زووم..
شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە، ئەوەش بە گوێرەى راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان.
ئەمشەو وەزارەتى دارایی هەرێم راگەیەنراوێکى لەبارەى مووچە و ئەنجامى کۆبوونەوەکانى شاندى هەرێم لە بەغداد بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتى تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە.
وەزارەتى دارایی راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی رابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەروەها رایگەیاندووە، هەردوولا رێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت، کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و راسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.