەکان خانەنشین بکات
پەرلەمانى عێراق بە نووسراوێکى فەرمی محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراقى ئاگادارکردووەتەوە هەموو ئەو بەرپرس و پارێزگارانە خانەنشین بکات کە تەمەنیان هەڵکشاوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز تا ئێستا لە پۆستەکانیاندا ماونەتەوە.
لە نووسراوەکەى پەرلەماندا هاتووە، مانەوەی ئەو بەرپرسانە هەلى هاتنەپێشەوەی کەسانى دیکە لە دەستدەدات و دوورە لە بنەماکانی دادگەریی و پێچەوانەى دەستوورە، بۆیە هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکى حکومەتدایە و تەمەنى 60 ساڵ و زیاترە، دەبێت خانەنشین بکرێت، لیژنەى یاسایی پەرلەمان راسپێردراوە بۆ بەدواداچوونى ئەو بڕیارە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ئێستا سەردەمی زێڕین دەستپێدەکات
ترەمپ گۆڕانکاریی گەورەی لە بواری پەنابەری و ئابووریدا راگەیاند، بایدنیش لە دواچرکەی دەستەڵاتەکەیدا لێخۆشبوونی بۆ خزمە نزیکەکانی خۆی دەرکرد.
دۆناڵد ترەمپ گوتی ئێستا سەردەمی زێڕینی ئەمریکا دەستپێدەکات، گۆڕانکاریی گەورە لە بوارەکانی پەنابەری و ئابووری و دادپەروەریدا دەکات، دوێنێ ترەمپ سوێندی خوارد و بوو بە چل و حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا.
ئیندیپێندەنت
کابرا گەڕایەوە
بە گەڕانەوەیەکی بێوێنە، دۆناڵد ترەمپ بە شانازییەوە گەڕایەوە و گوتارێکی مێژوویی پێشکەشکرد و گوتی: خودا ئەوی پاراستووە، بۆئەوەی جارێکی تر ئەمریکا مەزن بکاتەوە.
گومرگ و باج بەسەر هەموو وڵاتەکانی تردا دەسەپێنێت.
ترەمپ بڕوای بە سیاسەتی وزەی سەوز و پاک نییە، دەڵێت بڕۆ بیر لێبدە خۆشەویست، بیر لێبدە.
بۆ پاراستنی سنوورەکانی باشوور، سوپا رەوانە دەکات، هەموو داواکارییەکانی پەنابەری رەتدەکاتەوە، چەندین ملیۆن پەنابەر دەگەڕێنێتەوە وڵاتانی خۆیان.
ددان بە فرەڕەنگیی رەگەزەکاندا نانێت، پاشەکشە لە پاراستنی کەمینەکان دەکات، دەڵێت حکومەت تەنها دان بە بوونی دوو رەگەزدا دەنێت، نێر و مێ.
بەلفاست تەلەگراف
بەکتریایەک دۆزراوەتەوە 58 کەسی کوشتووە
لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەرکەوتووە، بەکتریایەکی نەناسراو لە ساڵانی 2021 و 2023ـدا لە نەخۆشخانە نوێیەکەی منداڵبوون لە بەلفاستی ئێرلەندەی باکووردا، بووەتە هۆی کوشتنی 58 کەس. دەرکەوتووە ئەم بەکتریایە ناتوانێت کاریگەریی خراپ بخاتە سەر ئەو کەسە کامڵانەی کە خۆیان تەندروستییان باشە، بەڵام ئەگەر لە منداڵی ساوا و کەسانێک بدات کێشەی تەندروستییان هەیە دەتوانێت کوشندەبێت.

ئۆرشەلیم پۆست
ئایا رۆژی لێپرسینەوە لەگەڵ ئێران نزیکبووەتەوە؟
لەگەڵ گەیشتنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە کۆشکی سپی، یارییەکی نوێی فرە رەهەن، دوورمەودا لەبارەی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە دەستپێدەکاتەوە.
فەرماندە باڵاکانی ئیسرائیل، هەر لە سەرۆکوەزیرانەوە هەتا ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری و کاربەدەستە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیل یەک لێشاوی گەورە لێدوانیان هەبوو، باس لە لێدانی تەپڵی شەڕدەکەن، چاوەڕوانی فەرمانن بۆئەوەی بە هێرشی ئاسمانی لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بدەن. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا رێکەوتنە دەساڵییەکەی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کۆتاییدێت و ئەمەش ئاسۆکان بە رووی زۆر ئەگەردا دەکاتەوە.