زووم..
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردووەتەوە، حکومەتى عێراق ساڵى رابردوو سەرکەوتوو بووە لە پلانى پەرەپێدانى پارەدانى ئەلیکترۆنى، تەنیا لە فەرمانگەکانى حکومەت هاووڵاتیان بۆ راییکردنى مامەڵەکانیان و پارەى خزمەتگوزارییەکان 10 ترلیۆن دیناریان بە رێگەى پارەدانى ئەلیکترۆنى داوە.
خالید جابرى، نوێنەرى لیژنەى تایبەت بە پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنى پارەدانى ئەلیکترۆنى پەیوەست بە ئەنجومەنى وەزیران بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، تیمى پەیوەندییەکانى حکومەت لەگەڵ بانکى ناوەندى و کۆمپانیاکانى راسپێردراو بۆ خزمەتگوزارییەکە هەماهەنگی دەکەن بۆ دروستکردنى کارتى بانکى بۆ خوێندکاران کە دەچێتە چوارچێوەى سیستمێکى پارەدانى یەکگرتوو بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەک ئەو کارتى بانکییەى کە بۆیان دروستدەکرێت لە 140 وڵات دەتوانرێت کارى پێبکرێت.
خالید جابرى گوتووشیەتى، پلانەکەى حکومەت زۆر بەباشى دەڕوات، ساڵى رابردوو 10 ترلیۆن دینار هاتوچۆى پارە لە کەرتى حکومى بە رێگەى ئەلیکترۆنى بووە، بۆ ئەمساڵ پلانیان هەیە بە رێژەى لەسەدا 30 بۆ 40 زیادى بکەن.
عەدنان ئەلعەرەبى، جێگرى سەرۆکى تیمى پەیوەندییەکانى حکومەت دەڵێت، بانکى ناوەندیى عێراق و 35 کۆمپانیا راسپێردراون بۆ کارى دروستکردنى کارتى بانکى و پەرەپێدانى پارەدانى ئەلیکترۆنى، بۆئەوەى سەرجەم مامەڵەکان لە عێراق بکەن بە ئەلیکترۆنى و چیتر پارەى کاش بەکارنەهێنرێت.