زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
ئیی پارتی لەسەر رێککەوتنى هەموارکردنەوەى دەستوور هۆشداریی دەدات
ئوغور پۆیراز سکرتێری گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، دەستپێکردنەوەى دیدارەکانی نێوان دەم پارتی و ئۆجالان لەپێناو هەموارکردنەوەى دەستورە و لەوبارەیەوە ئاک پارتی و دەم پارتی دوور نییە بە رێککەوتنێک بگەن.
ئەوەشی راگەیاند، شتێکی قبوڵ کراو نییە ناوەڕۆکی ئەو دیدارانە بە نهێنێ ماوەتەوە و پێویستە تورکیا شازش لەسەر پێدانی هیچ بەڵێنێک بە پەکەکە نەکات.

ئەکشام
باج لەسەر جگەرەى ئەلکترۆنی زیاددەکرێت
محمەد شیمشەک وەزیری دارایی رایگەیاندووە، باجی زیاتر لەسەر بازرگانی جگەرەی ئەلکترۆنی دادەنێن هاوکات دەشڵێت، تائێستا بە رێژەیەکی زۆر و بەشێوەیەکی قاچاخ جگەرەی ئەلکترۆنی لە وڵاتەکەیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
شیمشەک گوتی، بە بەهای 300 ملیۆن لیرە بازرگانی قاچاخ بە جگەرەی ئەلکترۆنییەوە دەکرێت.
میللییەت
جەهەپە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆبونەوەى لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەیدا رایگەیاندووە، لەئێستاوە بەو جۆرە کار بکەن کە خۆتان بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئامادەدەکەن وەک ئەوەی سبەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
هەرچەندە ئۆزگور ئۆزال ئاماژەی بەوەشکردووە، کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید ناکات هاوکات ئەندامانی جەهەپە داوایان لە ئۆزگور ئۆزال کردووە چی زووە کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی رابگەیەنێت.
ئایدنڵک
دەم پارتی داوای فیدراڵییەت دەکات
سینان چیفتیورەک پەڕلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەى وان رایگەیاند، لە تورکیا و لە سوریا حکومەتى مەرکەزیی مۆدێلی بەسەرچووە و ناتوانرێت بەو شێوەیە دەوڵەت خۆی بەڕێوەبات.
دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە مۆدێلی نەماوە و کاتی ئازادبونی گەلانە راشیگەیاندووە، دەبێت لە تورکیا مۆدێلی سیستمی وڵات بگۆڕێت و فیدڕاڵییەت مۆدێلێکی یەکگرتوو و سەرکەوتووە.
رۆژنامە فارسییەکان

ئارمانی میللی
له ئێران کەسانێک هەن کە خاوەنی هەزار خانووبەرەن
ئەبولفازل نەوروزی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئابووریی نیشتەجێبوون لە وەزارەتی رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران دڵێت،کەسانێک لە ئێراندا هەن کە خاوەنی زیاتر لە هەزار خانوون و زۆربەیان چۆڵن.
نەوروزی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر موڵک و ماڵ بیت، بەڵام پێویستە ئەو موڵکانە بخرێنە بەردەستی خەڵک.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە کرێچییەکان ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی کرێی خانووەکان کێشەیان هەیە و بوونی هەزاران موڵکی چۆڵ دەتوانێت دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات.
ئەبرار
ئێران و عێراق بەرنامەیەکی هاوکاریی زانستییان واژۆ کرد
لە یەکەم رۆژی هەفتەی زانستی ئێران و عێراقدا، بەرنامەیەک بۆ جێبەجێکردنی هاوکاری زانستی نێوان دوو وڵات لە نێوان وەزارەتی زانستی ئێران و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق واژۆ کرا.
بڕگەکانی پرۆگرامەکە بریتین لە بەهێزکردنی هاوکاری زانستی لە بواری خوێندن، ئەنجامدانی خولی راهێنان بۆ مامۆستایان و خوێندکاران، ئاڵوگۆڕی پرۆفیسۆر بۆ توێژینەوەی هاوبەش، هەروەها دامەزراندنی پارکێکی هاوبەشی زانستی و تەکنەلۆجیا لە عێراق.
ئەخباری سەنعەت
کەمبوونی توانای کڕینی خەڵک رێگری لە، کارکردن لەسەر تەکنەلۆژیای نوێی ئۆتۆمبێل کردووە
ئەمیرحەسەن کاکەیی، شارەزای ئابووری و ئەندامی بەشی زانستی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای ئێران دەڵێت، تا ئەوکاتەی سیاسەتی ئابووریی گونجاو جێبەجێ نەکرێت و توانای کڕینی خەڵک زیاد نەبێت، ناتوانین چاوەڕێی باشتربوونی کوالێتی ئۆتۆمبێل یان بەنزین بین.
دەشڵێت، بۆ باشترکردنی کوالێتی ئۆتۆمبێل و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا، پێویستە خەڵک توانای دارایی هەبێت بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ و بەنزینی کوالێتی بەرز. پێویستە حکومەت خۆی بەدوور بگرێت لە دانانی نرخی زۆرەملێ و سەرنجی لەسەر پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ بێت.

تەجارەت
ترەمپ دوای چوونە ناو کۆشکی سپی فەرمانی جێبەجێکردنی سزاکانی ئێران دەرناکات
سەبارەت بە یەکەم بڕیارە جێبەجێکارەکانی دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، عەبدوالرەزا فەرەجیراد، شارەزای بارودۆخی دەرەوەی وڵات رایگەیاند، کە دەتوانرێت لە تۆماری ترەمپەوە پێشبینی سێ بڕیاری ئەگەری بکرێت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا.
یەکەم، داخستنی سنوورەکان، دووەم، دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی و سێیەم، بەدواداچوون بۆ کڕینی گرینلاند و دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەنەما.
بەڵام فەرەجیراد جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەری کەمە ترەمپ فەرمانی جێبەجێکردنی سزاکان سەبارەت بە ئێران دەربکات، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا دوورە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
سوپاس بۆئەوەی ئێمیلیتان گەڕاندەوە ناو ماڵی خۆی
دایکی بارمتەیەکی بەریتانی سوپاسی جیهان دەکات، کە کچە بە بارمتەگیراوەکەی ئازادکراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ ماڵەوە.
ئێمیڵی داماری کچێکی بە بارمتەگیردراوی بەریتانییە. دوێنێ کە حەماس ئازادیان کرد بزەیەکی بۆ ئەوانە کرد کە فەرموویان لێکرد بڕوات. ئەمجا لەدیمەنێکی پڕ لە هەست و سۆزدا لەگەڵ دایکیدا گەشتنەوە بە یەکتری. ئێمیلی کچێکە تەمەنی ٢٨ ساڵە، یەکێکە لە ئەو سێ ژنەی لەلایەن حەماسەوە بەهۆی رێکەوتنی ئاگربەستەکەوە ئازادکران. ماندی داماری دایکی ئێمیلییە و تەمەنی ٦٣ ساڵە، گوتی لەپاش ٤٧١ رۆژی دیلی، جارێکی تر ئێمیلیی کچم گەڕایەوە ماڵەوە.
تایمز
ترەمپ یاسای گومرگ و تیکتۆک لە پێشەنگی ئەجێندای کارەکانی دادەنێت
بڕیارە ئەمڕۆ و لەپاش خولەکە یەکەمەکانی دەستبەکاربونیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا زنجیرەیەک رێنمایی نوێ دەربکات.
بەشێکیان تایبەتن بە کۆچی نایاسایی بەرەو ئەمریکا و بەشێکیشی تایبەت دەبێت بە پێدانی مۆڵەتێکی کاردکردنی کاتی بە تیکتۆک.
ناوبراو کاتێکی زۆری لەبەردەمدا نەماوە بۆئەوەی بگات بە تەلاری پایتەخت و بەشداری لە ئیمزاکردنی فەرمانی دەستبەکاربونەکەی خۆیدا بکات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی ئەمریکا لە کەشێکی زۆر سارددا بۆنەی دەستبەکاربوونی بۆ رێکدەخرێت.
بەم سوێندخواردنەش ترەمپ دەبێت بە پیرترین سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی سوێندخواردندا، چونکە کاتی سوێندەکەی تەمەنی دەبێت بە 78 ساڵ و 220رۆژە. ئەمەش مانای وایە 159 رۆژ گەورترە لە تەمەنی جۆ بایدن لە کاتی سوێندخواردنەکەیدا.
ئۆرشەلیم پۆست
ئایا هۆکاری قایلبوونی حەماس بە ئاگربەست ئەوەبووە لە ترەمپ ترساون؟
رۆژی بیستی کانوونی دووەمی 1981 هەر بە چەند خولەکێک پاش ئەوەی رۆناڵد ریگان وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگی 727-200 ی جەزائیری لە تارانەوە فڕی، 53 هاووڵاتیی ئەمریکیی تێدابوو، کە لەلای تاران بارمتەبوون و رزگاری کردن.
ئەم بارمتانە 444 رۆژ بوو لەناو باڵوێزخانەی ئەمریکادا لە تاران دەستگیرکرابوون و کرابوون بە بارمتە. لەلایەن شۆڕشگێڕانی سەر بە خوێندکارانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوون، کە نەوەیەکی نوێ بوون و دروشمی دژ بە رۆژئاوایان بەرزکردبۆوە، هیچ ئومێدێک نەبوو لەژێڕ دەستەڵاتی ئیمام خومەینیدا ئازادبکرێن. بەڵام کە ریگان سوێندی خوارد، ئاسانتر ئازادیان کردن. ئەم بارودۆخەی ئێستای حەماسیش زۆر لەو مێژووەی سەردەمی خومەینی دەچێت.
گاردیەن
تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغەدەکرێت و ئیتر لەوێ ناکرێتەوە
درەنگانێکی رۆژی یەکشەممە تیکتۆک لەناو ئەمریکادا لەکاروەستا. راگرتنەکەی بە کاتێکی کەم لەپێشی دەرچوونی بڕیارێکی فیدراڵیی ئەمریکییەوە بوو کە قەدەغەی خستە سەر ئەم ئەپڵیکەیشنەی لەلایەن چینەوە خاوەندارێتیی دەکرێت.
ئیتر لە ئەمریکادا ئەم ئەپڵیکەیشنە لەناو سیستمی ئایۆسی ئەپڵ و گوگڵ پلەیدا بەردەست نابن بۆ دابەزاندن.
مانگی نیسانی رابردوو کۆنگرسی ئەمریکا یاسایەکی دەرکرد، بەپێی ئەو یاسایە دەبوو کۆمپانیای بایتدانس تیکتۆک بفرۆشێت بە لایەنێکی تر کە چینی نەبێت، یان ئەوەتا بە یەکجاری لە ئەمریکادا دادەخرێت. ئەوەبوو دواجار بژاردەی دووەمیان کارپێکرا.. تیکتۆکیش دەڵێت ئەم بڕیارە نە لەڕووی بازرگانی و نە لەڕووی تەکنەلۆژی و یاسایی، لە هیچ ئاستێکیاندا شیاو نییە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە یەکەم رۆژی ئاگربەست و گەڕانەوەیاندا ئاوارەکانى غەزە توشى شۆک بوون
دواى ئەوەى دوێنێ ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەزاران هاووڵاتى غەزە گەڕانەوە شارەکەیان، بەڵام کاتێک وێرانکارییەکانى شارەکەیان بینى توشى شۆک بوون، هاووڵاتییان تا ئەو کاتەى بە چاوى خۆیان وێرانکارییەکانیان نەبینى باوەڕیان نەدەکرد ئیسرائیل ئەو کارەساتەى بەسەر شارەکەیاندا هێنابێت.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت نوسیویەتى، بەشێکى زۆر لە هاووڵاتیان ماڵى خۆیان بۆ نەدەدۆزرایەوە، یەکێک لە هاووڵاتیان دەڵێت کەمێک پێش چوونە دەرەوەى هێزەکانى ئیسراسیل لە جەبالیا، خانوەکەیان تەقێنراوەتەوە و بەردی بەسەر بەردیەوە نەهێڵراوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، شەقام و کۆڵانەکان بە شێوەیەک وێرانکراون کە رێگە بە تێپەڕبوونى هیچ ئۆتۆمبێلێک نادات. ئاماژەى بەوەشکردووە ئیسرائیل ژێرخانى شارەکەى هەڵتەکاندووە، نە ئاو و ئاوەڕۆی هێشتووە نە بنکەیەکى تەندروستى و نە قوتابخانە و شوێنێکى گشتى، ئامانجیشی ئەوە بووە بەو ئاسانییە ژیان لە غەزە ئاسایی نەبێتەوە.
عەرەب
دۆخی رۆژاڤا بەندە بە رێککەوتنى ئەنقەرە و واشنتنەوە
چارەنووسى هێزی سەربازیی کورد لە رۆژاڤاى کوردستان هێشتا بە تەواوى روون نییە و چاودێرانیش باوەڕیان وایە کێشەکە لە رێککەوتنێکى نێوان تورکیا و ئەمریکادا یەکلایی دەبێتەوە، ئەوە لەکاتێکدا ئیدارەى نوێی سوریا رەتیدەکاتەوە هێزى چەکدار لە دەرەوەى حکومەت بوونى هەبێت.
مورهیف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سوریاى نوێ رایگەیاندووە، نابێت کورد بە تەنها لە دەرەوەى دامەزراوەى سەربازیی سوریاوە خاوەنى هێزى چەکدار بێت و سەرکردەکانى هەسەدەش جەخت دەکەنەوە کە ئەوانیش بە تەنها ناچنە نێو پرۆسەکەوە، ئەبو قەسرە بە ئاژانسى رۆیتەرزی راگەیاندوە، سەرکردەکانى هەسەدە دەستى دەستى دەکەن و نایانەوێت لەگەڵ سوپا تێکەڵ ببن.
مەدا
بەهۆی مامەڵەى “سو”وەوە 62 کەس لە دیالە خۆیان کوشتووە
سەڵاح مەهدی بەڕێوەبەرى کۆمیسیۆنی مافەکانى مرۆڤ لە پارێزگای دیالە ئاماری ئەو کەسانەى بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی 2024دا لە پارێزگاکەیان خۆیان کوشتووە و رایگەیاندووە، لەو ساڵەدا 62 کەس خۆیان کوشتووە و رێژەکەش لەنێوان ژنان و پیاواندا یەکسان بووە و زۆرینەشیان تەمەنیان لە خواری 35 ساڵییەوە بووە.
بەڕێوەبەری کۆمیسۆنی مافى مرۆڤی دیالە هۆکارەکانى خۆکوشتنى بۆ خیانەتى هاوسەریی، مادەى هۆشبەر و مادەى کحولی، فشارى تاقیکردنەوەکان و کێشەى ئابووری گەڕاندووەتەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ساڵی 2024دا پاساوێکى خۆکوشتن دەرکەوتووە کە پێشتر بوونى نەبووە، ئەویش کێشەى مامەڵە داراییەکانە بە شێوەى سوو، بەگوێرەى گوتەکانى ئەو بەرپرسە، لە پارێزگاکەیاندا مامەڵەکردن بە شێوەی سوو زۆر زیادیکردووە و رێژەى وەرگرتنى سووەکە کاریگەریی قورس دەخاتە سەریان و دواجار پەنا بۆ خۆکوژیی دەبەن.
بڵاوبوونەوەى ئەو ژمارە زۆرەى خۆکوژیی لەکاتێکدایە وەک بەرپرسەکەى دیالە دەڵێت، دەیان حاڵەت پێش لە چرکەساتى کۆتایی خۆکوشتنیان بە هۆکاری جیاواز شکستى هێناوە، یان رێگرییان لێکراوە یان برینداربوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، بەشێکیش لە کەسوکاری کوژراوەکان لەبەر هۆکاری ناوبانگی کۆمەڵایەتى بابەتەکە دەشارنەوە و ناڵێن خۆکوژیی بووە.
سەباح
100 یاداشتى تێگەیشتن لەنێوان زانکۆکانى عێراق و ئێراندا واژۆکرا
وەزارەتى خوێندنى باڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کە دوێنێ لەنێوان هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق و ئێران 100 یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنیان بە ئامانجی پەرەپێدانى بوارە جۆراوجۆرە زانستییەکان واژۆکردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە بوارەکانى ئاڵوگۆڕی زانستیى تەکنۆلۆجیا، راهێنان و کردنەوەى خول، گۆڕینەوەى بابەتە زانستییەکان لەنێوان خوێندکارانى زانکۆکانی هەردوولا، پەرەپێدانى زانستى نوێ لە رێگەى ئاڵوگۆڕیی نێوان زانکۆکان بەتایبەتى لە بوارەکانى ئابوری و زانستى و کردنەوەى باخچەى هاوبەشى زانستى و تەکنیکی لەنێوان زانکۆکاندا، لە بەیاننامەکەدا هاتووە زانکۆکانی هەردوولا بۆیان هەیە سەرپەرشتى توێژینەوەى زانستى هاوبەش بکەن لەگەڵ ئاڵوگۆڕی پرۆگرامەکانى خوێندن و پێدانى کورسی خوێندن بۆ هەردوولا.