زووم..
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو مەراسیمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، بەهۆی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما و مەترسی بەستن، لە شوێنی داخراو دەکرێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێدراوی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی سەرما و پێشبینییەکانی کەشناسییەوە مەراسیمەکە لەناو هۆڵێکی بینای کاپیتۆڵ لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لە واشنتن لە خوار سفر پلەی سیلیزییەوەیە، ماڵپەڕی ئەکیووێزەر تایبەت بە کەشوهەوا دەڵێت، لە ساڵی 1985ـەوە ساردترین رۆژی دەستبەکاربوونی سەرۆکە و پێشبینی بەستنی رێگاوبانەکان دەکرێت.
ئەمە دووەم جارە لە مێژووی ئەمریکا مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆک لەناو بینای کاپیتۆڵ بکرێت، جاری یەکەم لە ساڵی 1985 بوو، کاتێک رۆناڵد ریگان بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، ئەو کاتەش بەهۆی کەشوهەواوە مەراسیمەکە برایە ناو بیناکە، جگە لەم دوو جارە هەموو مەراسیمەکانی دیکەی دەستبەکاربوون لە دەرەوەی بینای کاپیتۆڵ بەڕێوەچووە.