رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
وەزیری دەرەوەى عێراق: ئەرکی عێراق لە پاراستنى هاوسەنگی هێزەکاندا زۆر قورسە
فوئاد حسێن وەزیرى دەورەى عێراق لە گفتوگۆیەکى رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقلئەوسەت رایگەیاندووە، دەتوانم بڵێم عێراق لە جەنگ دەربازی بووە بەڵام هێشتا مەترسیەکانى لە ئارادا ماون.
جیهان چاوى لەسەر ئێمەیە هەر یەکەیان بەو شێوەی خۆی، بەڵام عێراق گیرۆدەى دەستى گرووپە چەکدارەکانە، چارەسەرکردنیشى بەس بە خۆی دەکرێت، ئیتر پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبێت یان نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە سەریان نە عێراق و نە ئێرانیش ناتوانن بیانپارێزن.
سەبارەت بە گەڕانەوە ترەمپیش بۆ کۆشکی سپی فوئاد حسێن رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ ئێران گەورەترین دۆسیەى ناوچەکەدەبێت و عێراقیش لەو نێوەندەدا کاریگەریی گەورەى بەردەکەوێت، سەبارەت بە پەیوەندییەکانى عێراقیش لەو دۆخە ئاڵۆزەى ناوچەکەى تێکەوتووە فوئاد حسێن رایگەیاندووە، ئەرکێکى زۆر قورسمان لەسەرە سەرەڕای کێشە ناوخۆییەکان دەبێت ئاگامان لە هەموو هێزەکان بێت، ئەمریکا و روسیا، ئیسرائیل و فەلەستین و ئێران، هاوسەنگی کارێکى دبلۆماسییانەى قورسى دەوێت. بەڵام ئەوەى گرنگە بە تارانمان گوتووە کاروبارى گرووپە چەکدارەکان بابەتێکى ناوخۆییە و دەبێت خۆمان چارەسەری بکەین.

سەباح
بەغداد مامەڵەکردن بە کارتى ئەلیکترۆنی دەکاتە ناچاریی
دیوانى چاودێریی دارایی رایگەیاند، حکومەت لە ئەزموونى کارکردن بە کارتى ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەکردن لەنێو دامەزراوەکانیدا سەرکەوتوو بووە.ساڵی رابورد 10 ترلیۆن دینار بەڕێگەى کارتى بانکی لە کەرتى حکومیدا کاری پێکراوە.
خالد جابری ئەندامی لیژنەی تایبەتى چاودێریکردنى پرۆسەکە بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە، لەمساڵدا بەڕێژى 30% بۆ 40% مامەڵەکردن بەرزدەکەینەوە، بەتایبەتى لە بوارى پارەدان بە حکومەتدا.
عەدنان عەرەبی جێگری سەرۆکی تیمى سەرپەرشتیارى پرۆسەکە رایگەیاندووە، 35 کۆمپانیاى جۆراوجۆرى شارەزا لە بوارەکەدا کاردەکەن، راشیگەیاندووە کۆتایی ئەمساڵ کۆتا وادەیە بۆ هەندێک لە دامەزراوە ناحکومییەکانیش کە دەبێت کار بە سیستمى بانکی بکەن لەوانەش دەرمانخانەکان، کۆمپانیاکانیش ئامادەیی تەواویان دەربڕیوە حسابی بانکیش بۆ ئەو خوێندکارانەش بکەنەوە کە تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 17 ساڵیدایە ، لە میانەیەدا قەیسەر غازی جێگری سەرۆکی دیوانى چاودێریی دارایی عێراق رایگەیاندووە یەک سیستمى ژمێریاری بۆ ساڵی 2026 پەیڕەودەکرێت.

مەدا
لە پارێزگای موسەنا حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە و روفاتى 155 ئەنفالکراو دەرهێنرانەوە
دەزگاى شەهیدانى عێراق بڵاویکردەوە، لە تەپۆڵکەکانى شێخەى سەر بە پارێزگاى موسەنا روفاتى 155 کەسی ئەنفالکراویان دۆزیوەتەوە کە هەموویان ژن و منداڵی کوردن و لە کاتى پرۆسەى ئەنفالەکانى دژ بەکورد پێکەوە خراونەتە ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە کە دەکەوێتە تەپۆڵکەکانی شێخەن لە دەشتى سەماوە.
لە راگەیەنراوەکەى دەزگاى شەهیدانى عێراقدا هاتووە هەڵکەن و دەرهێنان جیاکردنەوە بۆ روفاتەکانى کراوە و لەم ماوەیەدا رادەستى پزیشکیی دادیان دەکەن بۆ وەرگرتنى سامپڵ لەو روفتانە بە مەبەستى ناسینەوەی کەسەکان، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە حەوت گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لە ناوچەکەدا هەن خراونەتە ریزبەندییەوە بۆ ئەوەى کاری هەڵکەندن و دەرهێنان و جیاکردنەوەیان بۆ بکرێت.
لە راگەیەنراوەکەى دەزگاى شەهیداندا هاتووە گومان دەکەن جگە لەو حەوت گۆڕە بەکۆمەڵە گۆری دیکەى تێدابێت کە هەموویان دەگەڕینەوە بۆ پرۆسەى ئەنفالەکانى کوردستان لە ساڵی 1988 کە لە لایەن رژێمى پێشوەوە ئەنجام دراوە.

عەرەبی جەدید
یار و نەیار چاوەڕوانى ترەمپن
چاوى هەموو جیهان لە سەر سبەینێی ئەمریکاو کوشکى سپی و چرکەساتەکانى دەستپێکی سەرۆکایەتى نوێی دۆناڵد ترەمپن.
میدیاکان باس لەوە دەکەن ئەمریکاى دواى دووشەممە 20ـى کانوونی دووەم نەک لە ئەمریکاى سەردەمی بایدن ناچێت، بەڵکو جیاوازیش دەبێت.
لە ئەمریکاکەى خولى یەکەمى سەرۆکایەتى خودی ترەمپیش، بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان هەژموونى کۆمارییەکان بەسەر ئەنجومەنى پیران و هێنانە پێشەوەى سەرمایەدارەکانى ئەمریکا و پۆپۆلیستەکان لە سەردەمی نوێدا بوونەتە هۆکارى ئەوەى جیهان چاوى لەسەر گۆڕانکارییەکان بێت، ئەوە لە کاتێکدا جیهان لە نێو چەندین کێشەى ئابووری و سیاسی و جەنگی خوێناویدایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە مەراسیمی سوێندخواردنى ترەمپ بەشیوەیەکى ئاسایی بەڕێوەدەچێت و هیچ شۆکێکى تێدا نابێت، رۆژنامەکان باس لەوە دەکەن ئەو گەرمییەى چاوەڕێ دەکرێت بەرۆکی جیهان بگرێت لە کەشوهەوایەکی زۆر
سارددا ئەنجام دەدرێت، رۆژنامەکان باس لەوە دەکەن یار و نەیاری ترەمپ لە چاوەڕوانى چوار ساڵی دەسەڵاتى سەرۆکە نوێیەکەى ئەمریکادان.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
حکومەتی ئێران ساڵانە 127 ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی وزە تەرخان دەکات
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، کە حکومەت ساڵانە 127 ملیار دۆلار یارمەتی شاراوە دەداتە خەڵک، ئەوەش یەک لەسەر سێی بەرهەمی گشتیی نیشتمانیە کە دابەش دەکرێت.
شەهرام دەبیری گوتی، “یارمەتی شاراوەی حکومەتی ئێران بۆ دابەزاندنی نرخی وزە بووە بە هۆکاری قاچاخی وزە بەرەو وڵاتانی دراوسێ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت هەوڵدەدات بەکارهێنانی وزە کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی پیشەسازییەکان تووشی کێشە نەبنەوە بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
باختەر
860 گوندی پارێزگای کرماشان تووشی قەیرانی ئاو بوون
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەلێت، زیاتر لە 860 گوندی ئەو پارێزگایە تووشی قەیرانی ئاو بوونەتەوە.
بەگوتەی ڕەزا داوودی گوندەکان دەکەونە سێ بەش، ئەو گوندانەی کە بۆری ئاویان بۆ نەکێشراوە، ئەو گوندانەی سەچاوەکانی ئاویان سنووردارە و ئەو گوندانەی کە سیستەمی ئاوەکەیان کۆن بووە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دوو گرێبەست بە بودجەی 27 ملیۆن دۆلار واژۆ کراوە کە لە گرێبەستی یەکەمدا 349 گوند و لە گرێبەستی دووەمدا 511 گوند لەخۆدەگرێت.

ئارمانی ئێمروز
بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە نێو خوێندکارانی کچ رووی لە زیادبوونە
سومەیە ئیبراهیمی، بەڕێوبەری گشتی کاروباری پەروەردەیی له وەزارەتی پەروەردەی ئێران رایگەیاند، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بووەتە کێشەیەکی جیددی لای خوێندکارانی ئێرانی.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلەکترۆنی بەتایبەت لە قوتابخانەکانی کچان زۆره و بەردەوام روو لە زیادبوونیش دەکات.
ئیبراهیمی ئاماژە بەوە دەکات مێرمنداڵان بەهۆی ریکلامی سەرنجڕاکێش و هەرزانبوونی ئەمجۆرە جگەرەیه رووی تێدەکەن.
دەشڵێت نەبوونی راوێژکار و یاریدەدەری پسپۆڕ لە قوتابخانەکاندا ئەم کێشەیەی زیاتر کردووە.

ئەفکار
ئێران و روسیا رێککەوتن دراوی نیشتمانی بکەنە جێگرەوەی دۆلاری ئەمریکی
دوابەدوای سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ روسیا، رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا کە یارمەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دارایی و بانکییەکانی نێوان هەردوولا دەدات.
بەگوێرەی ئەم رێکەوتنە، هەردوو وڵات بەرەو بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان لە بازرگانی دوو قۆڵیدا و بەهێزکردنی هاوکارییە بانکییەکان هەنگاو دەنێن.
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم رێکەوتنە بریتییە لە کارپێکردنی سیستەمی پارەدانی دوولایەنە، کە یارمەتیدەرە بۆ لەناوبردنی دۆلار و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سزاکان.
هەروەها بە بەستنەوەی تۆڕی دیجیتاڵی کارتی بانکی ئێران و رووسیا، دەکرێت رۆبڵ لە ئێران و تمەن لە رووسیا مامەڵەیان پێ بکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت
ئەردۆغان لەیەککاتدا پەیامێکی بۆ ئیمراڵی و جەهەپە هەبوو
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لەمیانەى پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆنگرەى پارتەکەیى لە شاری ئەدەنە رایگەیاند، ئەگەر بێت و پەکەکە گوێڕایەڵی بانگەوازی ئیمراڵی بێت بۆ مەسەلەی چەک دانان ئەوا دەکرێت کێشەکانمان بە رێگەى سیاسەت و چارەسەر بکەین نەوەک بە ئۆپراسیۆن.
هاوکات ئەردۆغان دەربارەی کەمپینەکەى ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی جەهەپە بە نیشاندانی کارتی سور بۆ دەسەڵاتی ئاک پارتی گوتی، کەسێک کەمپینی بەرزکردنەوەى کارتی سووری راگەیاندووە هەموان دەزانن کارتی سور نیشانی کێ دراوە. من 20 ساڵ یاریزانی دوو گۆڵی بووم هیچ کاتێک کارتی سورم نیشاننەدراوە.
یەنی بیرلیک
زنجیرەى تورکیی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە
زنجیرەى تورکی، تادێت وەک کەرتێکی تایبەت و گشتگیر فراوانتر دەبێت لەسەر ئاستی وڵاتان کڕینی زنجیرە تورکییەکان زیادبووە.
لە ساڵی 2024 دا نزیکەى 300 زنجیرە بە وڵاتانی دەرەوە فرۆشراوە و 500 ملیۆن دۆلار داهاتى هەبووە. ئەو زنجیرانە لە 150 وڵات نمایش کراون لە وڵاتانی عەرەبییەوە تاکوو ئەمریکای لاتین زنجیرەى تورکیی بازاڕ گەرمیی هەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نزیکەى 200 زنجیرەى تورکیی نمایش دەکرێن.

یەنی ئاسیا
سوریا گومرگ لەسەر کاڵای تورکییەکان زیاددەکات
ئیدارەى نوێی سوریا باجی لەسەر ئەو کاڵایانە زیادکرد کە لە تورکیاوە دەهێنرێت بۆ وڵاتەکەى. بەگوێرەى زانیارییەکان زیادکردنی باج بە رێژەى نێوان 300٪ بۆ 500٪ زیادکراوە.
هاوکات بەهۆی دەستپێکردنەوەى ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسی لە خاڵە سنورییەکان قەرەباڵەخییەکی زۆر دروست بووە و بارهەڵگرەکان بە درێژایی شەش کیلۆمەتر نۆرەیان گرتووە لە سنور بارەکەیان بپەڕێننەوە.
یەنیچاخ
پیشەی بەقاڵی بەرەونەمان دەچێت
ئیسماعیل کەسکین سەرۆکی ژووری بەقاڵەکانی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، بەهۆی کردنەوەی زنجیرە مارکێت و مۆڵەکان تادێت کاریگەریی لەسەر پیشەی بەقاڵی زیاتر دروست دەکات بە ئەندازەى ئەوەی بەقاڵەکان دەڕابەکانیان بۆ هەتاسەر دابخەن.
بەقاڵەکان دەڵێن ناتوانین رکابەریی لەگەڵ سەرمایەدارییدا بکەین ئەوەی ئێمەى هێشتۆتەوە خۆشەویستی و ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان ئێمە و کڕیارەکانماندا ماوەتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ لە رۆژی یەکەمی دەستەڵاتەکەیەوە دەستدەکات بە ناردنەوەی پەنابەران
هەر لە رۆژی یەکەمی پاش گەیشتنی بە نوسینگەی سەرۆکایەتی، ترەمپ دەستدەکات بە ناردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی.
ئەفسەر و پۆلیسی تایبەتمەند بە ناردنەوەی پەنابەران لەو رۆژەوە لە ویلایەتی چیکاگۆ و شارەکانی تری روەوە لای چەپی وڵاتەکە دەست بە کاری خۆیان دەکەن. کارەکەی ئەوان بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی ترەمپ کە گوتویەتی یەک ملیۆن پەنابەری نایاسایی لەو وڵاتە دەردەکات.
سەندەی تایمز
لە هەر سێ خوێندکار یەکیان لە کاتی تاقیکردنەوە گشتییەکاندا داوای کاتی زیاتردەکات
لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی ئەمساڵدا لەناوخۆی بەریتانیا نزیکەی 420 هەزار خوێندکاری خوێندنی کۆتاساڵی ئامادەیی و قۆناغی ئەیی زانکۆکان داوای وەرگرتنی کاتی زیاتریان کردووە. ئەم ژمارەیەی ئێستا چوارهێندەی ژمارەی ئەو خوێندکارانەیە، کە لە دەساڵی پێش ئێستادا داوای وەرگرتنی ئەو کاتەیان دەکرد. رێژەکەی ئەم خوێندکارانە لەبەرامبەر کۆی گشتیدا ئێستا گەشتوە بە 30٪ بەلام لە ساڵی 2016ـدا ئەو رێژەیە 16٪ بووە. رەنگە هۆکاری ئەوەش زۆربوونی ژمارەی خوێندنگە تایبەتەکان بێت.

ئێف تی ویکئەند
ستامەر ستایشی هاوڕێیەتیی ترەمپ دەکات
سەرۆکوەزیران بڕوای بەوەهەیە بتوانن پێکەوە پەیوەندییەکی بونیادنەرانە دابڕێژن، چاوی لەسەرئەوەیە بتوانێت گرێبەستێکی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا بباتەوە.
سێر کێیە ستامەر رایگەیاند، توانیویەتی گرێبەستێکی بازرگانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئیمزابکات، بەبێ ئەوەی باجی زیادەی تر بەسەر بەریتانیدا بسەپێندرێت.
ترەمپ بەڵێنیداوە رێگەنەدات ئیلۆن مەسک هێندە رەخنە لە ئیدارەکەی ستامەر بگرێت.
رۆژنامەی تایمز دیدارێکی لەگەڵ ستامەردا ئەنجامداوە. لەودیدارەدا گوتویەتی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی ترەمپ نەک هەر کێشە بۆ ئیدارەکەی ستامەر دروستناکات، بەڵکو کار لەسەر ئەوەش دەکەن پەیوەندییەکی بونیادنەرانە پێکەوە دابمەزرێنن. پارەدارییەکەی ئیلۆن مەسک کاریگەریی نەرێنی نەخاتە سەر حکومەتی بەریتانیا.

ئیندیپێندەنت
ئاگربەستەکەی غەزە بەسەر دەمی تیژی چەقۆوەیە
خێزان و کەسوکاری بە بارمتەگیراوەکان شەوی رابوردوو خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، پشتگیرییان لە بەئاکامگەیشتنی ئاگربەستەکە کرد.
هەردوولایەنە بەشەڕهاتووەکە چاویان لەسەر ئەمڕۆیە، کە ئەو رێککەوتنە مێژووییەی ئاشتی لەنێوانیاندا ئیمزابکرێت. بنیامین نەتانیاهۆ هۆشداریی داوە بە حەماس و پێیگوتوون، کە ئەگەر لیستێکیان بە ناوی هەموو بارمتەکان بۆ نەنێرن، کە دەبێت ئازادیان بکەن، ئەوا ئیسرائیل ئەو مافە بە خۆی دەدات کە بگەڕێتەوە ناو بەرەی جەنگ و شەڕەکە دەست پێبکاتەوە.
کەسوکاری بارمتەکان چاویان لەسەر ئەوەیە ئەمڕۆ دیلەکانیان ئازادبکرێن. بەڵام دوودڵیشن نازانن ئایا خۆیان بۆ ئاهەنگگێڕان ئامادەبکەن یان بۆ پرسەدانان، چونکە بارودۆخەکانی چەند کاتژمێرێکی پێشی ئیمزاکردنی ئاگربەستەکە، بارگرژییەکان زۆر قورس بوون.