ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا (کە بڕیار لە پرسە ستراتیژییەکان دەدات) کۆدەبێتەوە و پرسی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان و هێرشەکانى سوپای وڵاتەکە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
ئۆپراسیۆنی چنگ – شمشێر
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا (مەگەکە)، بە سەرۆکایەتی رەجەب تەییب ئەردۆغانى سەرۆککۆمار، لە کۆشکی بێشتەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.
پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە، ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیایە کە لە 19ی مانگى رابردووەوە، لە رۆژئاڤای کوردستان لەژێر ناوی “چنگ – شمشێر” دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش لەرێگەى تۆپباران و هێرشى ئاسمانییەوە بەردەوامە، بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئۆپراسیۆنی زەمینی تاوتوێ دەکرێت.
پرسی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر رۆژئاڤا تاوتوێ دەکرێت
هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان
بەرپرسە سیاسیی و سەربازییەکانی تورکیا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا، گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستانیش دەکەن کە حەوت مانگ لەمەبەر، ئۆپراسیۆنێک بەناوی “ئەرەن گەمارۆ” لە دژی گەریلاکانی پارتى کوردستان پەکەکە دەستیپێکردووە.
بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە هێرشی سەر هەرێمی کوردستانە
هەروەها پرسی فەتحوڵڵاچیەکانیش بەشیکی دیکەی بابەتی کۆبوونەوەکە دەبێت.
شەڕی روسیا و ئوکراینا
بەرپرسانی تورکیا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆى (مەگەکە) دا، هەروەها قسە لەسەر کاریگەرییەکانی شەڕی ئوکراینا لەسەر تورکیا دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا، رێککەوتنی دانەوێڵە، کە تورکیا وەکو نێوەندکار بەشداری تێدا کردووە، هەڵدەسەنگێنن.
لە کۆبوونەوەکانى ئەم ئەنجومەنەدا بڕیارە چارەنوسسازەکان یەکلادەکرێنەوە
کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، چاوى زۆربەى لایەنەکانى نێوخۆى وڵاتەکە و ناوچەکە و جیهانى لەسەرە، چونکە هەمیشە لە کۆبوونەوەکانى ئەم ئەنجومەنەدا بڕیارە چارەنوسسازەکان یەکلادەکرێنەوە، لەسەر ئەگەرى لەشکرکێشى زەمینیشى بۆسەر باکور و باکورى رۆژەهەڵاتى سوریا (رۆژئاڤاى کوردستان) پێدەچێت بڕیارى گرنگ بدرێت.