زووم..
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2024دا لانیکەم 339 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون. ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی 2023 نزیکەی 2٪ زیادی کردووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، لە کۆی گشتی قوربانییەکان 57 کۆڵبەر کوژراون و 282 کۆڵبەریش بریندار بوون. زیاتر لە 80٪ی قوربانییەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران کوژراون یان بریندار بوون. پارێزگای سنەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەیە کە 153 حاڵەتە.
دەشڵێت، لەمساڵدا 19 منداڵی کۆڵبەر کراونەتە ئامانج کە یەکێکیان کوژراو و 18 کەسیان بریندار بوون.
هەروەها 257 کۆڵبەر لە سنووری نۆسود و بانە کوژراون یان بریندار بوون کە 76٪ی سەرجەم قوربانییەکانی کۆڵبەر پێکدەهێنن.
راپۆرتەکە دەریدەخات کە یەک کوژراو و سێ بریندار لەلایەن پاسەوانانی سنووری هەرێمی کوردستانەوە کراونەتە ئامانج.