زووم..
لە دژی ئاگربەستی غەزە، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل و ئەندامانی حزبەکەى لەکابینەکەى بنیامین نەتەنیاهۆ دەستیان لەکارکێشایەوە.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پریس، ئیتمار بن غەفیر، سەرۆکى پارتى راستڕەوی توندڕەو، لەگەڵ دوو وەزیری دیکە کە ئەندامى حزبەکەین، لە کابینەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوزیرانى ئیسرائیل دەستیان لەکار کێشایەوە.
ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بن غەفیر توڕە و نیگەرانە لە رێککەوتنى ئاگربەستى جەنگی غەزە، لە رۆژانى رابردووشدا بن غەفیر هەڕەشەى ئەو دەستلەکارکێشانەوەیەى کردبوو.
بن غەفیر کە بە کەسێتییەکی توندڕەو ئەژماردەکرێت، لەگەڵ ئاگربەستی جەنگی غەزەدا نەبووە، پێیوایە ئاگربەست هەلێکی دیکە دەخاتەوە بەردەم بزووتنەوەى حەماس بکەوێتەوە سەرپێ و بەهێزببێتەوە.
بن غەفیر بە میدیا ئیسرائیلییەکانى گوتبوو، جەنگەکە بۆ لەناوبردنى حەماس دەستیپێکردووە و دەشبێت بە لەناوچوونى حەماس بوەستێت.