زووم..
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە ئاسمان و زەوییەوە بەردەوام بوون لە ناردنی سەرباز و چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتوو و پێداویستیی سەربازی بۆ رۆژاڤا.
هەر لەو ماوەیەدا، 16 فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکی، کە سەرباز و چەکە و تەقەمەنییان پێبووە، لە بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە رۆژاڤا نیشتوونەتەوە و 197 بارهەڵگری پڕ لە چەک و تەقەمەنییش گەیەندراونەتە ناوچەکانی رۆژاڤا، بەشێکیان رەوانەی کۆبانێ کراون و زۆرینەیان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوون.
سەرەڕای ناردنی چەک و تەقەمەنی بە فڕۆکە و بارهەڵگری سەربازی، هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکانیان، مەشق و راهێنانە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هەسەدە فراوانتر کردووە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بکرێتە سەریان، جگە لەوەی هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەڵامی چەند هێرشێکی درۆنیان داوەتەوە کە کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان.