زووم..
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، رەخنە لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەگرێت کە تایبەتە بە چڕکردنەوەی رێوشوێنەکانی کۆچ و دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی.
پاپای ڤاتیکان لە چاوپێکەوتنێکدا پرسیاری لەبارەی پلانی ترەمپ لێکرا تایبەت بە دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی، پاپا لە وەڵامدا گوتی، ئەگەر بە راستی ترەمپ بیەوێت کۆچبەرانی نایاسایی دەربکات، دەبێتە مایەی شەرمەزاری، چونکە هەژاران و کەسانی کەمدەرامەت ناچار دەکات باجی تێکچوونی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی بدەن.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەم پلانە ناگونجێت و رێگایەکی باش نییە بۆ چارەسەری کێشەکان.
پێشتریش پەیوەندی نێوان پاپای ڤاتیکان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی باش نەبووە، مانگی تشرینی دووەمی رابردوو پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، ترەمپ و کامالا هاریسیش دژی ژیانن، کۆچبەران دەردەکەن و منداڵان دەکوژن.