زووم..
کەتیبەکانی قەسام، کە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسن دووایین دیمەنی رادەستکردنی سێ بارمتەکەی سوپای ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە. ئەم بارمتانە وەک بەشێک لە کارکردن بە ئاگربەستی نێوانی حەماس و سوپای ئیسرائیل ئازادکران. لەکاتی رۆشتنیاندا یەکی دیارییەکیان دایە دەستیان. هەر دیارییەک زەرفێکی کاغەزبوو، کە دروشمی کەتیبەکەی پێووەبوو. پرسیار لەسەر ئەوە دروستبووە، داخۆ ئەو زەرفانە چییان تێدابووە؟
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی دەڵێت، ئەو سێ کچە بارمتەیەی ئازادکراون ناوەکانیان بریتییە لە (رۆمی گۆنین، ئێمیلی دیماری و دۆرۆن شتاین بێرگەر) کە گەیشتوون بەناو خاکی ئیسرائیل، هەریەکەیان زەرفێکی کاغەزیان پێبووە، کە وەک دیاری دراوەتە دەستیان.
بابەتی ناو زەرفەکان بریتی بوون لە نەخشەیەکی خاکی کەرتی غەزە و چەند وێنەیەکی کەسەکان خۆیان کە لە کاتی دیلبوونیاندا بۆیان گیردراوە.
کەناڵی هەواڵیی ئای 24 نیوز، بە گاڵتەجاڕییەوە لەسەر ئەو خەڵاتانە گوتویەتی بڕوانامەی دەرچوون و نەخشەی غەزە و وێنەی کەسەکان خۆیان بووە.