زووم..
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ناوی نزیکەی 94 هەزار مامۆستا بۆ وەرگرتنی زەوی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، نزیکەی شەش هەزاریان سەر بە خوێندنی کوردین لە پارێزگای کەرکوک.
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی بە زوومی گوت، ناوی 88 هەزار و 79 مامۆستای هەرێمی کوردستان و نزیکەی شەش هەزار مامۆستای خوێندنی کوردی پارێزگای کەرکوک بۆ وەرگرتنی زەوی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و زەوییان پێدەدرێت.
دەڵێت دوای وەزارەتی پەروەردە، زەوی بە فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی دەدرێت و لە ئێستادا لیژنەی دابەشکردنی زەوی وردبینی لە ناوی 28 هەزار فەرمانبەری وەزارەتەکە دەکات، دواتر ناوی ئەمانیش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت 400 هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن.