زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییەی سعودی گوتی، هەوڵی کۆپیکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان نادەن و لە دیدارەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی رێگاکانی راگرتنی هێرشەکانی تورکیای کردووە و بۆ ئەمەبەستەش داوای نێوەندگری لێ کردووە.
لەبارەی سوریاوە دەڵێ، لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریان و پێویستە دەستوور زامنی مافەکانی کورد لە سوریا بکات، گوتووشیەتی، دژی دوو سوپایین و دەیانەوێت بەشێک بن لە سوپای داهاتووی سوریا، بەڵام هێزەکانیان هەڵناوەشێننەوە.
عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە سوریا و دەڵێ، پێویستە بمێننەوە، داواشیان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە سزاکانی سەر تورکیا چالاک بکاتەوە.
سەبارەت بە تورکیا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ چارە بکەن و ئەمریکییەکانیش دەتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن. بەڵام تورکیا دەیەوێت لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا پێگەی خۆی فراوان بکات.
مەزڵوم عەبدی باسی لەوە کردووە خۆیان درۆن دروست دەکەن و دەشتوانن درۆنەکانی تورکیا بخەنە خوارەوە و تاوەکو ئێستاش شەش دانەیان لێ خستوونەتە خوارەوە.
هاوکات سەبارەت بە ئێران، عەبدی ئاماژەی بەوەداوە پەیوەندییان لەگەڵیاندا نییە و ئێران بەشێک بووە لە قەیرانی سوریا و بەربەستی بەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە.