زووم…
جەمیل بایک رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی تورکیا پرسی کورد چارەسەر نەکات، پەکەکە بژاردەی زۆر بەهێزی لەبەردەستدایە و زۆر هێز و لایەن هەن دەیانەوێت لەگەڵ پەکەکە پەیوەندی دروست بکەن.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ستێرک، باسی لەوە کردووە، زۆر هێز و لایەن هەن کە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دروست دەکەن، تەنانەت دەیانەوێت ئاسانکاری زیاتر بۆ پەکەکە بخوڵقێنن کە پێشتر نەبووە.
راشیگەیاندوە، ئەگەر حکومەتی تورکیا پرسەکە چارەسەر نەکات، پەکەکە بژاردەی زۆر بەهێزی لەبەردەستدایە، حکومەتی تورکیا دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات.
ئاماژەی بەوەش کردوە، ئۆجالان بیر لە هەموو کەسێک دەکاتەوە و دەیەوێت ئەرکی خۆی لەپێناو مرۆڤایەتیدا جێبەجێ بکات، دەیەوێت لەگەڵ تورکیا پێکەوە ئەم پرسە چارەسەر بکات، ئەگەر تورکیا بەم ئاڕاستەیە هەنگاو نەنێت، بژاردەی زۆر هەیە و پەکەکە دەتوانێت سوودی لەهەر دەرفەتێک وەربگرێت.
دەشڵێت، لە دۆخێکی وادا بە دڵنیاییەوە ئەوە تورکیایە کە زەرەرمەند دەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت تورکیا بکەوێتە ناو دۆخێکی وەهاوە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ئۆجالان دەیەوێت کێشەکە بە شێوەیەکی ناوەندی لە تورکیە چارەسەر بکرێت، ئەگینا ناوەندەکان زۆرن، زۆرێکیان دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن و کورد و پەکەکە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەو پێیە سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەببەن.