زووم..
دۆناڵد ترەمپ وەک 47ـهەمین سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە سوێندی یاسایی دەخوات و بۆ دووەم جار ئەو پۆستە وەردەگرێت کە میدیاکانی ئەمریکا بە گەورەترین گەڕانەوەی سیاسیی لە مێژووی وڵاتەکە ناوزەندی دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی داوە هەر لە رۆژی یەکەمەوە چەندین فەرمانی سەرۆکایەتی دەربکات کە مشتومڕێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنیت، کە گرینگترینیان دیپۆرتکردنەوەی بەلیشاوی پەنابەران و باج خستنەسەر کەلوپەلی هاوردە و هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکایە.
کەی دەستپێدەکات؟
بڕیارە سبەی دووشەممە 20-01-2025 رێوڕەسمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەبچێت و لە کاتژمێر 5:00ـی بەرەبەیان بە کاتی ئەمریکا و 01:00ـی دوانیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان دەروازەی کاپیتۆڵ هیڵ (باڵەخانەی کۆنگرێس) بۆ بەشداربووان بکرێنەوە و دوای چەند کاتژمێرێکی دیکەش نمایشی میوزیک دەستپێدەکات.
بەڕێوبەرانی بۆنەکە 220 هەزار بلیتیان چاپکردووە بۆ ئامادەبووان و لە کاتژمێر 12:00ـی دوانیوەڕۆ بەکاتی ئەمریکا و 8:00ـی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستاودەستکردنی دەسەڵات و سوێندخواردنی ترەمپ دەستپێدەکات.
کێ ئامادە دەبێت؟
بڕیاربوو بۆنەکە لە دەرەوەی باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی سەرما و سۆڵە و دابەزینی پلەی گەرما بۆنەکە لەنێو باڵەخانەکە دەکرێت.
بەپێچەوانەی ترەمپ، کە لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن لە ساڵی 2021 ئامادە نەبوو، سەرۆکی کاربەڕێکەری ئەمریکا بڕیاریداوە لە رێورەسمەکە بەشداربێت.
جگە لە بایدن چەند سەرکردە و سەرۆکی وڵاتێکی دیکە بەشدار دەبن کە ترەمپ بۆ یەکەمجار بانگیشتی کردوون. ئەمە جگە لە سەرۆکانی پێشووی ئەمریکا وەک، باراک ئۆباما و جۆرج بۆشی کوڕ.
کۆمەڵێک کەسایەتی گەورە و دیاریی بازرگانیش بەشدار دەبن، لەوانە: ئیلۆن مەسک خاوەنی سپەیس ئێکس، مارک زوکەربێرگ بەڕێوبەری جێبەجێکاری مێتا، تیم کووک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ، هەروەها جێف بەیزۆز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەمازۆن.
کێ بۆنەکە بەڕێوە دەبات و چەندی تێدەچێت؟
بۆنەکە لەلایەن لیژنەی سوێندخواردنی ترەمپەوە بەڕێوەدەبرێت کە چەند هاوپەیمان و نزیکێکی خۆی سەرپەرشتی دەکەن.
ئەم لیژنەیە بەرپرسە لە خەرجی تەواوی رێوڕەسمەکە، جگە لە بۆنەی سوێندخواردنەکە کە لەلایەن حکومەتەوە خەرجی بۆ تەرخان دەکرێت.
تا ئێستا ئەو لیژنەیە 170 ملیۆن دۆلاری لە کەسانی سیاسی و بارزگان کۆکردووەتەوە، جاری پێشووش کاتێک ترەمپ بووە سەرۆک لە 2016، 106 ملیۆن دۆلار بۆ بۆنەی سوێندخواردنەکەی خەرجکرا.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا چی دەڵێت؟
ترەمپ پێشتر ئاشکرایکردووە کە لە گوتاری سوێندخواردنی تیشک دەخاتەسەر یەکگرتوویی خەڵکی ئەمریکا و گوتوویەتی: باسی یەکگرتوویی و سەرکەوتن دەکەین، باسی پاراستنی وڵاتەکەمان دەکەین، باسی دەرکردنی ئەو خەڵکانە دەکەین کە پێویست ناکات لە وڵاتەکەمان بن، دەبێت ئەوە بکەین، دەزانم کە ئەمەی دەیلێم قسەیەکی جوان نییە، بەڵام ناچارین بیکەن.
ئاژانسی رپۆیتەرز دەڵێت، هەر لە رۆژی یەکەمدا دۆناڵد ترەمپ 100 فەرمان واژۆ دەکات کە بەشێکی پەیوەندی بە پەنابەرانەوە هەیە و پۆلیس دەستکراوەتر دەکات بۆ دەستگیرکردنی پەنابەران و ناردنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان.
بەشێکی دیکەی فەرمانەکانی بریتین لە دەستپێکردنەوەی بنیادنانی دیوارە زەبەلاحەکەی سنووری ئەمریکا و مەکسیک بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
هاوکات چاوەڕێدەکرێت ترەمپ لیخۆشبوون بۆ بەشێک لەو ئەو تاوانبارانەش دەربکات کە لە هەڵکوتانەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس بەشداربوون لە 06-01-2021.
جگە لەمانە، ترەمپ پێشتر چەندینجار باسی لەوە کردووە کە ببێتەوە سەرۆک لەماوەی یەک رۆژدا جەنگی ئۆکراین رادەگرێت و میدیاکانی ئەمریکا چاویان لەوەیە کە ئایا دەتوانێت ئەو کارە زەحمەتە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجام بدات.