زووم..
پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە، بە پەسەندکردنی هەموارەکە دەبێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پێنج پڕۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێت، ئەوانیش پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجە، پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ کەرتی تایبەت و تێکەڵ، پڕۆژەیاسای سەندیکای پرۆگرامەرانی عێراق و پڕۆژەیاسای هەمواری بڕوانامە و پلەی زانستی.
بەگوێرەی کارنامەکە، سێ تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی رێکخستنی کرێ لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەستەی چاودێریی داهاتەکانی فیدراڵی و پاراستنی مافی کەمینەکان.