زووم..
بەیانى ئەمڕۆ کاتژمێر هەشت و نیو بەکاتى فەلەستین و نۆ و نیو بە کاتى هەرێمى کوردستان، رێککەوتنى ئاگربەستى غەزە دوای زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیسرائیلیش دەڵێت، ئاگربەستەکە کاتییە و ئەگەر پێویستبکات جەنگ دەستپێدەکەینەوە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنى فەرمیی ئیسرائیلدا گوتى، هەموو ئەو زیندانیکراوانەى کەرتى غەزە بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئازاددەکرێن و قۆناغی یەکەمی رێکەوتنی ئاگربەستەکە 42 رۆژ دەخایەنێت و ئاگربەستێکی کاتییە.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، نەتەنیاهۆ گوتوشیەتى، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بە پشتیوانی ئەمریکا، لە سەروبەندی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا ئەگەر پێویست بکات جەنگ لە غەزە دەستپێبکاتەوە.
ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاددەکرێن، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 737 زیندانیکراوى فەلەستینی ئازاد دەکات.
بەگوێرەى قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە، جگە لە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، ئیسرائیل لە ناوچە چڕەکانی دانیشتوانی کەرتی غەزە دەکشێتەوە و رۆژانە 600 بارهەڵگر لە هاوکارییە مرۆییەکان دەچێتە ناو کەرتەکەوە.