32
زووم..
لەسەر رێگەی کۆیە-هەولێر لە رووداوێکی هاتوچۆدا گەنجێک گیانی لەدەستدا، بەوەش لە 24 کاتژمێردا لە هەرێمی کوردستان پێنج کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
سەنگەر سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە زوومی گوت، بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی کۆیە بۆ هەولێر، کە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامیری و بەرهەڵگرێک روویدا، بە هۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا.
گوتیشی، ئەوەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، بەڵام شۆفێری بارهەڵگرەکە سەلامەتە.
بەوەش لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە چوار رووداوی جیاجیای هاتوچۆدا، لە گەرمیان و بەردەڕەش و سلێمانی و کۆیە، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ماوەکانی رابردووشدا چەند جارێک خەڵکی ناوچە جیاجیاکان دژی خراپیی رێگەوبانەکان خۆپیشاندانیان کرد و داوای چاککردنی رێگاکان دەکەن.